هومێڵز: بردنەوەی سێ تا چوار یاریی داهاتو هیچ واتایەکی نییە و نابێت پاڵی لێبدەینەوە

هومێڵز: بردنەوەی سێ تا چوار یاریی داهاتو هیچ واتایەکی نییە و نابێت پاڵی لێبدەینەوە


خەڵک – ماڵپەڕی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا

ماتس هومێڵز، بەرگریکاری پۆڵایینی ناسیوناڵ مانشافت و یانەی بوروسیا دۆرتمۆند چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئەنجام دەدات، تیایدا باس لەگەڕانەوەی یانە ڤیستیفالییەکەی دەکات لەم وەرزەدا و داواش لەهاوڕێیان و تەواوی ئەندامانی یانەکەی دەکات، بەهەمان نەفەس و ڕیتمەوە درێژە بدەنە کارەکانیان، هەموو ئەمانەش لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە بڕیار لەسەردراوەکان.

بەر لەڕوبەڕوبونەوەی مونشنگلادباخ راتگەیاند کە ئاستی دۆرتمۆند بەبەراورد لەگەڵ وەرزی ڕابردوو باش بووە، بەڵام وا دەردەکەوێت زۆریش باش بوبێت...

پێموابێت دوای یارییەکەی میونشنگلادباخ دەکرێت وا بڵێین، بەڵام لەکۆتاییدا ئەوە تەنها یارییەکە و هیچی تر، بێگومان هەست بە خۆشحاڵی دەکەین بۆ ئەو ئەنجامە گەورەیەی بەدەستمان هێنا، بەڵام ئەگەر لەیارییەکانی داهاتودا سەرکەوتو نەبین واتای هیچ شتێکمان نەکردووە، بەشێوازێکی جوان یارییمان کرد و هیوادارام بەردەوامی بەو ڕیتمە بدەین، ناکرێت لەدوای سەرکەوتنەکان پاڵی لێبدەینەوە.

شێوازی یارییکردنی یانەکەتت بە دڵ بوو؟

ئەو شێوازەی یاریی پێدەکەین پێیەکانی دۆرتمۆندی بەسەر ڕکابەراندا بڵند کردووە، ئامانجمان کۆنترۆڵکردنی وردو درشتی ڕوبەڕوبونەوەکانە و نابێت ڕێگە بەڕکابەر بدەین هەلی گۆڵکردن لەسەرمان دروست بکات تا ئەوکاتەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدەدات، نامانەوێت پشت بەچانس ببەستین و هەمیشە لەهەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانداین.

کاریگەری هێرشەکانی دۆرتمۆند لەسەر میونشنگلادباخ زۆر بەهێز بوون، ئەم وەرزە لەوەرزی ڕابردوو خێراترن، هۆکار چییە؟

لەهەموو ڕوویەکەوە بەسەر گلادباخدا سەرکەوتین، کاتێک تۆپ دەکەوتە نێو پێیەکانمان تەرکیزی تەواومان دەکرد و ڕێگەمان بەلەدەستدانی تۆپ نەدەدا، هاوشان لەگەڵ ئاستێکی بەرزی بەکۆمەڵ، ئێمە دەزانین کە هێشتا گلادباخ لەهەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیدایە، بێگومانیشم لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا زۆر باشتر دەردەکەون، کاتێک بەرەنگاری ئێمە بونەوە چوار بۆ پێنج یاریزانی سەرەکی و کاریگەریان لەدەستدا بوو، من هەمیشە وتومە و دەڵێمەوە ئەوەی ڕویدا تەنها یارییەکە و هیچی تر.

یەکەم دەرکەوتنی جولیان ڤایگڵ چۆن بوو بەلاتەوە؟

کارێکی گەورەی کردووە بۆیە بەرامبەر گلادباخ لەپێکهاتەکەدا جێگەی خۆیی کردەوە، ئەم جۆرە یاریزانانە لەهەموو ڕوویەکەوە کارئاسانی بۆ پێکهاتەی یانەکانیان دەکەن، لەیارییکردندا لەسەرخۆن و بێگومانم لەداهاتوودا زیادەیەکی بەهێز دەبێت و سودێکی بێوێنە دەبەخشێت.

ئایا بردنەوە لەگلادباخ، زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ یانە ڕکابەرەکانی تر؟

پێویستە بەردەوامی بدەینە ئەو ئاستە و جەخت لەگەڕانەوەمان بکەین بۆ سەر ئاستە ناوازەکەی پێشومان، وەرزی ڕابردوو لەسێ جەولەی سەرەتادا شەش خاڵمان کۆکردەوە، بەڵام دواتر کەوتینە گێژاوی ئەنجامە خراپەکان، لەبەرئەوەیە بردنەوەی سێ تا چوار یاریی دەستپێکی بۆندز لیگ هیچ واتایەک ناگەیەنێت، ئامانجی دۆرتمۆند ئەوەیە لەخولی ناوخۆی ئەڵمانیا ویوروپا لیگ و لە ٣٤ یاریی داهاتودا بەهەمان ئاستەوە ڕوبەڕوی ڕکابەرانی ببێتەوە، تائێستا بەباشی بەڕێمان کردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ ئامانجێکمان نەپێکاوە.


ئه‌م بابه‌ته 818 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:51:18/08/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com