دزیکۆ: کاری من گۆڵکردنە و بەهۆی پیانیچەوە ڕۆمام هەڵبژارد

دزیکۆ: کاری من گۆڵکردنە و بەهۆی پیانیچەوە ڕۆمام هەڵبژارد


خەڵک – کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی

ئیدین دزیکۆ، ئەستێرەی پێشوی یانەی مانچستەر سیتی و ئێستای یانەی ڕۆما لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی راستییەکان بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕون دەکاتەوە، کۆنگرەکە لەسەنتەری وەرزشی جێلاڕۆسی "فۆلفیۆ بێرناردینی" ئەنجامدرا و تیایدا، باس لەنهێنی پەیوەندیکردنی کرد بە ڕۆماوە و پیانیچی یاریزانی هاوڕیی کردە هۆکاری سەرەکی.

ئەمەش کورتەیەکە لە پرسیار و وەڵامەکان:

چ شتێک وایلێکردی یانەی ڕۆما هەڵبژێریت؟

پێش هەموو شتتێک سوپاستان دەکەم بۆ ئەو بەخێرهاتنە گەرموگوڕەی لێتان کردم، لێرە کەشو هەوایەکی نایابی هەیە و بەهێزەوە تێهەڵکێشی پێکهاتەی ڕۆما دەبم، هەڵبژاردنی ڕۆماش بۆ پیانیچی هاورێم دەگەڕێتەوە کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی ئەوەوە چاودێری یانەکە دەکەم، لەوکاتەوە پیانیچ لەلیۆنەوە پەیوەندی بەڕۆماوە کردووە تائێستا ئاگاداری وردو درشتی ڕۆمام، هەروەها یانەکەش پڕۆژەیەکی گەورەی هەیە، خۆشحاڵم کە لێرەم ، دەمەوێت ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم، کاری منیش گۆڵکردنە.

لەبارەی شاری ڕۆما و یانەکەیەوە چییان پێ وتی؟

من و پیانیچ لەهەڵبژاردەی بۆسنە بەیەکەوە یاریی دەکەین، هیوادارام بەیارییکردنمان لەیەک یانە پەیوەندیمان بەهێزتر ببێت، جگە لەوە ساباتینی بەڕێوەبەری وەرزشی باسی پڕۆژەی داهاتوی یانەکە و ئەم شارە جوانەی بۆ کردم، هەروەها باسی هاندەران کە هەمیشە عەوداڵی بردنەوەو سەرکەوتنن، لێرەوە زۆر سوپاسی ساباتینی دەکەم زۆری هەوڵدا تا منی گواستەوە بۆ ئێرە.

جیاوازی نێوان مانچستەر سیتی و ڕۆما چییە؟

چوار ساڵ و نیو لەڕیزەکانی مان سیتی یارییم کرد، ئەو یانەیە بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت و لەوماوەیەدا ئەنجامەکانیان دیارە کە دوو نازناوی خولی ناوخۆ و جامیان بەدەستهێناوە، ئەوە تەنها جیاوازییەتی لەگەڵ ڕۆما، بێگومان وەرزی نوێ بە هەوڵی بەردەوام و کاری باش دەکەین بۆ گێڕانەوەی سەروەرییەکان.

ئایا خولی ئیتاڵیا ڕکابەری خولی ئینگلیزی دەکات؟

خولی ئیتاڵیا باشترینە لەجیهاندا، بەڵام ڕەونەقی پێشوی لەدەستدابو، بۆیە لەئێستادا خولی ئینگلیزی باشترە، بەڵام دووبارە بەکڕینی چەندین یاریزانی ناودار و بەتوانا لەلایەن یانەکانی ئیتاڵیاوە، هێدی هێدی کالچیۆ ڕەونەقی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەتا یانەکان یاریگای تایبەتی خۆیان بونیاد دەنێن و ئەوەش کارێکی چاکە.

بۆچی وەرزی ڕابردوو زۆر یارییت پێنەکرا؟

لەگەڵ هیچ کەسێکدا کێشەم نەبوو، مان سیتی یەکێکە لەیانە هەرە بەهێزەکانی جیهان و لەڕیزەکانیدا ٢٠ ئەستێرە بونیان هەیە کە ڕکابەری بەدەستهێنانی پێگەی سەرەکی دەکەن، وەرزی ڕابردوو تاڕادەیەک بۆ من خراپ بوو، سەرەتا بەهێزەوە دەستم پێکرد، بەڵام توشی پێکان هاتم و ئەوەش کاردانەوەی لەسەر ئاست و داهاتوم هەبوو، حاڵی حازر زۆر باشم و دەمەوێت سەرەتایەکی گڕاوی تۆمار بکەم.

لەگەڵ لولیچ قسەت کردووە(یاریزانی یانەی لازیۆیە)؟

بەڵێ، لولیچ ئامۆژگاری کردم کە یاریی بۆ یانەی ڕۆما نەکەم، منیش پێموت: دەترسیت بە پەیوەندیکردنم بەگورگەکانی ڕۆماوە لەدژت بوەستمەوە؟ هەر لەسەرەتاوە حەزی یارییکردنم بۆ ڕۆما هەبوو، چیتر هەوڵدەدەم لولیچ و یانەکەشی لەدێربی ڕۆما بکوتم بەزەویدا.

پاش پەیوەندیکردنت بە یانەی ڕۆماوە، دەکرێت بڵێین ئێستا یانەکەت لەئاستی یوڤانتۆسدایە؟

وەرزی ڕابردوو چاودێری ڕۆمام کرد، لەقۆناغی یەکەم ئاستێکی بەرزیان نیشاندا و لەقۆناغی دووەمدا هاتن بەرەو خوارەوە، نازانم چی ڕویدا، بەڵام ئەوەی لێی بێگومانم بەکڕینی من و چەندین یاریزانی تر پێکهاتەکە بەهێزتر بووە، لەوەیە یاریزانی تریش دابین بکەن، ئامانجمان پێشکەشکردنی وەرزێکی بەهێز و شایستەیە، لەبەرئەوەش دەبێت بەوپەڕی تواناوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵیا بدەین.


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:59:16/08/2015



Copyright 2015. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com