هۆكارەكانی پشت خوێناوی كردنی دڵی ئەوروپا
       
هۆكارەكانی پشت خوێناوی كردنی دڵی ئەوروپا

خەڵك ــ بەهمەن محەمەد
 
لە تەقینەوەكانی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا 34 كەس كوژران و 135 كەسی دیكەش برینداربوون، ڕاگەیاندنەكانی برۆكسلیش دەڵێن: "تەقینەوەكان لەسێ‌ شوێنی جیاواز كراون"، ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش- بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكان ڕادەگەیەنێت.

بۆچی بەلجیكا كرایە ئامانج؟
بەلجیكا دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەوروپاوە و سیستەمی سیاسی لەو وڵاتەدا پاشایەتییە هەروەها ئەندامە لە یەكێتی ئەوروپا و بارەگای یەكێتی ئەوروپا لەو وڵاتەیە هەروەها پایتەخی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپایە، هەروەها بارەگای بارەگای پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی لێیە هەروەها هاوسنوریشە لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا، لۆكسمبۆرگ و هوڵەندا.

هەڵبژاردنی شوێنی تەقینەوەكان
شوێنی تەقینەوەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەلجیكا كراوە بەوپێیەی فڕۆكەخانەكە زۆرترین هاوڵاتی بیانی لێیە لەوەش گرنگ ئەوەیە، كە لەشوێنی كۆبوونەوەی ئەو هاوڵاتیانەدا كراوە، كە گەشت دەكەن بۆ وڵاتی ئەمریكا.

كەناڵی (ئاڕ بی تی ئف) بڵاویكردەوە، لە تەقینەوەكانی بڕۆكسلی پایتەختی بەلجیكا 34 كەس كوژران و 135 كەسی دیكەش برینداربوون، تێرۆریستان فرۆِكەخانەی بڕۆكسل-یان كردۆتە ئامانج  بەتایبەت دەرگای ڕۆیشتنی گەشتیاران بۆ ئەمریكا، هەروەها تەقینەوەی دووەمیش لەنزیك سكەی شەمەندۆفێرێك بووە، كە نزیكە لەبارەگای سەرەكی ناتۆ.

كاردانەوە ناوخۆییەكان
دوابەدوای تەقینەوەكە حكومەتی بەلجیكا سێ‌ ڕۆژ پرسەی نیشتیمانی ڕاگەیاند، هیوای هەرچی زوو چاكبونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست، هەوەها بەهۆی بوونی مەترسی هێرشی چەكداری وێستگەیەكی ئەتۆمی لە بەلجیكا چۆلكرا و پۆلیسیش پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی لە فڕۆكەخانەی بڕۆكسل دۆزیەوە.

میدیاكانی بەلجیكا بڵاویانكردەوە، بەهۆی بوونی مەترسی هێرشی چەكداری وێستگەی ئەتۆمی تیانگی بەلجیكا چۆڵكراوە، كە سەرەكیترین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای ئەو وڵاتەیە.

كەناڵی ئاسمانی RTBFی بەلجیكی بڵاویكردەوە، كە هەریەك لە شا فیلیپ و ماتیلدای شاژنی بەلجیكا لەكۆشكی شاهانە دوورخراونەتەوە.
 
كەناڵەكە ئاشكرایكردووە، كە لەدوای هێرشەكانی بڕۆكسل و مەترسی دوورخستنەوە لەسەر ژیانیان، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی هەردوو شا و شاژنی ئەو وڵاتە.

لەلایەكی دیكەشەوە لە میانی ڕوونكردنەوەیەكدا، سكرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ "یانس ستۆڵتنبێرگ" نیگەرانی خۆی نیشان دا بەهۆی تەقینەوەكانی برۆكسل و وتی: "لەم ڕۆژە ڕەشەدا هاوپەیمانانی بەلجیكا لە پشت ئەو وڵاتەوەن، ئەوە پەلامارێكی ترسنۆكانەیە، كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگامان دەبێتەوە، هەرگیز تیرۆر ناتوانێت بەسەر دیموكراسیدا سەركەوێت، هەرگیز ناتوانن ئازادیمان لێ زەوت بكەن".

كاردانەوەی دەرەكی
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، كە كەناڵە جیهانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لەكاتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە عەمانی پایتەختی ئوردن، فیدریكا مۆگرێنی ؛كۆمسیاری باڵای یەكێتی ئەوروپا؛ كاتێك باس لە تەقینەوەكانی بڕۆكسل دەكات، دەست دەكات بە گریان.

هەربەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان، مۆگرێنی ناتوانێ‌ بەردەوام بێت لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە و هۆڵەكە جێدەهێڵێت.

دوای تەقینەوەكەش ڕاستەوخۆ توركیا ئیدانەی تەقینەوەكەی كرد و بە كردەوەیەكی وەحشیانە ناوی برد، هەروەهاباراك ئۆباما ؛سەرۆكی ئەمریكا؛ وێڕای ئیدانەكردنی تەقینەوەكە ڕایگەیاند، كە واشنتۆن ئامادەیە هاوپەیمانی و هاوكاری لەگەڵ حكومەتی بڕۆكسل بكات.

هەوەها  شێخی ئەزهەر لەبارەی تەقینەوەكەوە وتی: "ئیسلام ئیدانەی سەرجەم ئەو توندوتیژیانە دەكات، كە بەرامبەر خەڵكی بێتاوان ئەنجام دەدرێت"، هەروەها میسریش ئیدانەی تەقینەوەكەی كرد و پرسە و ماتەمینی ئاڕاستەی پاشای ئەو وڵاتە كرد.

لای خۆشیەوە، سەرۆك كۆماری عیراق پرسەی قوڵی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانییان كرد و داوای هەرچی زوتری چاكبونەوەشی كرد بۆ بریندارەكان و ئارامیی و ئاشتیشی بۆ گەلی بەلجیكای دۆست خواست.

هاوكات، حەیدەر عەبادی ؛سەرۆك وەزیرانی عیراق؛ ئیدانەی تەقینەوەكانی كرد و هاوخەمی گەل و حكومەتی عیراقی بۆ حكومەت و گەلی بەلجیكا دەربڕی و ڕایگەیاند، كە هێرشەكەی سەر بەلجیكا بەڵگەی ئەوەیە، كە تیرۆر یەك وڵات و یەك گەلی دیاری كراو ناكاتە ئامانج، بەڵكو مەترسیە لەسەر هەموو جیهان.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تەقینەوەكانی بڕۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكا ئیدانە دەكات و هاوخەمی بۆ گەلی بەلجیكا دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، گەلی كوردستان، كە خۆی لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستاندایە زۆر بە باشی لە هەڕەشە و ئاسەوار و دڕندایەتیی تیرۆر دەگات.

دلاوەر خالید ئاژگەیی ؛نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەورپا؛ لە ڕوونكردنەوەیەكدا وێڕای ئیدانەكردنی تەقینەوەكان وتی: "هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە دوای تەقینەوەكانی شاری بڕۆكسل، ستاف و بارەگای نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كورستان لە بواری ئاسایی دایە".

كێ‌ بەرپرسیاریەتی تەقینەوەكەی خستە ئەستۆی خۆی؟
دوای تەقینەوەكەش ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكە ڕاگەیاندووە، كە لەڕێگای  (ئالێكسی دۆفباش)ی تەمەنی 27 ساڵانەوە ئەنجامدراوە، خۆكوژەكەش لەسوریا مەشقی پێكراوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ئەوروپا.

زنجیرە تەقینەوەكانی وڵاتی بەلجیكا دوای ئەو هەوڵانە دێت، كە داعش  بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ئەوروپا دەستی پێكردووە،  پێش چەند مانگێكیش لە پاریسی پایتەخی فەڕەنسا زنجیرەیەك تەقینەوە ڕویاندا و بە دەیان كەس بوونە قوربانی.

PM:07:28:22/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com