كاردانەوە توندەكانی چوارەمین دیداری سلێمانی
       
كاردانەوە توندەكانی چوارەمین دیداری سلێمانی

   خەڵك- ئامەد حەسەن

چوارەمین دیداری سلێمانی كە زانكۆی ئەمەریكایی لە سلێمانی رێكی خستبوو، كاردانەوەی جیاجیای لێ كەوتەوە، لە گرنگترینیان قوڵكردنەوەی قەیرانی سیاسی و دەسپێكردنەوەی قۆناغێكی دیكەی شەڕی میدیایی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.

پێكداهەڵپژانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان
لە پانێلەكانی سەرەتای چوارەمین دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی رەخنەی لەكارەكانی پەرلەمان گرت و باسی لە هەوڵەكانیش كرد بۆ لابردنی سەرۆكی هەرێم كە لە بەرەكانی جەنگدا بووە لەو كاتەدا.
لەكاردانەوەی ئەم لێدوانەشدا یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی نیچیرڤان بارزانی دایەوە و رایگەیاند، كە مەسعود بارزانی لە 2013ەوە ماوە یاساییەكەی تەواو بووە و ئەدای هێزەكانی پێشمەرگەش بە كەسێكەوە پەیوەست نییە.
وتیشی :"چاكسازی و حكومڕانی بە كەسانی نەخوێندەوار ناكرێت".

لە كاردانەوەی ئەم قسانەی سەرۆكی پەرلەماندا، نوێنەرانی پارتی لە دیدارەكە توڕە بوون و هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی هەڵسایە سەر پێ و ویستی راستەوخۆ وەڵامی سەرۆكی پەرلەمان بداتەوە، بەڵام لەلایەن بەرهەم ساڵح رێكخەری دیدارەوە رێگری لێ كرا و رەوشەكەی ئاسایی كردەوە.

بە پێی زانیارییە میدیاییەكان نوێنەرانی پارتی سوربوون لە سەر ئەوەی سیروان بارزانی یان هێمن هەورامی وەڵامی سەرۆكی پەرلەمان بدەنەوە، بەڵام رێكخەرانی دیداری سلێمانی بۆ پێش گرتن بە ئاڵۆزبوونی رەوشەكە رێیان پێ نەداون.

لایەنگرانی گۆڕان دڵخۆش و پارتییەكان توڕەن
بەدوای ئەم مشتومڕە لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێك لەوانەی رەخنەیان لە سیستمی حكومڕانی كوردی هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكان و شەقام دەستخۆشییان لە قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان كرد.

بە ڕای چاودێرانیش قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان كاریگەری زۆری لە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەتایبەت كە شوێن و كاتی ئەو قسانە گرنگ بووە، كە میوانی بێگانەی زۆری لێ بووە و راستەوخۆ وەڵامی سەرۆكی حكومەتی دایەوە.

بە پێچەوانەوە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاردانەوەی قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان، هەڵمەتێكی میدیاییان بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان  و سەرۆكی پەرلەمان دەستپێكردووە.

لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەڕمی حزبەكەی گوتوویەتی :"چاكسازی بە كەسانی دیلكوژ و تەوەر وەشێن ‌و فكرئیرهابی ناكرێت".

قوڵكردنەوەی قەیرانی سیاسی
لەلایەكی دیكەوە چاودێران رەخنەی ئەوە لە سیاسییەكان و دەرئەنجامی چوارەمین دیداری سلێمانی دەگرن، كە لە جێی ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكان، كەچی پێچەوانە بوو.
نەك هەر ئەمەش، بەڵكو خەریك بوو لە بەرچاوی بێگانەكان سەركردەكان و هاوكارەكانیان هێرش بكەنە سەر یەكتری.
بەشێكی دیكەی لەرەخنەگران لە دیدارەكە، پێیانوایە، كە ئەم دیدارە ئەنجامێكی ئەوتۆی تێدا نەبووە بۆ كورد، بەو پێیەی بەشێك لەوانەی بەشداریان كردووە، ئەوانەن كە دژە مافەكانی كوردن.

لەلایەكی دیكەشەوە لە ئاستی نێوخۆشەوە، زۆرینەی ئەوانەی بەشداریان كردووە، وەك چاودێرێك دەڵێت، ئەوانە بوون، كە لە سەر مافی خەڵك و فەقیرو كەمدەرامەت گەیشتوون بە خۆشگوزەرانی و هەر ئەوانەش بەرپرساری سەرەكی قەیرانە ئابوری و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانن.
 
كاڵكردنەوەی ساڵوەگەڕی كیمیاباران
دیاریكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی چوارەمین دیداری سلێمانی لە رۆژی 16ی ئادار ساڵوەگەڕی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، رەخنەیەكی دیكەیە لەم دیدارە.

چاودێران دەڵێن، پێویست بوو ئەم دیدارە لە هەڵەبجە سازبكرایە، تاكو ئەو میوان و بەرپرسانە بچونایە هەڵەبجە و بەشداری یادەكەیان بكردایە، بەڵام بەهۆی ئەم دیدارەوە نەیانتوانیوە بچن.

ئەمە جیا لەوەی لە رووی میدیاییشەوە گرنگیدان بە یادی هەڵەبجە كەمتربوو بەراورد بەم دیدارە، بەتایبەت كە هەرایەكی لە نێوان حزبە ركابەرەكاندا دروست كرد.

PM:12:05:17/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 1559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com