گۆڕان لەبارەی بەرهەم ساڵحـەوە روونكردنەوە دەدات
       
گۆڕان لەبارەی بەرهەم ساڵحـەوە روونكردنەوە دەدات
خەڵك – بەهرۆز رەحیم

هەڵسوڕاوێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەنگۆی پەیوەندی كردنی بەهەرم ساڵح بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەڵێت:" تا ئێستا شتێكی رەسمیمان پێنەگەیشتووەو ئەوە دەبێت جێ‌ بهێڵین بۆ رۆژگار".

جارێكی تر دەنگۆی پەیوەندیكردنی بەرهەم ساڵح بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و بەشێك لە سایتە كوردییەكانی تەنیوە.
هەركاتێك رۆڵی ئەو كەساییەتیە سیاسیە لەناو حزبەكەیدا پەراوێز بخرێت، دەنگۆكان بۆ چوونە ناو بزوتنەوەی گۆڕان و جیابوونەوەی لە یەكێتی‌و دروستكردنی مینبەر گەرمتر دەبێت.

كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دۆخێكی ئاڵۆزیان بۆ جەماوەری یەكێتی‌و تەنانەت بۆ جەماوەری گۆڕانیش دروستكردووە، ئەو كاتەی كە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە سەر كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و دەستور هاوهەڵوێستبوون لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، باس لە رێكەوتنی سیاسی‌و تەنانەت یەكگرتنی یەكێتی‌و گۆڕان گەرمبوون، هاوكات باس لە نزیكبوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و باڵەكەی لە پارتی دەكراو بە دەستی دووی پارتی لەناو یەكێتی وەسف دەكران، بەڵام ئێستاو دوای ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە نهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبۆوەو دواتریش بەشداری لە كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی‌و یەكێتی‌و پارتی كرد، بەسەر پەرشتی مەسعود بارزانی، ئێستا هاوكێشەكان پێچەوانە بۆتەوەو باس لە چوونی بەرهەم ساڵح‌و باڵەكەی دەكرێتەوە بۆناو بزوتنەوەی گۆڕان.


 د.ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران‌و باژێڕوانی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی: "بەرهەم ساڵح یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی باشوری كوردستان‌و وەك بزوتنەوەی گۆڕانیش دەرگامان واڵایە هەر كەسێك بیەوێت بێتە ناو بزوتنەوەكەوە".

وتیشی: "ئەم بابەتە بابەتێكی هەستیارەو نامەوێت بەشێوەیەكی سەرپێی‌و راگوزەری قسەی لەسەر بكەم بەڵام دەبێت ئەو بابەتە بۆ رۆژگار بەجێبهێڵین".


د.ئاسۆ جەختی لەوە كردەوە تا ئێستا وەك بزوتنەوەی بە رەسمی هیچ شتێكیان بەدەست نەگەیشتووە. 

AM:11:01:12/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 8980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com