حكومەت پلەدارانی حزبی لە قەیرانی دارایی رزگار كرد
       
حكومەت پلەدارانی حزبی لە قەیرانی دارایی رزگار كرد

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵا

رۆژی 9ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی قەیران بڕیاریدا موچەی پلە تایبەتییەكان تەنها 50% كەمبكرێتەوە، لەكاتێكدا بەشێكی فەرمانبەرانی ئاسایی 55% تا 70% لە موچەكانیان كەمكراوەتەوە و بەبڕوای بەشێك لە چاودێرانی ئابوریش مەبەستی حكومەت رزگاركردنی پلەدارانی حزبە لە قەیران.

شێرپەنجەی دارایی هەرێم

پلە تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی كەمكردنەوەی موچەدا زۆرترین زومی كامێرای رۆژنامەنووسان و ناوەندەكانی بڕیاری حكومەتیان كەوتەسەر، بەوەی موچەكانیان زیاتر لە نیوە كەمبكرێتەوە، نەك بۆیان پاشەكەوت بكرێت، بەڵام حكومەت دوای 40 رۆژ لە كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بڕیاری لەسەر پلە تایبەتییەكاندا و تەنها لە 50% ی موچەكانیان پاشەكەوت دەكرێت، بەمانایەكی تر ئەگەر وەزیرێك یان پەرلەمانتارێك، كە موچەكەی 8 ملیۆن دینارە لە ئێستاوە تەنها 4 ملیۆن دینار وەردەگرێت. 

هەر بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكان، نزیكەی 10 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان بە پلەی باڵای مەدەنی و سەربازییەوە خانەنشینكراون و زۆربەی ئەو كەسانە فەرمانبەری حكومەت نەبوون، بەڵام بەهۆی لایەنگری حزب ‌و پلەدارییان بە موچەی زۆرەوە خانەنشینكراون و قورساییەكی دارایی زۆریان لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكردووە.

بەپێی ئامارێك نزیكەی هەزار و 365 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون و 450 كەس بەپلەی پەرلەمانتار ، كە موچەی هەریەكەیان 5 ملیۆن و 700 هەزار دینار و لە مانگی داهاتوەوە كەمكراوەتەوە بۆ نزیكەی 2 ملیۆن و 800 هەزار، لەكاتێكدا هەندێك فەرمانبەری دیكە لە ئەركدان و موچەكانیان نزیكەی 70% كەمكراوەتەوە، بۆ نمونە مامۆستایەكی زانكۆ ئەگەر موچەكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار بێت، ئەوا نزیكەی 700 هەزار دینار وەردەگرێت و بە تێكڕا دەیان ملیار دینار بۆ موچەی پلە تایبەتییەكان خەرج دەكرێت و بوەتە شێرپەنجەی دارایی هەرێم و هیچ پزیشك و چاكسازێكی ناو حكومەتی هەرێم ناتوانێت دەستی بۆ ببات. سەرباری ئەوەی هەزاران كەس بە پلەی بەرزی سەربازییەوە خانەنشینكراون و كەمكردنەوەی موچە نایانگرێتەوە و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەر و كارمەندانی پێشەوەی جەنگدا موچە وەردەگرن.

بۆ رازیكردنی پلەدارانی حزبە

بەشێك لە چاودێرانی ئابوری و سیاسی ئەو گۆڕانكارییانە دەبەستنەوە بە رازیكردنی پلەدارانی حزبەوە، چونكە پلە تایبەتییەكان زۆرینەیان سەر كادری دیاری حزبن و لەكاتی كەمكردنەوەی موچەكانیاندا فشاری زۆر لەسەر حزب دروست دەكەن، بۆیە حكومەت نەیتوانی بە تەواوەتی موچەكانیان دەستكاری بكات.

ئەوەی پرسیاری لای خەڵك دروستكردووە بۆچی حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی لە نێوان 55% تا 70% كەمكردۆتەوە، بەڵام موچەی تایبەتەكان یان كەمنەكراوەتەوە یان تەنها 50% بۆیان پاشەوت دەكرێت، یان تەنها مەبەستی حكومەت رزگاركردنی پلەدارەكانی حزبە لە قەیرانی دارایی.

ئەمەش لە حاڵێكدا مووچەی كەمئەندامان و تۆڕی كۆمەڵایەتی بڕیوە، كە رەنگە موچەی هەموویان بكاتە مووچەی ژمارەیەكی كەمی پلە تایبەت بە ناوی ناشەفافی لیستەكان و بوونی خەڵكی ناشایستە تێیاندا، كەچی دەست بۆ لیستی پلەتایبەت و خانەنشینی سەربازی نابات.

بە رای چاودێران لەوڵاتانی دنیادا تەنها لە هەرێمی كوردستان و عێراق خانەنشینی پەرلەمانتار و پلە تایبەت بەمشێوەیەی ئێستا هەیە، هەرچەند حكومەتی عێراق كۆمەڵێ‌ چاكسازی راگەیاند لە موچەی پلەتایبەتەكان، كە قەیرانە داراییەكەی لە هەرێم باشترە و مانگانە موچەی هاوڵاتیانی داوە.

حكومەتی هەرێم هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، موچەی فەرمانبەرانی كەمكردەوە، كەرتی تایبەتی پەك خست، باج و رسوماتی زیاد كرد، بەشێك لە نرخەكانی ناو بازاڕیشی بەناوی هەرزانكردنەوە زیاد كرد.

ئەمە لە حاڵێكدا دەستی بۆ بەرژەوەندی دارایی حكومەت خۆی و بەرپرس و حزبە دەسەڵاتدارەكان نەبردووە.



PM:12:01:10/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 5384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com