"جیاكردنەوەی مینبەر لەناو یەكێتی چارەسەرە"
       
"جیاكردنەوەی مینبەر لەناو یەكێتی چارەسەرە"

خەڵك- تایبەت

لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال-ەوە، قەیرانی ڕێبەرایەتی كردن بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە، سەرەڕای ئەوەی یەكێتی لەو ماوەیەدا توشی چەندین گرفت هاتووە، بەڵام تا ئەم كاتە توانیویەتی لەگەڵ دۆخەكەدا بڕوات، ئایا یەكێتی تا كەی دەتوانێت بەم شێوەی ئێستای درێژە بەكاری سیاسی خۆی بدات؟ ئایا جیاكردنەوەی مینبەر لەناو یەكێتی دەتوانێت چارەسەری گرفتەكانی یەكێتی بكات؟

بۆ ئەو مەبەستە ماڵپەری (خەڵك) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ، بەرزان ئەحمەد كوردە ؛ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان؛ ئەنجامداوە.

خەڵك: دۆخی ئێستای یەكێتی چۆنە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: یەكێتی كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆیی هەیە و تا ئێستا كێشەكان وەك خۆی ماوەتەوە، پێویستی بەوە هەیە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.

خەڵك: بە بڕوای ئێوە چارەسەر چییە؟ ئایا دروستكردنی مینبەر چارەسەری كێشەكانی یەكێتی دەكات؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: بۆ ئەوەی یەكێتی لە شەقبوون و لەتبوون ڕزگار بكرێت، جیاكردنەوەی مینبەر لەناو یەكێتی بە چارەسەر دەزانرێت.

خەڵك: ئەو بیرۆكەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: بیرۆكەی جیاكردنەوەی مینبەر لەناو یەكێتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر نەكرا، جیاكردنەوەی مینبەرێك بە چارەسەر دەزانرێت، چونكە یەكێتی لەسەرتای دروستبوونیەوە چەند مینبەرێك بووە، وەك (خەتی گشتی ‌و شۆڕشگێران ‌و كۆمەڵەی ڕەنجدەران) و لەو قۆناغانەشدا توانیوێتی سەركەوتوو بێت.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت، ئەگەری ئەوە هەیە، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرا و ڕێگری لەوە كرا مینبەر جیابكرێتەوە باڵێك لە یەكێتی هاوشێوەی گۆڕان جیادەبێتەوە، ئەو ئەگەرە تا چەند نزیكە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: كەس یەكێتی جێناهێڵێت، دروستكردنی مینبەر بە چارەسەر دەزانین، ڕەنگە ئەو مینبەرە بۆچوون ‌و ڕوانگەیەكی جیاوازی هەبێت بۆ سیاسەت كردن، فرە مینبەریش تاقی كراوەتەوە و سەركەوتوو بووە.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت، لەگەڵ چەند سەركردەیەكی یەكێتی خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن بۆ تێپەراندنی دۆخی ئێستای یەكێتی ‌و بۆچوونێك گەڵاڵەكراوە بۆ ئەوەی پەیڕەوی ئەزموونی سیستمی سەرۆكایەتی بكرێت.

بەرزان ئەحمەد كوردە: ڕاستە لەگەڵ چەند سەركردەیەك گفتوگۆمان كردووە سەبارەت بە دۆخی یەكێتی، بەڵام هیچ پرۆژەیەك نەنوسراوە و باسی ئەوەش نەكراوە پڕۆژە بنوسرێت، ئەوەی هەبووە لەنێوان چەند سەركردە و كادیرێكی پێشكەوتووی یەكێتی باسمان لە كێشەكانی یەكێتی كردووە و  هەروەها باس لە خۆ ئامادەكردنی یەكێتی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێم و ناوچەكە كردووە، ئەوەش لە ڕوانگەی هەستكردن بووە بە لێپرسراوێتی بەرامبەر بەم قۆناغە مێژووییە و ڕۆڵی یەكێتی لەم قۆناغەدا.


خەڵك: لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، مەسعود بارزانی سەركردایەتی حزبەكەی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی هەرێم، پێتانوایە دۆخی ئێستای هەرێم بۆ ریفراندۆم لە باربێت؟

بەرزان ئەحمەد كورد: هەتا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا بێت لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا نین، چونكە تا ئێستا كێشەی خاكمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی ئابووریی و سیاسیەوە، دەیان قەیران بەرۆكی هەرێمی گرتووە، هەتا ئەو كێشانە چارەسەر نەكرێن، ئەنجامدانی هەر راپرسیەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان باش نیە، ئەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بۆئەوەی خەڵك بەدید و ئاسۆیەكی ترەوە سەیری بابەتەكان بكات، خەڵكی هەرێم لەم دۆخەی ئێستادا، میزاجی ئەوەی نیە هەتا بابەتی سەربەخۆیی لەگەڵدا  باس بكرێت.

خەڵك: ئایا ئەنجامدانی ڕاپرسی لە دۆخێكدا ئەكرێت، پەرلەمان ڕۆڵی نەبێت؟

بەرزان ئەحمەد كورد: نەخێر، ڕاپرسی لە كاتێكدا ئەكرێت، كە پەرلەمانێكی كارامان هەبێت، بۆئەوەی ببێتە مەرجەعی هەرێمی كوردستان، ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین پەرلەمان سڕكراوە، كە تۆ حساب بۆ پەرلەمان نەكەیت چۆن ِریفراندۆم ئەنجامدەیت؟ یەكەم هەنگاو بۆ هەر پرسێكی هەستیار پێویستی بە ڕێكخستنی ناوماڵی كورد هەیە، ناكرێت لایەنێكی سیاسی، كە دەنگی شەرعی كۆمەڵانی خەڵكی بەدەستهێنابێت، فت بكرێت ‌و حسابی بۆ نەكرێت.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت، یەكێتی ‌و بزوتنەوەی گۆڕان یەكدەگرنەوە وەك ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی تا چەند لەگەڵ یەكگرتنەوەی ئەو دوو هێزەیت؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە و زۆربەی دیدوبۆچوونەكانمان لەیەكەوە نزیكە، بەڵام یەكگرتنەوەی ئەو دوو هێزە پێویستی بە زەمینەسازی ‌و كات هەیە، ڕەنگە بۆچوونی من وابێت ئەم دوو هێزە یەكبگرنەە ، ڕەنگە ئەم بۆچوونە لای برادەرێكی گۆڕان جیاواز بێت، یاخود بە پێچەوانەوە، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەكات ‌و زەمیە سازی هەیە و هەروا ئاسان نیە.

خەڵك: پەیوەندی ئێوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لە چی قۆناغیكدایە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: پەیوەندیمان لە ئاستێكی باشە و ئێمە لەگەڵ ئەوەین ڕێكەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان بكەین، چونكە وەك وتم، هەم مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە، هەم ناوچەی سلێمانی پێویستی بەوە هەیە ئەو ڕێكەوتنە سیاسیە بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان ‌و پارتیش گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

PM:03:53:28/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 42442 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com