وەبەرهێنەران هۆشداری دەدەنە حكومەتی هەرێم
       
وەبەرهێنەران هۆشداری دەدەنە حكومەتی هەرێم
خەڵك
كەمتر لە سێ‌ هەفتە ماوە بۆ كۆتایی هاتنی ساڵی 2015 و هەنگاوەكان بەرەو ساڵی نوێ‌ 2016 نزیكتر دەبنەوە، ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی سەخت و پڕ لە قەیران بوو بەجۆرێك ئەو دەستكەوتانەی هەرێم لە بوارەكانی جیاجیادا لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەدەستی هێنا بوو لەمساڵدا زۆرێكی لەدەستدا، بۆیە هیوایەك هەیە كۆتایی هاتنی 2015 كۆتایی قەیران و گرفتەكانی هەرێم بێت و لە ساڵی نوێدا كۆتایی بە قەیرانەكان بێت.

ساڵی 2013 وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گەورەی بڕی و قەبارەی وەبەرهێنان گەیشتە 14 ملیار دۆلار، ئەوەیش بە باشترین ساڵی وەبەرهێنان لە هەرێم دادەنرێت‌ و بە بەراورد بە ساڵەكانی پێشتر ژمارەی پێوانەیی شكاندووە.

بەڵام كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لەم قەیرانانەی نێوخۆی هەرێمی كوردستاندا لە ماوەی ئەمساڵدا زیانی گەورەیان بەركەوتووە، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە زیانەكان و پاشەكشەی گەورەی قەبارەی وەبەرهێنان و رێگا چارەكان بۆ دەرچوون لەو قەیرانانە دەكات.

- " وەبەرهێنان 15 ملیار دۆلار پاشەكشەی كرد"

یاسین مەحموود؛ وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە سەرەتای دیمانەكەی ئانادۆڵو لە بارەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2015 دا دوا و وتی: "ساڵی 2015 خراپترین ساڵ بوو بۆ رەوشی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، لەم ساڵەدا تەنها بەوەوە نەوەستاوین بڵێین پاشەكشەمان هەیە لە وەبەرهێنان بەڵكو 15 ملیار دۆلار لە مۆڵەتەكانی تۆمار كرا ئەو مۆڵەتە ستراتیجییانەی كە ساڵانێكی زۆرە هەرێمی كوردستان كاری بۆ كرد و شانازی پێوە دەكرد و گەیشتبووە 40 ملیار دۆلار، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆژانەی كە ماوەتەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ 25 ملیار دۆلار دابەزیوە.

سەرمایەی راستەقینەی وەبەرهێنان ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بەپێی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین 25 ملیار دۆلارە، بۆیە 2015 ساڵی رەشی كەرتی وەبەرهێنانی هەرێم و بازاڕی هەرێم هەژمار دەكرێت و ئەمساڵە بۆ وەبەرهێنان شكست بوو.

هەرێمی كوردستان لە سێ‌ قەیراندایە ( قەیرانی دارایی، قەیرانی شەڕی داعش، قەیرانی سیاسیی) دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەسەرەتای ساڵی 2014 بازاڕی هەرێم و دۆخەكەی  رووبەڕووی وەستان كردەوە، دواتر شەڕی داعش دەردێكی كوشندە بوو بۆ هەرێم و كەرتی وەبەرهێنان پاشەكشەی گەورەی كرد.

بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2015  كە چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی قەیرانەكان بووین، ساڵی پاشەكشەی وەبەرهێنان بوو كە 15 ملیار دۆلار پاشەكشەمان هەیە و چەندین وەبەرهێنەری باشی جیهان پاشەكشەیان كرد لە هەرێم، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی هەندێك لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و غازیش هەرێم بەجێبهێڵن".

- "هەرێم لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەگەڵ دەرەوە پاشەكشەی گەورەی كردووە"

یاسین مەحموود كە خۆی وەبەرهێنەرێكی دیاری كوردستانە و خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێزە، بەهۆی پۆستەكەیەوە وەك وتەبێژی وەبەرهێنەران زۆرترین داتا و ئامار لەلای خۆی كۆدەكاتەوە و لەكاتی ئاخافتنی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن زۆرترین ژمارە و ئامار دەخاتە روو.

ئەو لە بارەی دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و دەورووبەر لە 2015 دا دوا و وتی: " لەمساڵەدا لە رووی قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەرێمی كوردستان پاشەكشەی گەورەی كردووە و چەندین هەلی گەورەی كارمان لەدەستداوە . ئەو قەبارەیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا كە باس لە هەشت ملیار دۆلار دەكرێت 50 لە سەدیمان لەدەستداوە، هەروەها لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران 60 لە سەدیمان لەدەستداوە، لەگەڵ شارەكانی تری عێراقیش 70 لە سەدیمان لەدەستداوە.
هەروەها لەم ساڵەدا 700 هەزار كەس لە بازاڕەكانی هەرێم كە پشتیان بە كەرتی تایبەت دەبەست هەلی كاریان لەدەستداوە ".

- "بەرز بونەوەی رێژەی هەژاری بۆ دە هێندە"

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی بەردەوامی قەیرانەكان بەتایبەتی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران كە چوار مانگە مووچەخۆرانی حكوومەت مووچەكانیان وەرنەگرتووە و ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەش لە كەرتی تایبەت كاریان دەكرد كارەكانیان لەدەستداوە.
یاسین مەحموود لەو بارەیەوە وتی: "هەموو ئەو قەیران و هۆكارانەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە بوونەتە هۆكاری ئەوەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی گەورە زیاد بكات، بەجۆرێك لە ماوەی ئەمساڵدا رێژەكەی لە دە هەزار ماڵباتەوە بۆ 100 هەزار ماڵبات بەرز بۆتەوە و ئەو كەسانە لە هێڵی هەژاری نزیك دەبنەوە".

- "قەیرانەكان گەندەڵی ئیداری زیاتر كردووە"

 وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران باس لەوەش دەكات بەهۆی كاریگەری قەیرانی داراییەوە گەندەڵی بۆ ئاستێكی مەترسیدار بەرز بۆتەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "ساڵی 2015 رووبەڕووی كارەساتێكی گەورەتر بووینەوە كە ئەویش گەندەڵی ئیدارییە، ئەوەش بەهۆی دواكەوتنی مووچە و لەدەستدانی هەلی كارەوە مووچەخۆران وەك پێویست دەوام ناكەن، هەروەها بەشێكی تریان پەنایان بۆ وەرگرتنی رەشوە و بەرتیل بردووە".

- "بەركەوتەی زیانەكانی هەرێم 60 ملیار دۆلارە"

یاسین مەحموود لە بارەی ئەو كۆمپانیا و سەرمایەدارانەی بەهۆی بەردەوامی قەیرانەكانەوە لەمساڵدا مایەپووچ بوون، باس لە ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانە دەكات و دەڵێت "لە ماوەی ئەمساڵەدا زیاتر لە هەزار و 500 كۆمپانیا و خاوەن كار و سەرمایەدار مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاندووە، كە ئەوانەش بەرهەمی قەیرانی سیاسیی و دارایی و شەڕی داعشە".

ئەو هەروەها لە بارەی زیانەكانی دارایی زیاتر وتی: "زیانەكانی هەرێمی كوردستان و بەركەوتەكانی قەیرانی دارایی 60 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بە جۆرێك لە بواری وەبەرهێنان 15 ملیار دۆلار پاشەكشەمان هەیە ، هەروەها بەهۆی لەدەستدانی خواست لەسەر بازاڕ بە تایبەت لەسەر خانووبەرە 80 لەسەدی لەدەستداوە .
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر بینای بازرگانیمان هەیە، هەموو مەترێك لەو بینا بازرگانییانە هەزار دۆلار نرخی نیشاندانی دابەزیوە كە دەكاتە شەش ملیار دۆلار.
هەروەها چوار ملیۆن بینای پیشەسازیمان هەبوو بە كارگە و هەموو شوێنە گشتییەكانەوە، نرخی راستەقینەی هەزار دۆلار هاتووەتە خوارەوە و خواستی لەسەر كەم بۆتەوە كە كۆی گشتییەكەی دەگاتە چوار ملیار دۆلار.

هەروەها لە هەرێمی كوردستان 950 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونمان هەیە، كەمترین نرخ كە دابەزیبێت هەموو یەكەی نیشتەجێبونێك 30 هەزار دۆلار دابەزیووەكە كۆی گشتییەكەی 30 ملیار دۆلار دەكات.

هەروەها لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 540 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە،  كەمترین نرخی دابەزینی ئۆتۆمبێلێك سێ‌ هەزار دۆلارە و كۆی گشتی ئەوەیش سێ‌ ملیار دۆلار دەكات" .

 - "پێویستە حكوومەت چەندین هەنگاوی بەپەلە بگرێتە بەر"

وتەبێژەكەی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رەشبینی خۆی نەشاردەوە بە خراپتربوونی دۆخەكە و قوڵبوونەوەی قەیرانەكان لە ساڵی 2016 دا ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی پێویست و خێرا هەڵنەگرێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رێگرتن لە گەورەتر بوونی قەیرانەكان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشنیاز و داواكارییەكیان خستۆتە بەردەم حكوومەت كە خوازیارن جێبەجێی بكات.
لەو بارەیەوە وتی: "بۆ ئەوەی حكوومەت رێگا بگرێت لە تەشەنەكردنی زیاتری قەیرانەكان پێویستە چەند هەنگاوێك هەڵبگرێت، چونكە ئەو هەنگاوانەی حكوومەت لەم دووساڵەدا گرتییە بەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان (سیاسیی و دارایی) هەنگاوی زۆر سادە بوون.

وەك یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ماوەیەكی زۆرە پڕۆژەیەكمان ئامادە كردووە بۆ سیستمی مووچە و رەوانەی حكوومەتمان كردووە بەوەی كۆی پارەی مووچە لە 850 ملیارەوە دابەزێت بۆ  600 ملیار دینار و نابێت لەو بڕە زیاتر بێت، چونكە كاتی ئەوە هاتووە حكوومەت خۆی بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان خەرجییەكی زۆر هەیە كە مانگانە دەگاتە 200 ملیۆن دۆلار، ئەم خەرجیانەش بە ئاسانی كەم دەكرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە حكوومەت دەتوانێت سوود لە یاساكانی جیهانی هاوشێوەی توركیا وەربگرێت و هەندێك لە وەزارەت و دەزگاكانی خۆی لەوانەش وەزارەتی كارەبا و شارەوانی بداتە كەرتی تایبەت، كە لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا نییە وەزارەتی كارەبا و شارەوانی خەرجی لەسەر حكوومەت بێت .

هەروەها پێویستە حكوومەتی هەرێم رێژەیەكی زیاتری باج و گومرگ بخاتە سەر جگەرە و خواردنەوەكان و بەرهەمی ئاسن و چیمەنتۆ و هێنانی ئۆتۆمبێل كە بڕێكی زۆر كەم گومرگیان لەسەرە".

 یاسین مەحموود لە كۆتایی دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو  داوای كرد بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەرداری چەند كۆمپانیایەكی تایبەت ببن و وتی: "ئەو كۆمپانیایانە بەرژەوەندی گەورەیان هەیە لە هەرێم و پێشتر رێگر بوون لەچەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی، لە بری ئەوە پێویستە حكوومەت كۆمپانیای هاوبەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان درووست بكات".

ئەو گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی كە حكوومەت لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە پڕۆسەی چاكسازی بكات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری قەیرانەكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

PM:03:18:12/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 43273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com