مەحمود عوسمان: حزبایەتی رۆڵی زیاترە لەكوردایەتی
       
مەحمود عوسمان: حزبایەتی رۆڵی زیاترە لەكوردایەتی

هەولێر- ئارام سەردار

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد لەدیمانەیەكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك)دا رایدەگەیەنێ‌، كە بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی  هۆكاری بەردەوامی كێشەكانی هەرێمی كوردستانە، باس لەكۆبونەوەی یەكێتی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، كە فشاری ناوخۆیی و دەرەكیان لەسەرە بۆ چارەسەری كێشەكان.

خەڵك: هۆكاری چیە كێشەو قەیرانی سیاسی چەندین جارە سەر هەڵدەداتەوە و چارەسەر ناكرێ‌ و لایەنە سیاسییەكان لەیەك دوردەكەونەوە؟
مەحمود عوسمان: هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی، بەرژەوەندی یەكەم حزب و شەخس و بڕیار بەدەستەكانن، كاتێك ناكۆكی دروست دەبێ‌ شتەكان تێكدەچن، لەبەرامبەردا بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی كورد پلەی دووەمە لایان، بەشێوەیەك حزبایەتی تەسك رۆڵی زیاترە لەكوردایەتی، بۆیە هەركات جیاوازی لەنێوان لایەنەكان هەبێ‌ ئەو كێشانە دروست دەبن، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەوەی هەیە و باشە پێشمەرگە بەشدار نەبووە لەو جیاوازیانە و هەموویان بەرامبەر داعش شەڕ دەكەن، بۆیە نەبوونی پێشمەرگە لەم ململانێ سیاسیانە شتێكی باشە و حزبەكانیش لەگەڵ ئەوە نین پێشمەرگە بەشدار بێت، ئەگەر كێشە سیاسییەكانیش چارەسەر نەكرێ‌، لەكاتێكدا حكومەت و پەرلەمان پەككەوتەن و بارودۆخیش بەم شێوەیە لەشەڕ و خۆپێشاندان و سوتاندن و شەهیدكردن دایە كە لەسلێمانی و گەرمیان رویاندا، تاوەكو ئێستا دیاری نەكراوە كە كێ بەرپرسی ئەم كارانە بوو و كێ‌ كردویەتی، بۆیە ئەگەر لێپرسینەوە لەم كارانە نەكرێ‌ كاریگەری سلبی دەمێنێ‌، لەبەر ئەوە پێویستە لێپێچینەوە بكرێ‌ لەو كەسانەی ئەم كارانەیان كردووە بۆ گێڕانەوەی دۆخەكە بۆ باری ئاسایی و پەرلەمانیش بكەوێتەوە كار دواتر بیرلەوە بكەنەوە لایەنەكان دابنیشن چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆكێشەكان.

خەڵك: خوێندنەوەتان بۆ كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی چیە؟ قەیرانی سیاسی هەرێمی كوردستان بەرەو هێوربونەوە دەچێت؟
مەحمود عوسمان: ناوەرۆكی كۆبونەوەكەمان بەتەواوەتی لا نییە، بەڵام بەگوێرەی وتەكانی كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا دیارە جۆرێك لەتێگەیشتن لەنێوانیان دروست بووە، گرنگیش ئەوەیە یەكێتی كاتێك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە ئایا یەكێتی دەتوانێ‌ لێكنزیكبوونەوە لەنێوان گۆڕان و پارتی دروست بكات؟، چونكە پارتی لەگەڵ كۆبونەوەیە بەبێ‌ مەرج، لەهەمان كات بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجی گەڕانەوەی دۆخی هەرێم بۆ پێش 12 ئۆكتۆبەر ئامادەی دانوستان و گفتوگۆكردن دەبێ‌، بۆیە هێشتا زووە قسە لەسەر ئەمە بكرێ‌، چونكە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تریش بكرێ‌، بەڵام بێ‌ گومان لایەنەكانیش دەیانەوێ‌ جۆرێك لە لێكتێگەیشتن هەبێ‌ لەنێوانیاندا هەموو لایەكیش باس لەوەدەكات، كە دەبێ‌ بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێ‌، لەهەمان كاتیش فشاری ناوخۆی و دەرەكیشان لەسەرە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانە رێكبكەون، چونكە بارودۆخی كورد لەبار نییە بۆ هەبوونی ناكۆكی، بۆیە ئومێدەوارین لایەنە سیاسیەكان بگەن بەئەنجامێك.

خەڵك: بەرای ئێوە هەرێمی كوردستان لەبارە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەنێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن؟
مەحمود عوسمان: دەتوانرێ‌ بكرێ‌، بەڵام بەلێك تێگەیشتن دەكرێ‌، نەوەك تەحەداكردن، چونكە هەموویان رێككەوتون، كە بەرێككەوتن و لەیەكگەیشتن و سازان كارەكان بكەن، نەوەك بەفەرزكردن لەسەر یەكتر، چونكە خۆیان حكومەتی بنكەفراوانیان دروست كرد، كە هەموو لەحكومەت بن، كە پێموایە هەڵەبوو، چونكە پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەبێ‌، هەروەها كۆبونەوەی 23ی حوزەیرانیش وەكو تەحەدای لێهات، بۆیە بەبۆچوونی من هەڵەبوو، نەدەبوایە بكرێ‌، نیوەی پەرلەمان دژی نیوەكەی تر وەك فەرزكردنی لێهات، بۆیە ئەگەر بەرێككەوتن بووایە، رەنگە بگەیشتبان بەشتێك، چونكە ماوەی 20 ساڵە بەرێككەوتن كارەكان لەهەرێم بەرێوەبراون، نەوەك بەزۆر، بۆیە دەبێ‌ هەر بەم شێوەیە ئەمەش تێبپەڕێنن، ئومێدیش دەكەم لەداهاتوو زۆرینە بڕیار بدات و كەمایەتی ملكەچی بێت، شتێكی باشە، تاوەكو دیموكراسیەت بچەسپێنین، بەڵام هێشتا لەكوردستان ئەوە دروست نەبووە، چونكە پەرلەمان مەرجەع نییە، لەبەر ئەوەی بڕیار بەدەستەكان لەدەرەوەی پەرلەمانن و حكومەتیش بەهەمان شێوەیە، بەمەش حزبەكان لەدەرەوە بڕیار دەدەن، بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتیش ئەو كێشانەی لێدەكەوێتەوە كە ئێستا بوونیان هەیە.

خەڵك: سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان ئێستا نەوت بەسەربەخۆ دەفرۆشێ‌، بەڵام تادێت قەیرانی دارایی زیاتر دەبێ‌ و موچە زیاتر دوادەكەوێ‌، پێتان وایە بەم سیاسەتە نەوتیەی ئێستای حكومەتی هەرێم سەركەوتو دەبێ‌؟
مەحمود عوسمان: تائێستا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە قەیرانەكە چارەسەر بكات و لەئایندەش نازانم تاچەند دەتوانێ‌ ئەمە بكات، بەڵام هەر لەسەرەتاوە كە ئێمە بەشێكین لەعێراق دەبوایە حكومەتی هەرێم هەوڵی لەگەڵ بەغدا هەبووایە، چونكە هیچ كەس ئیعترافی بەئێمە نەكردووە و ئەگەر كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكردایە و رێككەوتنی كردبا پێموایە زیاتر دەیتوانی كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات، بەڵام ململانێ‌ سیاسییەكان ئەمەیان تێكداوە  و نەمانتوانیوە هیچ كێشەیەك لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، كە ئەگەر بمانەوێ‌ یان نا هەر دەبێ‌ لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەین، چونكە ماددەی 140 و پێشمەرگە و نەوت و گاز هەر دەتوانی لەگەڵ بەغدا چارەسەری بكەی، رەنگە بتوانی هەندێ‌ شت بكەی لەگەڵ توركیا، بەڵام ئایا توركیا جێگەی پشت پێ‌ بەستنە و دۆستی كوردە، ئایا دەتوانێ‌ هەموو شتەكان لەتوركیا جێبەجێ‌ بكەی و ئەو نەوتەی فرۆشتوتە بەشی پێداویستیەكانت پڕدەكاتەوە، ئەمانە هەمووی پرسیار و ئەگەرن، بۆیە دەبێ‌ لەگەڵ بەغدا چارەسەری كێشەكان بكەین و ئەگەر چارەسەر نەكرێن، بزانین هۆكارەكەی چیە، لەهەمان كاتیشدا ئەگەر ئەڵتەرناتیڤی تری باشترت هەبێ‌ و دەتوانێ‌ جێبەجێی بكەی بۆچی نایكەی، چونكە بێ‌ گومان ئابوری سەربەخۆت هەبێ‌ باشترە، بەڵام لەسەر هەموو ئەمانەش هەر پەیوەستی بەبەغداوە لەرووی ماددەی 140 و پێشمەرگە و دەستوور، چونكە پێشتر رێككەوتنت كردووە لەگەڵ بەغدا دەستوور جێبجێ‌ بكەی، لەبەر ئەوە دەبێ‌ هەموو ئەمانە لێكبدرێنەوە و كامیان بەرژەوەندی میللەت دابین دەكات، بیكەیت، مانای ئەوەش نییە كە لەگەڵ بەغدا هەوڵتداوە فیدارڵی بچەسپێنی دژی یەك بن یان خەبات بكەی بۆ سەربەخۆیی، ئەگەر ئێمە توانیمان هەرێمی فیدراڵ بچەسپێنین هەنگاوە بۆ سەربەخۆیی گەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ددانمان پێدا بنێت، پێشم وایە زۆر شت هەیە دەبێ‌ چاوپێخشاندنەوەی بۆبكەین تاوەكو بەرەو پێشبچین.
AM:09:51:25/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 17934 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com