غالب محەمەد: بەرمیلی دووەمی نەوت دابەش دەكرێ
       
غالب محەمەد: بەرمیلی دووەمی نەوت دابەش دەكرێ

دیمانە- هۆشیار عەلی

لەگەڵ ئەوەی وەرزی سەرما دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا دابەشكردنی بەرمیلی یەكەم بەسەر هاوڵاتیاندا تەواو نەبووە و ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی ماون نەوت وەربگرن، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەش دەڵێت، سەرەتای مانگی یەك دووەم بەرمیل دابەش دەكرێت، لەم چاوپێكەوتنەی (تۆڕی میدیایی خەڵك) غالب محەمەد، زانیاری زیاتر لە بارەی هەرزانی بەنزین و گرانبوونی نرخی غازی ماڵان دەخاتەڕوو.

خەڵك: پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەكوێ‌ گەشت، بۆچی پرۆسەكە بە خاوی بەڕێوەدەچێت ؟

غالب محەمەد: دابەشكردنی نەوت بە پسوڵەی ژمارە 23 تەنها چەند گەڕەكێكی كەمی شاری سلێمانی ماوە، داواشمان لە حكومەت كردووە كە بڕێك نەوتمان بۆ بنێرێت، ئەویش بڕیاریدا كە بری 6 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا بۆی نەناردوین، ئەوە نەوتەشی كە لە پاڵاوگەی بازیانەوە بە دەستمان دەگات ڕۆژانە دابەشی دەكەین.

خەڵك: حكومەت تەنها ئەو 6 ملیۆن لیترە دەنێرێت، یان بڕەكەی زۆرە ؟
غالب محەمەد: حكومەت بەڵێنی داوە بڕی 100 ملیۆن لیتر نەوت بۆ شاری سلێمانی بنێرێت، بەڵام لە وەجبەی یەكەمدا بڕی 6 ملیۆن دەنێرێت، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەو بڕە نەوتە دەكەین.

خەڵك: پسوڵەی نوێ‌ دابەش كراوە بەسەر هاوڵاتیان ؟
غالب محەمەد: كێشە لە دابەشكردنی پسوڵە نییە، كێشە  لەوە هەیە كە نەوتەكە بڕەكەی كەمە، تا ئێستاش ئاگاداری دابەشكردنی پسوڵەی نوێ نیم دابەش كرابێت.

خەڵك: كەی نەوتی تر دەدرێتە ناوچە شاخاوییەكان ؟
غالب محەمەد: هەركات ئەو بڕە نەوتەی كە حكومەت وەك وەجبەی یەكەم دەینیرێت، تا پێمان نەگات، ناتوانین دەست بە دابەشكردنی نەوت بكەینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەكان، ئەوەش لە كاتێكدایە ساڵانی ڕابردوو سێ‌ بەرمیل نەوت بە ناوچە شاخاویەكان دراوە.

خەڵك: كەی كۆتایی بە دابەشكردنی بەرمیلی یەكەم دێت ؟
غالب محەمەد: كۆتایی مانگی 12، پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بۆ بەرمیلی یەكەكەم تەواو دەبێت، ئەگەر بێت و حكومەت بڕە نەوتەكە بنێرێت پێش ئەو وادەیە پرۆسەكە كۆتایی دێت و دەست بە دابەشكردنی نەوت بۆ پسوڵەی 24 دەكرێت وسەرەتاش لە دەرەوەی شار دەست پێدەكرێت.

خەڵك: بۆچی حكومەت ئەو بڕە نەوتە نانێرێت لە كاتێكدا هاوڵاتیان ئێستە پێویستیان بە نەوت هەیە ؟
غالب محەمەد: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوكاری لەسەر هەموو شتێك هەڵگرتووە، فێڵی زۆری تیا دەكرێت، سلێمانی یەكێكە لەو پارێزگایانەی كە زۆرترین نەوتی تێدایە، بەڵام پاڵاوگەی تیا نییە، ئەوەش كارەسات  وەزارەتێك ناتوانێت لەو شوێنەی كە نەوت هەیە پاڵاوگە دروست بكات، سامانە سروشتییەكان ئەوەندەی بیر لەوە دەكاتەوە چۆن هەڕاجی نەوت بكات ئەوەندە بیر لە شتی تر ناكاتەوە، وەزارەتێكی حزبیە.

خەڵك: بڕیاربوو بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی بەنزینخانە بازرگانییەكان چەند مەرجێكیان بۆ دابنرێت، یەكێك لەو مەرجانە هاوردەكردنی بەنزین زۆر تا نرخەكەی دابەزێت ؟
غالب محەمەد: بەڵێ‌، یەكیك لە مەرجەكانی نوێكردنەوەی بەنزینخانە بازرگانیەكان، هاوردەكردنی بەنزینە زۆرە، تا كێبڕكێ‌ دروست ببێت و نرخەكەشی هەرزان بێت، ئەو بابەتەش پەیوەندی بە پارێزگارەوە هەیە، كۆمپانیایەكیش ئێستا لە چەند شوێنێك بەنزینخانەی كردووەتەوە و بەنزین بە 650 دینار دەفرۆشێت، ئەگەر نرخی نەوتیش بەو شێوەیە بێت هەرزانتریش دەبێت.

خەڵك: دەربارەی گازوایل، هیچ كێشەیەك هەیە، ئەگەری قەیران نییە ؟
غالب محەمەد: قەیرانمان نییە، ئەو ڕێژە گازەی لە دەرەوە دێتە سلێمانی نرخەكەی زۆر لە گازی ناوخۆ هەرزانترە، ئەوەی ناوخۆ بە 600 دینار و 650 دینارە، بەڵام ئەوەی كە لە دەرەوە دێت نرخی 500 دینارە.

خەڵك: غازی شلی ماڵان بۆ نرخەكەی بەرز بووەوە ؟
غالب محەمەد: لە ئێستادا ناتوانم هیچ شتێكی لەسەر بڵێم، بەڵام خەریكی بەدواداچونێكم لەسەر زیادبوونی نرخی غازی شلی ماڵان، ئەوەی تا ئێستا دەركەووتوە، پێم وابێت ئەو زیادەیە بۆ حكومەت نییە، گوومان هەیە و نازانرێت بۆ كێ‌ یە، لە داهاتوودا قسەی زیاترم دەبێت لەسەری.

خەڵك: پاڵاوگەی دوكان بە كوێ‌ گەیشت ؟
غالب محەمەد: وەك خۆی ماوە، بەشێكی زۆری تەواو بووە، چاوەڕێی  وەزارەت دەكەین كە مۆڵەتمان بداتێ‌، ئەو پاڵاوگەیەش یەكەی چاككردنی بەنزینی نییە، ئەگەریش دەست بەكاربێت بەنزینەكەی هەڵوەسوكەتی لەگەڵ نەكرێت تا چاك دەكرێت.

خەڵك: پارێزگار له‌ سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غداد ده‌رباره‌ى سوته‌مه‌نى هيچ به‌ڵێنى وه‌رگرتووه‌ ؟

غالب محه‌مه‌د:لەسەردانەكەی پارێزگار بۆ بەغداد، ئێمە ئەومان دەستكراوە كرد كە بە تایبەتی باسی پرسی سوتەمەنی بكات، بەڵام لە دوای  گەڕانەوەی هیچ زانیاریەكی و قسەیەكی بە ئێمە نەداوە، بۆیە داوامان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەن كردووە كە ئاگادار كردووتەوە، ئەوانیش نوسراویان ئاراستەی پارێزگار كردووە بۆ ڕوونكردنەوە.

PM:02:34:18/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 13059 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com