"ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەری كێشەی موچە دەكات"
       
"ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەری كێشەی موچە دەكات"

 خەڵك-  نەبەز محەمەد_ كێوان عومەر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2016ی پەسندكردو بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكیشدا دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەوپرۆژە یاسا گرنگە دەست پێبكات، بەهەمان شێوەی ساڵی رابردووش پشكی 17%ی هەرێم پەیوەستكراوە بەهەناردەكردی  550 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، لەم چاوپێكەوتنەدا، ئەرشەد تەها، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای زانكۆ، باس لەگرنكی ناردنی ئەو بەشە بودجەیە بۆهەرێم و سیاسەتی ئابووری عێراق  و هەرێمی كوردستان دەكات ، هەروەها باسی هۆكاری جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكەی پارساڵی نێوان هەرێم وبەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە دەكات.

خەڵك: پێتوایە هێشتنەوەی پشكی 17%ی هەرێم لەبودجەی ساڵی2016دا، چارەسەری قەیرانەكانی هەرێم دەكات؟

ئەرشەد تەها: ئەگەر هەردوولا پابەندبن بەرێككەوتنەكە، لانی كەم چارەسەری كێشەی موچەو پێداویستیە سەرەكییەكان دەكات، بەڵام نابێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری هەرێم، كەرتی ئابووری ناگەرێتەوە بۆ پێش ساڵی 2013 ، چونكە لەم ماوەیەدا  پرۆژەكان پەكیان كەوتووە بەشێكی كۆمپانیاكان ئیفلاسیان كردووە،  رێككەوتنەكە باشە بۆ ئەوەی حاڵمان لە ئێستا خراپتر نەبێت،  چونكە  كەرتی ئابووری بە  دابینكردنی مووچە نابوژێتەوە، ئەوەی لەو ڕێككەوتنشەدا دەست هەرێم دەكەوێت تەنها بەشی موچە دەكات و بڕێكی كەمی دەمێنێتەوە كە تەنها بەشی خەرجی وەزارەتەكان دەكات،  پێویستیە باس لەوە بكەین هۆكاری سەرەكی قەیرانەكەو پابەند نەبوونیش بەرێككەوتنەكە  پەیوەستە بەنرخی نەوتەوە، لە رابردوودا شارەزایانی ئابووری  هۆشداریاندایە هەرێم و حكومەتی ناوەندیش كەتەنها پشت بەداهاتی كەرتی نەوت نەبەسترێت، چونكە  نرخی نەوت بەردەوام لە  هەڵكشان و داكشاندایە لەهەمانكاتدا بۆتە كاڵایەكی سیاسی و وڵاتان شەڕی یەكتری پێدەكەن، بۆیە پێویستە كەرتەكانی تری چالاك بكرێن وپشتیان پێببەسترێت بە تایبەتی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتو گوزار.

 
خەڵك:بۆچی لەماوەی ئەو چەندساڵەدا كەرتەكانی تر نەبوژێنراونەتەوە؟

ئەرشەد تەها: لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو ووڵاتانەی كە نەوت هەناردە دەكەن كەرتەكانی تریان پەراوێزخستووە( جگە لە قەتەر وئیمارات)، هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە كەرتەكانی ترپەراوێز خراوە، بەڵام دەتوانرا لەنێوان ساڵانی( 2003-2013 )كەرتە ئابووریەكانی تر پێشبخەن و زۆر باشتری بكەن لەوەی كەئێستا هەیە چونكە جگە لەداهاتی ناوخۆ،  هەرێمی كوردستان پشكی 17%شی لە عێراق وەردەگرت .

خەڵك:باس لەوە دەكرێت وەفدەكانی هەرێم نازانن یان ناتوانن ڕێككەوتنێك كە گەرەنتی جێبەجێكردنی هەبێت لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدات، بەبڕوای ئێوە گرفتی بەردەم جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم وحكومەتی ناوەندی عێراق چی یە؟

 ئەرشەد تەها: ئەوكاتەی كەرێككەوتنەكەی ساڵی ڕابردوو لەنێوان بەغداو هەرێم  ئیمزاكرا، پێموابوو كە سەركەوتوو نابێت، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموو مەرجەی بەغداو هەرێم بۆ یەكتریان دانابوو، چونكە ئەوە ئاشكرایە لەم ووڵاتەدا حكومەت و دامەزراوەكانی حكومەت بەدامەزراوەیی نەكراون ویاسا سەروەر نیە لەبەر ئەوە هیچ گرەنتیەك نیە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، شكستی ڕێككەوتنەكەش هەر زوو بە دیاركەوت و هەر دوولاش یەكتریان بە پابەندنەبوون بە ریَِككەوتنەكە تۆمەتباركرد، ئەوەی لە پرۆژە یاسی بودجەی ساڵی 2016دا هەیەهیچ گۆڕانكاریەكی تێدا نەكراوە و هەمان ڕێككەوتنە و هەمان سیناریۆی  ساڵی پارە.

خەڵك: بەپێی وتەی پەرلەمانتارێك، ئەگەر هەرێم پابەندیش بێت بە ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت، بەغدا ئامادە نیە پشكی هەرێم بنێرێت، لەم حاڵەتەدا هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات ؟

ئەرشەد تەها: كێشەكە گەورەكە ئەوەیە، چونكە هێشتا نەچوینەتە ناوساڵی2016 ، لەئێستاوە عێراق رایگەیاندوە كە كە رێژەی كورتهێنان لەبودجەدا 30% و بودجە تەنها بەشی موچەدەكات، لەو حاڵەتەدا مامەڵە كردن لەگەڵ عێراقیشدا ئاسان نابێت چونكە بۆ خۆشی ڕووبەڕوی قەیرانی دارایی دەبێتەوە، لەكاتێكدا بودجەكەی تەنها بەشی موچە بكات، هەرێم چۆن دەتوانێـت داوای پشكەكەی خۆی بكات.

 
خەڵك: بەبڕوای ئێوە سیاسیەتی نەوتی هەرێم سەركەوتوو بووە و دەتوانێت قەیرانی ئابووری چارەسەر بكات؟
ئەرشەد تەها: ناتوانرێت باس لە چارەسەری قەیرانی دارایی بكەین، تا دان بەوەدانەنێین كە ناتوانین تەنها لەڕێگەی نەوتەوە ووڵات بەرێوە بەرین، ڕاستە نەوت گرنگە، بەڵام ناكرێت بەتەنها پشتی پێ‌ ببەسترێت، پێویستە سوود لەكەرتەكانی تر وەربگیرێت، پرۆژەی ستراتیژی بنیات بنرێت.

خەڵك:لەماوەی نێوان 2003-2013 كەرتی تایبەت بوژاوەتەوە بەتایبەت كەرتی نیشتەجێبوون، هۆكاری بوژانەوەی كەرتی تایبەت لەوماوەیەدا چیە؟

 ئەرشەد تەها: پرۆژەكانی كەرتی نیشتەجێبوون گەورەترین هەڵە بوو كە لەو ماوەیەدا كرا، كەرتی تایبەت نەبوژێنرایەوە بەڵكو بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبوونەوە زەوی  بۆكۆمەلێك بارزگان تەرخانكرا بۆئەوەی بەناوی  چارەسەركردنی  قەیرانی نیشتەجێبوونەوە پرۆژەی لەسەربنیات بنێین ، لەكاتێكدا نرخی بەشێك لەویەكە نیشتە جێبوونانەی كە دروست كراون دەگاتە نزیكە 1 ملیۆن دۆلار،  ئەمەش تەنها بۆ قازانجی  كۆمەڵە خەڵكێك بوو، نەك بۆ بوژاندنەوەی كەرتی ئابووری، بەڵگەش بۆراستی قسەكانم ئەوەیە كە لەماوەی ڕابردوودا یەكێتی خاوەن كارەكان و یەكێتی بەڵێندەران ڕایانگەیاند، كە 30 ملیاردێر لەكوردستان هەیە، لەكاتێكدا ملیاردێر لەووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا ئەو كۆمپانیایان كە تەمەنیان 100 ساڵە و بەرهەمی تایبەت بەخۆیان هەیە و بەرهەمەكانیان جیهانی داگیركردوە، بەڵام  بەشێك لە خاوەن كۆمپانیاكان وسەرمایەدارەكانی هەرێم بێ‌ ئەوەی پرۆژەی ستراتیژیان هەبێت و هیچ پرۆژەكیان گرنگیان ئەنجامدابێت، بونەتە ملیاردێر، بەكورتی لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا تەنها كۆمەلێك بازرگان و  خاوەن كۆمپانیا قازانجیان كرد بەڵام خەڵك  زینی گەورەی پێگەیشتو ژێرخانی ئابووریش وێران بوو.

خەڵك:لە ڕووی ئابووریەوە لەئێستادا بەغدا پێویستی بەهەرێمە یان بەپێچەوانەوە یان هەردووكیان پێویستیان  بەیەكتریە؟

ئەرشەد تەها: تائێستا هەرێم خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە كە لەگەڵ بەغدا دەمێنێتەوە یان نا،  ڕۆژێك باس لەسەربەخۆیی و جیابوونەوە دەكات، ڕۆژی دواتریش باس لەیەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات،  كاتێك بەغدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێـتەوە پێویستی بەهەرێمەو هەرێمیش بەهەمانشێوە، بەكورتی هەردوولا  بەمیزاج سیاسەت دەكەن، ئەمە جگە لەكاریگەری ووڵاتانی دەوروبەر،  چونكە بەرژەوەندی ئەو ووڵاتانە بریار لەسەر  پێكەوبوونمان یان جیابوونەوەمان دەدەن، بەڵام لەو واقیعدا ئێمە بەشێكین لەعیراق پێویستمان بەكتریەو پێویستە هەردوولا عێراق بنیات بنێنەوە ژیانێكی ئارام بۆ خەڵك دابین بكەن.

خەڵك: ئەزموونی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، چۆن هەڵدەسەنگێنن یان جارێ‌ زووە هەڵسەنگاندنی بۆبكرێت؟

ئەرشەد تەها: پێشتر بەرپرسانی هەرێم دەیانوتت ئەگەر بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشین دەتوانین  بودجەو موچە دابین بكەین قەیرانە ئابووریەكان چارەسەربكەین، بەڵام واچەند مانگێكە لەوبڕەش زیاتر بەشێوەی سەربەخۆدەفرۆشن، بەڵام نەتوانراوە قەیرانەكان چارەسەر بكەن، لەوانەیە پەیوەندی بە نەبوونی ئەزموونەوە هەبێـت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تاكو ئێستاش ڕوون نەبۆتەوە هۆكارەكەی چیە.
  

PM:08:47:28/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 5844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com