"بێكاری لە هەرێم بەرێژەی پێشبینی نەكراو زیادی كردووە"
       
"بێكاری لە هەرێم بەرێژەی پێشبینی نەكراو زیادی كردووە"

چاوپێكەوتن - ژیان سان

بە گوێرەی ئامارێك كە لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بڵاوكراوەتەوە باس لەوە دەكات كە رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لە 9% ، لە میانەی بەشداری كردن لە بەرنامەی(لە خەڵكەوە) لە رادیۆی خەڵك بێستون سابوراوایی مامۆستای بەشی ئابوری لە زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستای هەرێم رێژەی بێكاری لە 30% زیاترە، چونكە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی پەكی كەوتووە.

خەڵك : بە پێناسەیەكی كورت هۆكاری بیكاری چییە؟
بێستون سابوراوایی : لە روانگەی زانستی ئابورییەوە هۆكاری سەرەكی ئیفلیج بوونی پرۆژەكانی وەبەرهێنانە، ئەوەی لە ئێستاشدا بەدی دەكرێت پرۆژەكانی وەبەرهێنان‌و خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی پەكی كەوتووە، ئەمە جگە لەوەی حكومەت نەیتوانیوە وەك پێویست پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی بكات.

خەڵك : ئەو ئامارەی لە لایەن وەزارەتی كارەوە بڵاو كراوەتەوە كە رایگەیاندووە رێژەی بێكاری لە هەرێم گەیشتۆتە 9% ئەوە تاچەند راستە؟
بێستون سابوراوایی : هەرچەندە وەزارەتی كار رایگەیاندووە ، ئەو رێژەیە دەقیق نیە بەڵام ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی‌و وەبەرهێنان‌و كەرتەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازاڕ ببینێت هەست بەوە دەكات كە رێژەی بیكاری زۆر لەوە زیاترە كە ئێمە پێشبینی دەكەین كە رەنگە لە سەروو لە 30% وە بێت، ئەمە ئەگەر ئەو گەنجانەشی وڵاتیان جێهێشتووە ئەژمار بكرێت، چونكە بەشێك لەوانە لە تاو بیكاری رۆشتوون.

خەڵك : هۆكاری سەر هەڵدانی بێكاری چییە؟
بێستون سابوراوایی: ئەوە مێژووەكەی رەنگە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی عیراق بگەرێتەوە ، چونكە ئەو سیاسەتێكی بەكار دەهێنا كە حكومەت هەموو شتێك پێشكەشی خەڵك بكات بێ ئەوەی ماندوو بن ، لە دوای راپەرینیشەوە هەمان سیاسەتی زەرنەقووتە بەكارهێنرا بۆ ئەوەی هەمیشە خەڵك چاوەڕوان‌و موحتاجی دەستی دەسەڵات بێت.

خەڵك : دەبوو حكومەتی هەرێم لە جیاتی سیاسەتی زەرنەقوتە چی سیاسەتێكی تری پیادە بكردایە؟
بێستوون سابوراوایی: وا پێویست بوو هەرێم سیاسەتی ئابوری كراوەی بەكاربهێنایە، كەرتی تایبەتی زیاتر هانبدایە بۆ وەبەرهێنان ، ئەوەش لە لایەك رێژەی بیكاری كەمدەكردەوە لەلایەكی ترەوە خەڵكی هاندەدا لە جیاتی ئەوەی روو لە كەرتی گشتی بكەن، روویان لە كەرتی تایبەت دەكرد.

خەڵك : بۆچی خەڵك  دەیەوێت لە كەرتی گشتی واتە لە حكومەت دابمەزرێت؟
بێستون سابوراوایی : ئەوەش پەیوەندی بە سیاسەتی هەڵەی حكومەتەوە هەیە، كە یاسایەك نیە پشتیوانی‌و زەمانەتی ژیانی ئەو كەسانە بكات كە لە كەرتی تایبەت دادەمەزرێن، وەك خانەنشینی‌و وەرگرتنی شوقەی نیشتەجێبوون یان زەوی‌و هەر ئیمتیازێكی تر كەبۆ فەرمانبەری كەرتی گشتی هەیە بەڵام بۆ كەرتی تایبەت نیە.

خەڵك: بەڵام یاسایەك هەیە بۆ زەمانەتكردنی ژیانی كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.
بێستون سابوراوایی: راستە یاساكە هەیە بەڵام كاری پێناكرێت.

خەڵك: جگە لە بێكاری ئاشكرا هیچ جۆرە بێكاریەكی تر لە هەرێم بوونی هەیە؟
بێستون سابوراوایی: بەڵێ‌ بە هەزارها كەس لە كەرتی گشتی دامەزراون بەڵام بێكارن ئەوە لە زانستی ئابوریدا پێی دەوترێت بێكاری شاراوە.

خەڵك:  ئەگەر بێكارن بۆچی دامەزراون؟
بێستون سابوراوایی: ئەمە پەیوەندی بەو دەسەڵاتەوە هەیە كە ماوەی 23 ساڵە حوكمی ئەم هەرێمەی كردووە ، كە بۆ دەنگدان و كۆكردنەوەی جەماوەر لە دەوری خۆیان ئەم سیاسەتەیان پەیرەوكردووەو خەڵكیان دامەزراندووە.

خەڵك : ئەگەر رێژەی بیكاری ئەوەندە زۆرە ئەو هەموو كرێكارە بیانیە بۆچی لە هەرێم هەیە؟
بێستوون سابوراوایی: بەداخەوە ئەوە پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە ، نەك حكومەت، وامان لێهاتبوو خەرێك بوو ئەبووین بە كۆمەڵگەیەكی ئەفەندی، بەو مانایەی كە خەرێكی خۆتەكاندن بین و عارەقی ماندووبوون نەكەین و خەڵك خزمەتمان بكات ، گەنجانی ئێمە لە وڵاتانی ئەورپی ئامادەن هەموو كارێك بكەن بەڵام لە وڵاتەكەی خۆمان پێیان شەرمە هەندێك كار بكەن.

PM:08:51:24/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 2061 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com