"هەرچی لەبەرژەوەندی خەڵك بێ، حكومەت جێبەجێی ناكات"
       
"هەرچی لەبەرژەوەندی خەڵك بێ، حكومەت جێبەجێی ناكات"

خەڵك- نەبەز محەمەد
ئیدریس رەمەزان شارەزای ئابووری لە چاوپێكەوتنێكی (خەڵك)دا باس لەوە دەكات، حكومەتی هەرێم ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵك بێ پێوەی پابەند نابێ و بە پێچەوانەشەوە، دەشڵێت "لە دنیادا نەمبینیوە، حكومەت لە بەرژەوەندی خۆی كاربكات و زەرەر لە هاوڵاتییەكانی بدات".

خەڵك:  چۆن لە بڕیاری زیاد كردنی باج و رسوماتی گومركی شتومەكی هاوردە كراو، دەڕوانن؟ 
ئیدریس رەمەزان: بە بۆچوون من زەرەرمەندی یەكەم و سەرەكی لەم جۆرە بڕیارانەدا بەتایبەتی لەم ساتانەدا خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەی وڵات لە قەیرانێكی دارایی گەورەدایە، لەلایەكی ترەوە حكومەت دەیەوێت داهاتەكانی خۆی لەرێگەی دەركردنی بڕیاری لەم شێوەیەوە زیاد بكات، بەڵام  دەبێت ئەوە مان لەبیر نەچێت، كە لەحاڵەتی ئاساییدا ئەم بڕیارە سودی بۆ  هاوڵاتیان و حكومەتیش هەیە، چونكە زیادكردكردنی باج و رسوماتی گومرگ هۆكارێكی سەرەكیە بۆ بوژاندنەوەی سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆماڵی ، بەڵام لەسەردەمی ئەمڕۆماندا كە  داهاتی ناوخۆ بەپێی پێویست نیە، بێ‌ گومان بڕیارێكی لەو جۆرە تەنها زیانی هەیە نەك سوود، چونكە دواجار گرانبوونی نرخی كەلوپەلە هاوردەكراوەكانی لێ‌ دەكەوێتەوە.   

خەڵك: لەدەركردنی  ئەم بڕیارەدا موچە و داهات و بژێوی خەڵك  لەبەر چاو گیراوە ، ئایا بەپێی پلان ئەم بڕیارانە دەدرێت یان بەشێوەیەكی هەرەمەكیەو لەسەر بنەمای كورتهێنانی بودجەی عیراق  دەدرێت ؟
ئیدریس رەمەزان: بە بۆچوونی من هەموو ئەو بڕیارانەی لە ئێستادا كە بەناوی چاكسازیەوە دەدرێت لەزەرەری هاولاتیاندایە، چونكە بارودۆخی  ئابووری ئێستا گونجاو نیە بۆ جێبەجێكردنیان، بەپێچەوانەوە دەبوایە حكومەت  پێشتر ئەو بڕیارانەی بۆ زیادكردن و رێكخستنی داهات دەربكردایە، نەك ئێستا كە تەنها ئامانج لەو بڕیارانە پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە، بەڵام لە حاڵەتی سەقامگیری ئابوریدا ئەم بڕیارانە هۆكارێكی سەرەكین بۆ خۆشگوزەرانی بەمەرجێك  داهاتی ئەو باجانە بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی خەڵكی، لەعێراق و هەرێمیشدا ئێمە نەمان بینیوە ئەم باجانە بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی خەڵك.

خەڵك: وەك شارەزایەكی ئابووری پێتان وایە حكومەتی هەرێم پابەند بێ بەم بڕیارەوە و جێ‌ بەجێی بكات؟
ئیدریس رەمەزان: پێم وایە هەر بڕیارێك كۆسپ بۆ خەڵكی دروست بكات حكومەتی هەرێم پێوەی پابەند دەبێت، بەڵام هەر بڕیارێك لە سودی خەڵكدا بێت هەرێم پابەند نابێت پێوەی، دەتوانین بڵێین بە بیانووی دابەزینی نرخی نەوت و كەمی ڕێژەی داهاتی ناوخۆ هەرێمیش بەو بڕیارە پابەند دەبێت، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو دابەزینە لەنرخی نەوتدا بكاتەوە،  ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە هەموو دنیادا حكومەت هەمیشە لەبەرژەوەندی خەڵك كار دەكات، نەمبینیوە حكومەت لەبەرژەوەندی خۆی كاربكات و زەرەر لە خەڵكی بدات،  بەڵام ئەوەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەیبینین هەمووی زەرەر و زیانە بۆ خەڵكەكەی.

خەڵك:  لەحاڵەتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەدا دۆخی بازار چی بەسەر دێت؟
ئیدریس رەمەزان: هەرچەندە ئێستا هەڵئاوسانێكی گەورە بازاڕی داگیر كردوە و داهاتیشی زۆر زۆر كەمە، بۆیە باج خستنە سەر ئەم داهاتانە وادەكات هەڵئاوسانێكی زیاتر روو لەبازاڕەكان بكات، كاریگەری گەورە  لەسەر ژیانی خەڵك دروستدەكات، و ئەم هەڵئاوسانەش ئایندەی ئابووری دەخاتە مەترسیەوە.

خەڵك: ئایا بازرگانان لەم دۆخەدا زیانیان پێ‌ دەگات؟ و ئایا بازرگانان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەكەن؟
ئیدریس رەمەزان: رەنگە بازرگانانیش لەگەڵ ئەم جۆرە بڕیارانەدا نەبن، بەڵام ئەوەی كە قەرەبووی ئەم زەرەر و زیانانە دەدات تەنها  هاوڵاتیانن،  بەڵام بازرگان خاوەن قازانجی خۆیەتی، چونكە كاتێك كاڵایەك دەكڕێت و باجێكی زۆر  دەچێتە سەری، ئەمیش بە نرخێكی گرانتر  دەیخاتە بازاڕەوە. 

خەڵك: ئێستا بەهۆی داكەوتنی موچە و كەمی پارە لای هاوڵاتیان، خەڵكی پارەی پێ‌ نییە و بازاڕ پەكی كەوتوە، ئایا لەم دۆخەی كە خەڵك پارەی پێ‌ نیە، شكست بەو بڕیارە دەهێنێت؟
ئیدریس رەمەزان: لە هەموو كاتێكدا ئەو بڕیارانەی دەردەكرێن ئەگەر بیر لە بەرژەوەندی تاكەكان نەكرێتەوە، بێ‌ گومان كاردانەوەی بەدوادا دێت، بەبڕوای من جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش خۆپیشاندان و نارەزایەتی سەرتاسەری لێ‌ دەكەوێـتەوە ، چونكە  خەڵك سەڕەرای نەبوونی داهات و موچە بەرگەی ئەم جۆرە دۆخە ناگرێت.



AM:08:56:08/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 1287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com