كە جەماروەر تەقیەوە بە چوار لایەنەكەش كۆنترۆل ناكرێت
       
كە جەماروەر تەقیەوە بە چوار لایەنەكەش كۆنترۆل ناكرێت

خەڵك - بەهرۆز رەحیم- كێوان عومەر

ئەندامێكی چڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران رایدەگەیەنێت، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت مەسعود بارزانی بۆماوەی 10 ساڵی دیكە سەرۆكی هەرێم بێت و ئامادە نیە هیچ لە داواكارییەكانی خۆی بێتەخوارەوە.
لەمیانی بەشداریكردن لەبەرنامەی دیوی دووەمی هەواڵ، لە رادیۆی (خەڵك) كوێستان محەمەد، ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران، دەڵێت:"ئەگەر پارتی بە پێشنیارەكانی 4 لایەنەكە رازی نەبێت ، پێویستە كۆتایی بەم گەمەیە بهێنین‌و ئەو 4 لایەنە بەشداری كۆبوونەوەی دیكە نەكات.

خەڵك: كێ‌ بەرپرسی یەكەمە لە دروستكردنی ئەم قەیرانەی  ئێستا دروست بووە؟
كوێستان محەمەد: لای هەموولایەك ئاشكرایە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسی یەكەمە لە دروستكردنی ئەم قەیرانە، چونكە لە ئێستادا هەریەك لە گۆران‌و یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ، دەیانەوێت مامەڵەیەكی یاسایانە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت، سیستم ببێتە پەرلەمانی تەواو بەڵام، پارتی دەیەوێت، بۆ ماوەی 10 ساڵی دیكە مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە.

خەڵك: بۆچی هیچ لایەك، ئامادەی سازش كردن نین، لە كاتێكدا داوای سازان ئەكرێت؟

كوێستان محەمەد: بەپێچەوانەوە 4 لایەنەكە سازشیان لە داواكارییەكانی خۆیان كردووە ، كە بەبڕوای من نەدبوو بیكەن، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆكە لەناو خەڵكەوە بە مەرجی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكان ، یان هەلبژاردنی لەناو پەرلەمان بەمەرجی مانەوەی بەشێكی زۆر لەدەسەڵاتەكان، لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەوە سازشكردنە لەو داواكاریانەی پێشوو كە چوار لایەنەكە هەیان بوو، بەڵام لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری قەیرانەكان چوار لایەنەكە لە ئاستی داواكارییەكانیان هاتنە خوارەوە.

خەڵك: بەڵام هەرزوو وەڵام درانەوە .

كوێستان محەمەد: ئەوە راستە ئێمە چاوەروانی ئەوەمان نەدەكرد، زۆر بەداخەوە نێچیرڤان بارزانی كە خۆی بەدەوڵەتمەدار دەزانێت، بە پرۆژەی چوار لایەنی سەرەكی بڵێت:"داواكاری سەیر" كەئەوە لە فەرهەنگی هیچ دەوڵەتمەدارێكدا نیە، بەلای ئێمەوە ئەوە سەیرە كە سەرۆكی حكومەت سێ‌ مانگە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە، ئەوە سەیرە كە ئەو سەرۆكی حكومەتێكە ئیفلاسی كردووە، ئەوە سەیرە كە رۆژانە دەیان گەنج وڵات جێدەهێلێت قسەیەكی نیە لەسەر كۆچی گەنجان، ئەوە سەیرە كە ئەو سەرۆكی حكومەتێكە دەیان قەیران بوونی هەیە، ئەوە سەیرە ئەو سەرۆكی حكومەتە‌و حزب بەحزب ئەگەرێت بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم درێژ بكرێتەوە، بۆیە خۆی سەیرترین سەرۆكی حكومەتە.

خەڵك: واتە ئەوەی ئێوە تێیگەیشتوون پارتی بەو بژاردانەی چوار لایەنەكە رازی نیە؟

كوێستان محەمەد: نەخێر هەموو ئەو لێدوانانەی لە بەرپرسانی پارتیەوە گوێبیستی دەبین، ئاماژەی روونن، بەوەی كە پارتی ئامادەنیە تۆزقاڵێك لە داواكارییەكانی خۆی بێتە خوارەوە ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ، كە كۆبوونەوەی 5 قۆڵی بێ‌ ئەنجام دەبن‌و پارتی نێتی نیە سازان بكات لەگەڵ 4 لایەنەكەدا.

خەڵك:بۆچی پارتی دەیەوێت ئەو كێشەیە لە دەرەوەی پەرلەمان یەكلا بێتەوە؟

كوێستان محەمەد: ئامانجی پارتی لەو مەسەلەیە ئەوەیە، دەیەوێت خواست‌و داواكارییە حزبییەكانی خۆی بەسەر خەڵكدا بسەپێنێت.

خەڵك: حیكمەتی درێژە كێشانی كۆبوونەوەكان چییە؟

كوێستان محەمەد: ئێمە باوەڕمان وایە گفتوگۆی سیاسی باشترین رێگە چارەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، لە پێناو ئاشتەوایی یەكڕیزی پەنا براوەتە بەر گفتوگۆی سیاسی و یاسایی.

خەڵك: بنكەی جەماوەری 4 لایەنەكە تا چەند رازین بەم دۆخەی ئێستا؟

كوێستان محەمەد: ئێمە ئەوە دەزانین جەماوەری هەر چوار لایەنەكە زۆر توڕەو نیگەرانن بە تایبەت لە 4 حزبەكە ، چاوەڕوانی ئەوەن كە كێشەكان بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت، بەڵام دوور نیە ئەوانیش كۆتایی بەو سەبرە بهێنن بەرەیەكی جەماوەری بەرفراوان پێكبێهنن، ئەو كاتە بە چوار لایەنەكەش كۆنترۆڵ ناكرێت.

خەڵك: پێتان وایە بەردەوام بوونی  كۆبوونەوەكان هیچ سودێكی دەبێت؟

كوێستان محەمەد: هیوادارین پارتی بە یەكێك لە پێشنیارەكان رازی بێت ، كە لە بەرژەوەندی خۆی‌و میللەتەكەشمانە، بەڵام  ئەگەر پارتی بە پێشنیارەكانی 4 لایەنەكە رازی نەبێت ، پێویستە كۆتایی بەم گەمەیە بهێنین‌و ئەو 4 لایەنە بەشداری كۆبوونەوەی دیكە نەكات.




PM:12:34:02/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 1363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com