پەژارە<br>چیرۆکی ئەنتۆن چیخۆف
       
پەژارە
چیرۆکی ئەنتۆن چیخۆف

لە فارسیەوە: رەووف بێگەرد

سەرلەئێوارەیە، کلوو بەفرە گەورەکان، هێدی هێدی، بە دەوری ئەو چرایانەدا دەسووڕینەوە کە تازە داگیرساون، وەک پۆشاکێکی نەرم و ناسک، بەسەر سەربان و پشتی ئەسپ و شان و کڵاوی ڕێبواراندا دەنیشنەوە.

ئەیوناپوتاپۆڤی گالێسکەوان، سەرتاپای سپی بوە و هەر لە تارمایی دەچێت. تا ئەو ئەندازەیەی کەسێکی بەتوانا خۆی بچەمێنێتەوە، پشتی چەماندۆتەوە و بێ جووڵە لە شوێنەکەی خۆیدا کڕبوە. لەوەدەچێت ئەگەر هەرەسی بەفرییشی بەسەردابێت بە پێویستیی نەزانێت تەکانێک بدات و بەفرەکە لە خۆی بتەکێنێت. ئەسپە لەڕ و لاتەکەیشی سپی پۆش و بێ جووڵەیە. ئەو ئاژەڵە داماوە بە هێوریی و بێ دەنگیەکەیدا، بە ئێسکی دەرپەڕیو و لاقە درێژ و چیلکە ئاساکانیەوە، کە لە نزیکەوە لە ئەسپە زەردباوە هەرزان بەهاکانی دەکرد، زۆر لەوە دەچوو ئەوییش لە بیرکردنەوەدا بێت. ئەسپێک لە گاسن و لە دیمەن و ئەو دەوروبەرەی خوی پێوەگرتوە داببڕێت و بخرێتە ناو گێژاوی چراخانێکی سامناک و دڵۆپەی باران و هەراوزەنا و ڕاکەڕاکەی ئاپوورەی خەڵکەوە، چۆن دەتوانێت بیرنەکاتەوە!...

ئەیونا و ئەسپە لاوازەکەی، زۆر دەمێک بوو لە جێگاکەیان نەجووڵابوون. لە پێش نیوەڕۆوە کە لە تەویلەکە هاتبوونە دەرێ، تا هەنووکە پوولێکیان دەست نەکەوتبوو. وائێستا خەریکە پەردەی تاریکیی شەو، وردەوردە شار دادەپۆشێت. ڕووناکیی کزی چرای شەقامەکان شوێنیان پێ لێژ دەبێت و ڕەنگە زیندوەکان جێگایان پێ چۆڵ دەکەن. شەقامیش تا دێت هەراوزەنای زیاتر دەبێت. لەکاتێکی وادا دەنگێک بەرگوێی ئەیونا دەکەوێت:

- گالێسکەوان، من دەچم بۆ ڤیبورجسکایا.

ئەیونا رادەبێت، لەنێو پێڵوە بەفر گرتوەکانیەوە سوپاییەک دەبینێت کە پاڵتاوێکی کڵاوداری لەبەردایە. سوپاییەکە دیسان دەیڵێتەوە:

- وتم بۆ ڤیبورجسکایا، نووستوویت؟ دەی لێ خوڕە.

ئەیونا سەری قایل بوونی بۆ ڕادەوەشێنێت و تەکانێک دەداتە جڵەوی ئەسپەکەی. بەوهۆیەوە بەفری سەرپشتی ئەسپەکە و سەرشانی خۆی دەکەونە خوارێ. کابرای سوپایی سواری گالیسکەکە دەبێت. ئەیونا لیوی دەجووڵێنێت و منجەمنجێک بۆ ئەسپەکە دەکات. ملی وەک قوو درێژدەکات و کەمەکێک بۆی دەجووڵێت.

قامچیەکەی دەستیشی، وەک ڕاهاتوە نەک پێویست بکات هەڵدەسوڕێنێت. ئەسپە داهێزراوەکەیشی ملی درێژدەکات. قاچە باریکەکانی مووچ دەکا و بە ناچاریی بەڕێ دەکەوێت.

هێشتا چەند چرکەیەک بەسەر ڕۆیشتنی گالێسکەکەدا تێ نەپەڕیوە، لەنێو ئاپورای خەڵک و هاتوچونیاندا ئەیونا گوێی لە دەنگێک دەبێت:

- ها... کوێرایت داهاتوە؟ بۆ کوێ دێیت؟ لای ڕاست بگرە...

سوپاییەکەیش بە تووڕەبوونەوە دەڵێت:

- دیارە ئاژووتن نازانیت! لای ڕاست بگرە.

گالێسکەوانێک جوێن بە ئەیونا دەدات، ڕێبوارێکیش کە بەنیازی پەڕینەوەیە لە شەقامەکە، شانی بەر لمۆزی ئەسپەکە دەکەوێت، مۆڕەیەک لە ئەیونا دەکات و بەفری سەر قۆڵەکانی دەتەکێنێت. ئەیونا وەک لەسەر دەرزی دانیشتبێت هەر ئەملا و ئەولایەتی، کەمێک ئانیشکی بەرزدەکاتەوە. چاو بە هەموو لایەکدا دەگێڕێت، وەک ئەوە وایە نەزانێت لەکوێیە و بۆ لەوێیە.

کابرای سوپایی بە گاڵتەوە پێی دەڵێت:

- چ خەڵکانێکی خوێڕین! دەیانەوێت خۆیانت پیابکێشن، یان خۆیان بخەنە ژێردەست و پێی ئەسپەکەتەوە. دیارە تەگبیریان کردوە پێت ڕابوێرن.

ئەیونا ئاوڕی لێ دەداتەوە و لێی دەڕوانێت، لیوی دەجووڵێنێت، پێ دەچێت بیەوێت شتێکی پێ بڵێت. بەڵام جگە لە بڵمەبڵمێک چی تری بۆ ناوترێت.

کابرای سوپایی دەڵێت:

- چیت وت؟

ئەیونا بە زەردەخەنەیەک لێوی دەجووڵێنێت. زۆر بۆ گەرووی دەهێنێت و بە دەنگێکی گیراوەوە دەڵێت:

- گەورەم... من... ئەم هەفتەیە... کوڕەکەم مرد.

- ئاها! چۆن مرد؟

ئەیونا تەواو ڕووی تێ دەکات و دەڵێت:

- خوا خۆی دەیزانێت! پێ دەچێت لەرز و تای بووبێت. سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە کەوت... دوای ئەوە مرد، خواستی خودا بوو.

لەنێو تاریکیەکەوە دەنگێک هات:

- شەیتانی نەفرەتیی، تەماشاکە، چاوت بکەرەوە، کوێریت؟ پیرە سەگ! چاوت لێ نیە!

سوپاییەکە وتی:

- دەی زووکە، وابڕۆیت تا بەیانی ناگەین، دەنگێک لە ئەسپەکەت بکە!

ئەیونا دیسان مل درێژ دەکات، نیوەخیزێکی بۆ دەکا و قامچیەکەی هەڵدەسوڕێنێت. چەند جارێک سەری بەلای سوپاییەکەدا وەردەگێڕێت و لێی دەرووانێت. بەڵام ئەو چاوی نووقاندوە و پێ دەچێت حەز بە گوێ گرتن نەکات. کاتێک لە فیبورچسکایە سوپاییەکە دادەبەزێت، گالیسکەکەی بەرانبەر بە ڕیستورانتێک ڕادەگرێت، دەچەمێتەوە و بێ جووڵە دادەنیشێت... جارێکی دی بەفر خۆی و ئەسپەکەی سپی پۆش دەکات. سەعاتێک تێ دەپەڕێت و سەعاتێکی ترییش...

سێ گەنج بەسەر شۆستەکەدا تێ دەپەڕن، زۆر بە توندی پێڵاوە گاڵۆشەکانیان بەسەر شۆستەکەدا دەکێشن و جوێن بە یەکتر دەدەن. بەرەولای گالیسکەکە دێن. دوانیان درێژ و لاوازن و سێیەم کورتەباڵا و پشتی کۆمە. کۆمەکەیان بە دەنگە زیقاوڵەکەیەوە هاواردەکات:

- گالێسکەوان! بەرەو پردی پۆلیس. سێ کەسین، بە بیست کوپیک!...

ئەیونا جڵەوی ئەسپەکەی رادەوەشێنێت و دەکەوێتە بڵمەبڵم... ئەم هەموو ڕێگایە تەنیا بە بیست کوپیک؟ بەڵام تاقەتی قسەکردنی نیە. بەلای ئەوەوە ئەمڕۆ ڕۆبڵێک و بیست کوپیک چ جیاوازیەکیان نیە. تەنیا ئەوەندە بەسە ڕێبوارێک هەبێت و لەگەڵیا سواربێت. هەرسێکیان بەدەم جوێن و ناسزاوە سواری گالیسکەکە دەبن، پێکەوە هێرش دەبەنە سەر جێ دانیشتنەکە. لەسەر ئەوە شەڕیانە کام دوانەیان دابنیشێت و کێ بە پێوە بوەستێت. دوای چەند چرکەیەکی بێنە و بەردەکردن لەسەر ئەوە پێک دێن لاوە پشت کۆمەکە، لەبەرئەوەی باڵای لەوان کورت ترە دەبێت بەپێوە بوەستێت، دوانەکەی تر لەسەر جێگاکە دابنیشن. کۆمەکەیان فوو بە پشت ملی ئەیونادا دەکات و بە دەنگە زیقنەکەی پێی دەڵێت:

- دەی خێرا! دەی لێ خوڕە، هاوڕێ کڵاوەکەت زۆر سەیرە! هەموو پتروزبورگ سەروبن بکەیت کڵاوێکی لەمە قۆڕترت دەست ناکەوێت.

ئەیونا بەدەم پێکەنینەوە وەڵامی دەداتەوە:

- ها... ها... ها... جا چی بکەم، هەر ئەوەم هەیە!

- هەر ئەوەم هەیە!... دەی خێرا بڕۆ! ئەگەر وا بە شێنەیی بڕۆیت، ناچارم شەپڵاخەیەک لە پەنا گوێت بسرەوێنم! چۆنە؟

یەکێک لە باڵا بەرزەکان وتی:

- خەریکە سەرم دەتەقێت! دوێنێ شەو من و ڤاسکا لە ماڵی دوگماسۆف چوار قاپ کۆنیاکمان خواردەوە...

باڵابەرزەکەی تر بە تووڕەیی وتی:

- نازانم بۆ دەبێت مرۆڤ درۆبکات! تۆ هەر لە فشەت داوە!

- بە خوا درۆناکەم...

- درۆکەت بە هەمان ئەندازە ڕاستەکە بڵێیت ئەسپێ دەکۆکێت.

ئەیونا پێ دەکەنێت و دەڵێت:

- ها... ها... ها... چ لاوگەلێکی خۆشن!

لاوە کۆمەکە ڕقی هەڵدەستێت و هاواردەکات:

- تف... دەک خوابتبڕێت، پیرە، دەی خێراتر بڕۆ، دەی قامچیەکەت، بیوەشێنە با بڕوات.

ئەیونا گوێی لە دەنگی پشت کۆمەکە و هەستی بە نائارامی ئەوی لە پشت خۆیەوە دەکرد. گوێی لەو جوێنانەیش بوو کە پێی دەدرا، هات و چۆی خەڵکەکەیشی دەبینی، هەستیشی دەکرد وردەوردە دڵی لە باری گرانی تەنیایی ڕزگاردەبێت. لاوە کۆمەکەیش تا هەناسەی ڕێگای بدات و کۆکە بهێڵێت هەر لە جوێنداندایە. دوو لاوە باڵا بەرزەکەی تر باسی کچێکیان دەکرد بە ناوی نادیا پتروڤنا. ئەیونا تەماشایان دەکات، ماوەیەکی کەمی بێدەنگی دەقۆزێتەوە، لەژێر لێوەوە دەکەوێتە منەمن و دەڵێت:

- ئەم هەفتەیە کوڕەکەم... کوڕە لاوەکەم مرد.

لاوە پشت کۆمەکە هەناسەیەک هەڵدەکێشێت، دوای ئەوەی دەکۆکێت لێوی دەسڕێت و دەڵێت:

- هەموومان دەمرین... باشە، کەواتە خێراتر بڕۆ! بەڕێزان بەرگەی ئەم ئاپۆیە ناگرین! وا بڕوات کەی دەمانگەیەنێت؟

- چار چییە؟ لە پەنا گوێی بسرەوێنە.

- گوێت لێ بوو چیان وت پیرەی نەخۆش؟ ملت دەشکێنم! چاکەکردن لەگەڵ ئاژوانەکاندا یانی هیچ، ها ئەژدەها لەگەڵ تۆمە، گوێت لێیە؟ یان قسەکانمان بە هیچ وەرناگریت؟

ئەیونا هەست بە دەنگی شەپلاخەیەک دەکات نەک خودی شەپڵاخەکە. بە پێکەنینەوە دەڵێت:

-هە... هە... هە... ئەمانە چەند دلۆڤانن! خوا ئاگادارتان بێت.

یەکێک لە درێژەکان لێی دەپرسێت:

- ژنت هەیە یان ڕەبەنیت؟

- من؟ هە... هە... هە... هاوڕێ جوانەکەم من تەنیا ژنێکم هەیە و هیچی تر. ئەوییش ئەم زەویەیە... هە... هە... هە... مەبەستم گۆڕە!... کوڕەکەم مرد و من هیشتا ماوم... زۆر سەیرە! ئیزرائیل ڕێگای ون کرد بوو، لەباتی ئەوەی بێت بۆ لای من چوو بۆ لای کوڕەکەم.

ئەیونا ڕوو لە گەنجەکان دەکات بۆ ئەوەی چیرۆکی مەرگی کوڕەکەی بگێڕێتەوە. لێ لەوکاتەدا لاوە پشت کۆمەکە هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵدەکێشێت و پێیان دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا گەیشتین" ئەیونا بیست کوپیکەکە وەردەگرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر تەماشای داڵانی ئەو ئاپارتمانە دەکات کە سێ لاوەکە لەناو تاریکیەکەیدا ون دەبن. وا دیسان ئەیونا تەنیایە، جارێکی دی بێدەنگیی تەواو گەمارۆی دەدات... ئەو پەژارەیەی کەمێک هێور بووبوەوە وا دووبارە بە هێزێکی زیاترەوە چۆکی دادایەوە سەر دڵی. نیگای ئەیونا لەنێو ئازار و دوودڵیدا بەسەر ئاپوورەی ئەو خەڵکەوەیە کە بەملا و ئەولای شەقامەکەدا دێن و دەچن. لەنێو ئەو هەزاران کەسەدا، ئاخۆ یەکێکی تیا نیە گوێ لە دەردی دڵی ئەو بگرێت؟ لێ هەموان خێرا دێن و دەچن بەبێ ئەوەی نە گوێ بە خۆی بدەن و نە بە خەم و پەژارەکەی. خەمێکی قورسە، خەمێکی بێ کۆتایە... ئەگەر دڵی لێک بکەنەوە و خەمەکانی لێ بڕژێت لەوانەیە هەموو دنیای تیا نوقم بێت. کەچی کەس ئەم پەژارە و خەمە نابینێت. وا خۆی لەناو قاپۆرێکدا شاردۆتەوە، تەنانەت بە ڕۆژی ڕووناکییش نادۆزرێتەوە.

لەوکاتەدا چاوی بە دەرگاوانێک دەکەوێت کە کیسەیەکی بچووکی پێیە. بڕیاری قسەکردنی لەگەڵدا دەدات و پێی دەڵێت:

- برا سەعات چەندە؟

- سەعات دەیە. لێرە مەوەستە... بڕۆ پێشترەوە.

ئەیونا چەند هەنگاوێک گالێسەکەکەی دوور دەخاتەوە. دەچەمێتەوە و خۆی ڕادەستی پەژارە دەکاتەوە... ئێستا لەوە دەگات کە ناتوانێت دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کەسدا بکاتەوە. بەڵام ئەمە پێنج دەقیقە نابات کە ڕاست دەبێتەوە، سەری بە جۆرێک ڕادەوەشێنێت وەک هەست بە ئازاربکات وایە. تەکانێک بە جڵەوی ئەسپەکە دەدات. بیردەکاتەوە: "دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کاروانسەراکە"

وەک ئەسپەکە لە نیازەکەی گەیشتبێت دەکەوێتە چوارناڵە. دوای سەعات و نیوێک، ئەیونا لە پاڵ زۆپایەکی گەورە و پۆخڵدا دانیشتوە. لەسەر سەکۆی زۆپا و زەویی ژوورەکە و کورسیەکان، چەندکەسێک نووستوون و پرخەپرخیانە. دووکەڵی زۆپاکە وەک مار لەناو ژوورەکەدا لوول دەخوات. هەواکەی گەرم و خنکێنەرە... ئەیونا تەماشای نووستوەکان دەکات، خۆی دەخورێنێت و لە زوو هاتنەوەی پەشیمانە، بیردەکاتەوە: "تەنانەت پارەی یۆنجەکەیشی دەرنەهێنا، ڕەنگە خەمەکەم هی ئەوە بێت! کەسێک شارەزای کاری خۆی بێت... کەسێک خۆی و ئەسپەکەی تێربن، هەمیشە ئاسوودە خەیاڵە"

ئاژوانێکی گەنج لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا هەڵدەستێت، بەدەم خەو و هەناسە بڕکێوە دەست بەرەو لای سەتڵە ئاوەکە درێژدەکات. ئەیونا لێی دەپرسێت:

- ئاوت دەوێت، تینووتە؟

- بەڵێ، دیارە ئاوم دەوێت.

- باشە... نۆشی گیانت بێت... بەڵێ برادەر، لە هەفتەی پێشوودا کوڕەکەم مرد. گوێت لێمە؟ هەفتەی پێشوو لە نەخۆشخانە... چیرۆکێکە بۆ خۆی.

ئەیونا تەماشای گەنجەکە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت قسەکانی هیچ کاریان تێ کردوە. بەڵام هیچ گۆڕانێک لە سیمایدا نابینێت... گەنجەکە پەتوەکە بەسەر خۆیدا دەکێشێت و جارێکی تر دەخەوێت. ئەیونای پیر هەناسەیەک هەڵدەکێشێت و دەست دەکاتەوە بە خۆخوراندن... چەند گەنجەکە تینووی ئاو بوو، ئەوییش بەو ڕادەیە تینووی ئەوەیە دەردی دڵی خۆی بۆ کەسێک هەڵڕێژێت. زۆری نەماوە هەفتەیەک بەسەر مەرگی کوڕەکەیدا تێپەڕێت، کەچی تا ئێستا نەیتوانیوە بە تێر و تەسەلی دەردی دڵی خۆی بۆ یەکێک بگێڕیتەوە... دەبێت چیرۆکی کوڕەکەی بگێڕیتەوە کە چۆن نەخۆش کەوتوە، چەند ئازاری چەشتوە. لە پێش مردنیدا چی وتوە و چۆنییش دوا کۆچی کردوە. دەبێت باسی ڕێ و ڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بکات، چۆن دوای مردنی کوڕەکەی خۆی چوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی جلەکانی وەربگرێتەوە. ئەنیسای کچی لە گوندە، دەبێت لەبارەی ئەویشەوە قسە بکات. بۆ دەردەدڵی مرۆڤ کۆتایی دێت؟ دەبێت لەگەڵ باس کردنی خەم و ئازاریدا گوێ گرییش ئاخ و ئۆف هەڵبکێشێت... بۆ گوێ گرتن لە داخ و خەفەتی خەڵکیی ژن لە پیاو چاکترە. ژن چەند گەمژەیش بێت تەنیا ئەوەندە بەسە تۆ دەم بکەیتەوە و ئەو دەست بکات بە شیوەن و گریان. ئەیونای پیر بیری کردەوە: "واچاکە سەرێک لە ئەسپەکەم بدەم. دەرفەت بۆ خەو زۆرە"

جلەکانی لەبەردەکات و بەرەو تەویلەکە بەڕێ دەکەوێت. لە ڕێگا بیر لە یونجە و کا و ئاووهەوا دەکاتەوە. کە بەتەنیا بێت ناتوانێت بیر لە کوڕەکەی بکاتەوە... دەشێت لەو بارەیەوە لەگەڵ هەموو کەسێکدا قسە بکات، بەڵام لە تەنیاییدا مەحاڵ بوو بیری لێ بکاتەوە و وێنەکەی بهێنێتە بەرچاوی...

لە تەویلەکەدا، کە لە چاوە درەوشاوەکانی ئەسپەکە دەڕوانێت، لێی دەپرسێت:

- کاوێژ دەکەیت؟ باشە، کاوێژبکە، بیکە... تەنانەت پارەی یۆنجەیشمان دەست نەکەوتوە، کا بخۆ... لەڕاستیا... من پیربووم و لەمە زیاتر کارم پێ ناکرێت... ئەگەر کوڕەکەم بمایە دەبوە ئاژوان... خۆزیا نەمردایە.

ئەیونا بۆ چرکەساتێک دەوەستێت و دیسانەوە بەردەوام دەبێت:

- بەڵێ، برادەر! کوزما ئیونیچ مرد... نەی ویست لەوە زیاتر تەمەن بکات... لەپڕا مرد... با ئێستا وای دابنێین جوانوویەکت هەبێت و تۆ دایکی بیت... کەچی لەپڕێکدا جوانوەکەت بمرێت... ئەمە داخێکی زۆرە... داخ نیە؟ دڵت بۆی نابێت بە کەباب؟

ئەسپی لەڕ و لاواز هەر لە کاوێژدایە و گوێ قوڵاغە. بەسەر دەستی خاوەنەکەیدا دەپڕمێنێت... ئەیونایش لەوە زیاتر خۆی پێ ناگیرێت و هەرچی دەردەدڵی هەیە بۆ ئەسپەکەی دەگێڕێتەوە.

١٨٨٦

سەرچاوە: مجموعەی أثار چیخوف

ترجمەی: سروژ ئیستیپانیان

AM:11:57:02/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 22697 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com