وردەكاری دیاری كردنی نرخی دەرمان لە هەرێم ئاشكرادەكات
       
وردەكاری دیاری كردنی نرخی دەرمان لە هەرێم ئاشكرادەكات

هەولێر- ئارام سەردار

راوێژكاری وەزیری تەندروستی و سەرپەرشتیاری هێنان و كۆنترۆلی دەرمان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەكانی دیاری كردنی نرخ  و خستنە سەر جۆری دەرمانەكان بەردەوامە و تائێستاش توانراوە بۆ 500 جۆر دەرمان نرخ بخەنە سەر پاكەتەكانیان، ئارام ڕۆستەم ؛ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی و سەرپەرشتیاری هێنان و كۆنتڕۆلی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم؛ لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) داوا لەهاوڵاتیان دەكات هەردەمانێك لەزگەی پێوەنەكرابێت نەیكڕن و بەشێكی زۆریش لەدەرمانەكان نرخیان دەخرێتە سەر لەسەر ئەو لەزگەیەی، كە لەپاكەتی دەرمانەكانی دەدەن.

خەڵك: دیاری كردنی نرخی دەرمان بەكوێ‌ گەیشت؟
ئارام  ڕۆستەم : دیاری كردنی نرخی دەرمان بەشێكە لەرێككخستنەوەی دەرمان، لەمانگی شەشەی ساڵی رابردوو لیژنەیەك پێكهات بەهاوبەشی لەگەڵ سەندیكای دەرمانسازان، ئەویش یەكەم هەنگاومان كۆكردنەوەی زانیاری و دۆكۆمێنت بو لەسەر وڵاتانی دراوسێ‌، كە چۆن كاریان كردوە چۆن ئەم كارەیان ئەنجامداوە، ئێمە هاوكێشەیەكمان دانا و لەسەر ئەم بنەمایە نرخی دەرمانمان رێكخستەوە، بەڵام بەداخەوە دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان داتابەیسیان نیە، چونكە ئێمە نرخمان بەم شێوەیەدیاری كردوە ئەو كۆمپانیایەی دەیهێنی نرخی بۆدانراوە كە دەیدات بەدەرمانخانە، دەرمانخانەش نرخی بۆدانراوە كەدەیدا بە هاوڵاتی نەخۆش، لەسەر لیستێك دیاریمان كردوە و تائێستاش نزیكەی 4000 هەزار جۆر دەرمان نرخمان بۆ دیاری كردوە لەماوەی شەش مانگ، لەمساڵیش ئەو نرخانەی دیاریمان كردوە خستمانە سەر ستیكەر واتە ئەو چەسپەی یاخود لەزگەیەی كە لەدەرمانەكە دەدرێ‌ ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەبێ‌ دەرمان لەرێگەی كوالێتی كۆنترۆلەوە بەشێوەی فەرمی بێت ئەگەر دەرمانەكە دەرچوو چەسپێك واتە ئەو لەزگەیەی لێدەدرێ‌ كە ناوی كۆمپانیا و جۆری دەرمان و زانیاری تری لەسەرە و ئێستاش نرخیشمان بۆزیاد كردوە و بەڵام هێشتا هەموو دەرمانەكان نەتوانراوە نرخی بچێتە سەر لەزگەكەی چونكە ئەگەر هەمووی تەواوبكرێ‌ ئەوا پێویستمان بە یەك ساڵی تر دەبێ‌.

خەڵك: چەند جۆر دەرمان توانراوە نرخەكەی بخەنەسەر؟
ئارام  رۆستەم :  ئەو دەرمانانەی لەعێراق و هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێ‌ نزیكەی 8 بۆ 9 هەزار جۆر دەرمان دەبێ‌ و بەقۆناغیش دەرمانەكە دێت، بۆیە هەر دەرمانێك لەپشكنین دەربچێ‌ ئێمە لەزگەی خۆمانی لێ‌ دەدەین و لەئێستاشدا ئێمە مانگانە بەئامێر و كادیری خۆمان دەتواننین 500 جۆر دەرمان پشكنینی بۆ بكەین ئەوەشی دەربچێ‌ ئەو لەزگەیەی لەسەر دەدەین، كە نرخی لەسەر دیاری كراوە بەمشێوەیەش لەماوەی ساڵێك دەتوانین نزیكەی 6 هەزار جۆری دەرمان نرخی لەسەر بدەین، پرۆسەی دیاری كردنی نرخ و خستنەسەر دەرمانەكە بەردەوام دەبێت، ئەو نرخانەشی دیاری كراوە دەتوانرێ‌ لەم نرخە كەمتر بفرۆشرێت بەڵام نابێ‌ بەگرانتر بفرۆشرێت، چونكە نرخەكان لەسەر بنەمای تێچوی دروستكردنی دەرمان و گواستنەوەی لەخۆگرتوە پاشان نرخەكە دیاری كراوە.

خەڵك: چەند كۆمپانیا دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن؟
ئارام  رۆستەم : ژمارەی كۆمپانیاكان 150 كۆمپانیا دەبێت، بەڵام ئەوەی، كە چاڵاكە و كاردەكات نزیكەی 120 كۆمپانیا دەبێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارییەوە بەشێك لەم كۆمپانیایانەی دەرمان خۆیان هەڵوەشاندۆتەوە و ئێستا نزیكەی 115 كۆمپانیا كاری هێنانی دەرمان دەكات، بەگوێرەی پێویستیش وەك وەزارەت ئێمەدەرمان لەهەردوو كارگەی دروستكردنی دەرمانی هەولێر و سلێمانی دەكڕین، بەرهەم هێنانی دەرمانیش لەسەر داواكاریە كە بۆت دروست دەكرێ‌.

خەڵك: ئەگەر هاتوو كۆمپانیاكان پابەند نەبون بەم نرخانە؟
ئارام  رۆستەم : كۆمپانیاكان پابەند دەبن ئەگەر پابەندیش نەبن ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە بیانخەیەنە لیستی رەش، بەڵام تاكە كێشەی ئێمە نەبونی داتابەیس بۆ ئەوەی بتوانین بۆ دەرمانخانەكانی رەوانە بكەین بەڵكو بەلیست و سیدی ناردومانە بۆیە نەبونی ئەوداتابەیسە رەنگە نەتوانن بەشێوەیەكی باش بەكاری بهێنن، داواشمان كردوە داتابەیس دروست بكرێ‌ و دەبوایە لەمانگی یەكی ئەمساڵ ئەم كارە كرابوایە، ئێستاش زۆرێك لەكۆمپانیاكان دراونەتە دادگا و هەبوە بۆ ماوەی شەش ساڵ دامانخستوەبەگوێرەی یاسای كارپێكراو، 4 بۆ 5 كەسیش كەسكێكیش دراوەتە دادگا.

خەڵك: وەزارەتی تەندروستی چەند پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارە؟
ئارام  رۆستەم : قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر هەموو جومگەكان كردوە، ئێستاش توانای دابینكردنی دەرمان كەمتر بۆتەوە و قەرزێكی زۆرمان هەیە نەمان داوەتەوە كۆمپانیاكان، بەڵام بەتەواوەتی رێژەی قەرزەكە نازانم.

خەڵك: تاچەند توانراوە دەرمانی ماوەبەسەرچوو یان قاچاغ دەستی بەسەردابگرن؟ ئێستاش بەردەوامە؟
ئارام  رۆستەم : دەرمان تەمەنێكی دیاری كراوی هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە بەهێنانی دەرمانی ماوەبەسەرچوو نادەین ئەگەرهەشبوبێ‌ لەناوخۆ شتێكی ئاساییە كە دوای سالێك یان زیاتر مابێتەوە ماوەكەی بەسەرچووبێت، بەڵام رەنگە بەهۆی فراوانی سنوری كوردستان و عێراق كە هەمانە رەنگە نەتوانرابێت بەشێوەیەكی تەواو هێنانی دەرمان بەشێوەی قاچاغ كۆنترۆل بكرێ‌، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچوش بەردەوام بووە ساڵی رابردو تەنانەت لەكەركوكیش چەندن تەن دەرمان دەستی بەسەرداگیراوە، بۆیە هەموانیش دڵنیا دەكەینەوەكە ئەودەرمانانەی دێتە كوردستان لە 95% دەرمانەكان خۆمان پشكنینی بۆدەكەین، بۆ كۆنترۆلكردنی دەرمانیش پێویستە خەڵك هۆشیار ببێتەوە و هاوكارمان بێت، ئەویش تەنها ئەو دەرمانانە بكڕن كە لەزگەی پێوەیە هەر دەرمانێك لەزگەی پێوەنەبێت نەیكڕن بەهیچ شێوەیەك، چونكە ئێستا لەهەرێمی كوردستان هەموو دەرمانێك لەزگەی لەسەردراوە كە بەڵگەی ئەوەیە لەپشكنینەكانمان دەرچوە، تەنها ئەوەی هەبێت هەمویان نرخیان لەسەر نیە ، بەڵكو بەشێكیان نرخیان چۆتە سەر لەزگەكە و ئەو لەزگەیەش وەك پێشتر وتم ناوی كۆمپانیا و جۆری دەرمان و هەندێ‌ زانیاری تری لەسەرە.



PM:08:40:16/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 2782 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com