"پێوەری ئاو بۆ دەستگرتنە بەئاوەوە نەك پارەكۆكردنەوە"
       
"پێوەری ئاو بۆ دەستگرتنە بەئاوەوە نەك پارەكۆكردنەوە"

خەڵك- نزار جەزا

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئامانج لە دانانی پێوەری ئاو، پارە كۆكردنەوە نییە، هێندەی دەستگرتنە بە ئاوەوە، ئەمەش تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو.

سەربەست عوسمان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) هۆشداریش دەدات لە دروستبوونی گرفت بۆ ئاوی سلێمانی لە هاوینی داهاتوودا، ئەگەر حكومەت بەم شێوە خەمساردەی ئێستای بەردەوام بێت.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: لەزۆرێك فەرمانگەكانی سنوری سلێمانی بایكۆت هەیە و دەوامی فەرمانبەران كەمكراوەتەوە، ئایا ئێستا كاروبارەكانی ناو دائیرەی ئێوە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ هیچ گرفتێكتان بۆ دروست نەبووە؟
سەربەست عوسمان: فەرمانبەرانی ناو فەرمانگەكەمان هەفتەی دوو ڕۆژ دەوام دەكەن، بەڵام لەماوەی ڕابردودا فەرمانبەران هەڕەشەی گرتنەوەی ئاویان كرد، كە ئەمەش وریاكردنەوەیەك بوو بۆ حكومەت، كە فەرمانبەران چیتر توانای بێ موچەیی و بێ دەرەتانییان نییە، ڕاستە ناو فەرمانگەكەمان كارمەندی زۆر و باشمان هەیە، بەڵام خەریكە پەتی تەحەمول دەپسێت و ڕەنگە دۆخێكی خراپتر ڕووبدات.
تاكو ئێستا نەگەیشتۆتە ڕادەیەك گرفتمان بۆ دروستببێت، بەڵام ناڕەزایی هەیەو كارمەندان بێتاقەتن، واتە ترس هەیە، كارمەندان بەتەواوی بایكۆت بكەن و واز لەكاركردن بهێنن، هەموو ئەگەرێكیش كراوەیە.

خەڵك: لەماوەی ڕابردودا بەهۆی كەمكرنەوە و دواكەوتنی موچەوە هەڕەشەی ئەوەكرا، كە ئاوی سلێمانی دەگرنەوە، ئایا ئەم هەڕەشەیە جێبەجێدەكرێت؟
سەربەست عوسمان: ناتوانم بڵێم جێبەجێدەكرێت یان نا، وەك خۆم كە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانیم، هەتا بۆم بكرێت ناهێڵم فەرمانبەران ئاو بگرنەوە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە، بەرگری لەفەرمانبەرەكانم ناكەم و بێ موچەیی و بێدەرەتانییان قبوڵ دەكەم، منیش لەئەوان زیاتر  پێم باشە لەپاشەكەوتی موچەدا ڕەچاوی فەرمانگەی ئاو بەتایبەت بكرێت.
هاوكات لەچاككردنەوەی كەرەستەكانی ئاودا حكومەت دەبێت بزانێت هاوینێكی گەرم لەڕێمانە و حكومەت دەبێت پەلەبكات لەچاككردنەوەی كەرەستەكان، من تەنها كێشەی نەبوونی موچەو ڕۆزی و ژیانی كارمەندم نییە، بەڵكو پەمپەكانی ئاو بەردەوام لەكاركردندان، ئەم پەمپانەش قابیلی ئەوەیە لەپڕ بووەستێت و بەدیلیشی نییە، ئەمەش كارەساتە.
 
خەڵك:چی كراوە بۆ كارئاسانی فەرمانبەران بۆ ئەوەی لەم قەیرانی بێ موچەییەدا كەمێك ئەركیان لەسەر سوك ببێت؟
سەربەست عوسمان: هیچیان بۆ نەكراوە، پارێزگاری سلێمانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ فەرمانبەران كردووە و پەیوەندیشی لەگەڵ لایەنی پەیوەندداری سەرەوە كردووە، بەڵام لەڕاستیدا وەك ئەوەی فەرمانبەران لەئەنجامێك ڕازیبن، ئەوە نەكراوە، واتە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتۆتەوە بەردەستی فەرمانبەران.
ئەوانەی لەدۆخەكە زویرن، بەڕاستی پێیان ناخۆشە، كە گوێیان لێ نەگیرێت، باشتر وایە بەهەموو لایەك ئەم مەسەلەیە بەجددی وەربگرن و كاری جددیتر بكەن، ئەگەر بەكەمێكیش بێت، دڵی فەرمانبەران ڕازیبكەن.

خەڵك: هاوینی ڕابردوو بەهۆی چاك نەكردنەوەی پەمپەكانی ئاو گرفتێكی زۆر دروستبوو و ماوەیەك شاری سلێمانی بێ ئاوبوو، ئایا دووبارە ئەم گرفتە دروست نابێتەوە؟ واتە ئەگەری ئەوە هەیە لەداهاتودا گرفتی لەوە گەورەتر دروستببێت؟  
سەربەست عوسمان: ئێستاش هەر هەمان ئەو پەمپانەی ڕابردووە و سیانەیەكی ئەوتۆ نەكراون، ئەگەریش حكومەت فریانەكەوێت و پارەی بەپەلە دابین نەكات، بەڵێ گرفتەكە باشنابێت، ئەمەش تەنها لەهاویندا نییە، بەڵكو ئەم گرفتە بەردەوام مەترسی روودانی هەیە.
ئێمە هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین، بەڵام بەم خەمساردییەی حكومەتەوە دۆخەكە باشنابێت و ئەگەر حكومەت بەهانامانەوە نەیەت گرفت دروست دەبێت.

خەڵك: لەئێستادا هیچ پەمپێك وەستاوە، تاوەكو پێویستی بەچاككردنەوە بێت؟
سەربەست عوسمان: جارێ نامەوێت ئەمە باسبكەم، بەڵام لەكاتی پێویستدا باسی دەكەم. تائێستا بەهۆی ئەوەوە گرفتمان بۆ دروست نەبووە، بەڵام ئەگەر بەهانامانەوە نەیەن، بەدڵنیاییەوە گرفتمان بۆ دروست دەبێت.

خەڵك: لەئێستادا داهاتی مانگانەتان چەندە؟
سەربەست عوسمان: بەهۆی كەمكردنەوەی دەوام و بایكۆتەوە كەمیكردووە، چونكە كارمەندەكانمان ناچنە سەر ئیش، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە، بەنمونە لەئەمڕۆوە پاس بۆ هاتووچۆی كارمەندەكان نییە، چونكە تاكو ئێستا گرێبەستی پاس و پیكاب تازەنەكراوەتەوە.
فەرمانبەران ئامادەن بەبێ موچەش دەوام بكەن، بەڵام كرێی هاتووچۆكەیان بۆ دابینبكرێت، لەبەر ئەوە فەرمانبەر ناچێتە سەر كارەكەی و داهاتیش كەمدەكات. 
ناشتوانم داهات ئاشكرابكەم، بەڵام ئەگەر دەوام ئاسایی بێت، داهاتمان زۆر زۆرە، بەڵام ئەو داهاتە دەچێتەوە بۆ هەولێر و ناتوانین ئەو پارەیە بۆ هیچ شتێك سەرف بكەین.

خەڵك: تاچەند هاوڵاتیان بەهۆی سەرپێچییەوە لەساڵی ڕابردودا سزادراون؟
سەربەست عوسمان: لەساڵی ڕابردودا 80 ملیۆن دینار غەرامەی هاوڵاتیان كراوە و 429 راكێشانی ئاوی بەنایاسایی بڕدراوە،  10 هەزار‌و 616 هاوڵاتی  سزادراون و ئاگاداركراونەتەوە بەهۆی زیادەڕۆیی لەبەكارهێنانی ئاو، ئەم داهاتەش دەچێتەوە بۆ هەولێر.

خەڵك: ساڵانە بڕێكی زۆر ئاو بەفیڕۆدەچێت، ئایا چ دەكرێت بۆ كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو؟
سەربەست عوسمان: یەكەم، پێوەری ئاو باشترین چارەسەرە، بەهیواین لەمانگی ئایاردا، كە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار داندراوە بكەوێتەكار، ئەو كاتە بۆ هەموو ئاو سەرفكردنێك پارە لەگیرفانی هاوڵاتی دەڕوات.
دووەم، هۆشیاری خەڵك زۆر گرنگە كە ئاو بەفیڕۆ نەدات.
ئەگەر بێ موچەیی بەردەوام بێت، ئەو كەسەی سەرپێچیش دەكات، كەس لێیناپرسێتەوە، بەنمونە ساڵی پار بەدوو ڕۆژ نزیكەی 160 سەرپێچیكار سزادراوە، بەڵام ئەگەر بەنزینی تەواو دابیننەكرێت‌و موچە دابەشنەكرێت، كارمەندانیش لەتوانایان كەمتر دەبێتەوە وەك پێویست كەسانی سەرپێچیكار سزانادرێن، پێشبینی دەكەم گرتنی سەرپێچیكاران زۆر لاوازتریش دەبێت.

خەڵك: گرنگی پێوەری ئاو چییە؟
سەربەست عوسمان: بەپێی بەكارهێنانی ئاو پارە لەهاوڵاتی وەردەگیرێت بەشێوەیەك تاكو 30 مەتر ئاو 12 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەسەروو 30 مەترەوە تاكو 70 مەتر بۆ هەر مەترێك یەك هەزار دینار وەردەگیرێت، لە 70 بۆ 120 مەتر ئاو  هەزار و 500 دینارە، لەسەروو 120مەترەوە زیاتر دەبێت، مانگانەش ئەگەر لەكاتی خۆیدا پارە نەدەیت، ئەوە پارەكە كۆدەبێتەوە و وای لێدێت مانگانە پارەیەكی زۆرتر دێتەوە.
هاوكات بەم پێوەرە وا لەخەڵك دەكرێت كە دەست بەئاوەوە بگرێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك ماڵ خێزانی زۆرە و ماڵەكەیان گەورەیە، بۆیە پێویستیان بە دوو بۆری ئاو هەیە، لەو كاتەدا دەتوانرێت دوو ئاو بدرێت بەماڵێك.
گەڕەك هەیە، پێشتر كە پێوەری ئاوی بۆ نەبەسترابوو، بەردەوام گلەییان هەبوو و داوای ئاویان دەكرد، بەڵام كاتێك پێوەرەكەیان بۆ بەسترا، تەنانەت لەهاوینیشدا خۆیان داوایان دەكرد، ئاوەكە زۆرە و بیگرنەوە، بۆئەوەی پارەیان لەسەر نەكەوێت.
ڕاستە ئێستا پێوەری ئاو كارا نەكراوە، بەڵام پێوەرەكە بڕی ئاوی بەكارهاتوو دەخوێنێتەوە، بەنمونە خانوویەكی 200 مەتری مانگانە 10 هەزار دینار پارەی ئاو دەدات، بەڵام ئەگەر لەدوای چوار مانگ بڕی پارەی ئاوی بەكارهاتوو بەپێی پێوەری ئاو، زیاتر بوو لەو پارەیە، ئەو پارەیەی زیاد سەرف كراوە وەردەگیرێت، واتە لەو كاتەوەی پێوەری ئاوەكە دەبەسترێت، حسێبی بڕی بەكارهێنانی ئاو دەكرێت.

خەڵك: تاكو ئێستا بەتەواوی ئەم پێوەری ئاوە لەناو شاری سلێمانی نەبەستراوە بۆچی ئەمە دواكەوتووە؟
سەربەست عوسمان: بەستنی پێوەری ئاو بەپێی گرێبەستە و ماوەیەكی دیاریكراو بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار داندراوە و كۆمپانیاش بەردەوامە لەكاركردن، لەسلێمانیدا نزیكەی 150 هەزار پێوەر دەبێت ببەسترێت، بەڵام تاكو ئێستا 60 هەزار پێوەر بەستراوە واتە كەمتر لەنیوە بەستراوە.
 
خەڵك: پێوەری ئاو چ كاریگەرییەكی لەسەر داهاتی مانگانەتان دەبێت؟
سەربەست عوسمان: ئەم پێوەرە داهات زۆر ناكات، بەڵام ئاو پاشەكەوت دەكات، ئێمە تەنها ئامانجمان كۆكردنەوەی پارە نییە، بەڵكو نامانەوێت هاوڵاتی بكەوێتە ژێر باری پارە زۆر سەرف كردنەوە، هاوكات بۆ ئەوەیە هاوڵاتی دەست بەئاوەوە بگرێت.
بەفیڕۆدانی ئاو لەكورستان و بەتایبەت لەسلێمانیدا، كە تێیدا دەژیم زۆر زۆرە، بەشێوەیەك ئەو ئاوەی دەدرێت بەگەڕەكێك بەنمونە هەزار مەتر چوارگۆشە بەشی گەڕەكێك دەكات، بەڵام هەندێكجا پێنج ئەوەندە ئاویان دەدرێتێ، بەڵام هێشتا بەشیان ناكات، چونكە شوێنە نزمەكانی شاری سلێمانی ئاویان بۆ دەچێت و نایگرنەوە، لەكاتێكدا شوێنە بەرزەكان ئاویان بۆ ناچێت، ئەمەش گرفتێكی دیكەیە.

خەڵك: كەواتە چۆن چارەسەری ئەو گرفتە دەكەن؟ كاتێك ماڵێك كە 2 یان 3 قاتە و ئاوی بۆ ناچێت، بەڵام ئەو ماڵەی شوێنەكەی نزمە ئاوی بۆ دەچێت؟
سەربەست عوسمان: لەئێستادا باشترین چارەسەر بۆ ئەو گرفتە، پێوەری ئاوە و هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە بەهاوڵاتی دەڵێین "ئاو هەتا ناو حەوشەی ماڵ هەیە"، بۆئەوەی كەس گلەیی نەكات، بەڵام بەهۆی دەستنەگرتن بەئاوەوە ئەم گرفتە هەر بەردەوام دەبێت.
   
خەڵك: كاتێك پێوەری ئاو بەسترا و گرفتی ئاو نەڕۆیشتن بۆ ماڵی 2 قات و 3 قات، هەر بەردەوام بوو، هاوڵاتیان چۆن دەتوانن ماتۆڕی ڕاكێشانی ئاو"مزەغە" بەكاربهێنن؟
سەربەست عوسمان: ئاسایی بەپێی بەكارهێنانی ئاوەكە ئەو ماڵە پارەی خۆی دەدات.

خەڵك: لەئێستادا كە قەیرانی دارایی هەیە، بێكاری هەیە، موچە دوادەكەوێت و كەمیش كراوەتەوە، بیر لەوەنەكراوەتەوە نرخی پێوەری ئاو دابشكێنن؟
سەربەست عوسمان: ئەمە گرێبەستە و بەشێوەی یاسایی كارەكانی تەواو بووە، هەروەها ئەو پارەیەی هاوڵاتی دەیداتە بەستنی پێوەری ئاو، حكومەت بۆ ماوەی چوار مانگ، مانگی 10 هەزار دیناری ئاوی بەكارهاتوو  لەهاوڵاتی وەرناگرێت، واتە وەك ئەوە وایە هاوڵاتی ئەو پارەیە وەربگرێتەوە، بۆیە ناكرێت بەستنی پێوەری ئاو ڕابگرن.
لەكۆبونەوەیەكدا باس لەوەكرا شاری هەولێر ڕەنگە لەمانگی پێنجدا %90 پێوەری ئاوی ببەسترێت، خۆ لەوێش قەیرانی دارایی هەیە و موچە دواكەوتووە، بۆیە ناكرێت ئەم كارە ڕابگیرێت.

خەڵك: تاچەند هاوكاربوون بۆ زیاتر بەرەو پێشچوون و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بەستنی پێوەری ئاو؟
سەربەست عوسمان: تاكە هاوكاری ئەوەیە لەڕێگەی میدیاوە گرنگی ئەم پێوەرە بۆ هاوڵاتیان ڕوونبكرێتەوە.

خەڵك: ئایا بەستنی پێوەری ئاو ئارەزومەندانەیە؟ یاخود چۆنە؟
سەربەست عوسمان: هەر كەسێك  پێوەری ئاو نەبەستێ غەرامە دەكرێت، بەشێوەیەك بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگێك 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت، دواتر بۆ سێ مانگی دووەم بۆ هەر مانگێك 200 هەزار، دوای ئەمەش ئەگەر هەر نەیبەست كارەبای ئەو ماڵە دەبڕدرێت تاوەكو پێوەری ئاو دەبەستێت و غەرامەكەش دەدات.

خەڵك: كەواتە ئەم ڕێككەوتنە لەنێوان ئێوە وەك فەرمانگەی ئاوی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیدا كراوە؟
سەربەست عوسمان: من نازانم ڕێكەوتن كراوە یا نا، ئەم بڕیارە لەسەرو خۆمەوە بەنوسراو پێم گەیشتووە.


 
 

AM:09:19:01/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 24351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com