قایمقامی سلێمانی: نرخ هەرزان دەكەین
       
قایمقامی سلێمانی: نرخ هەرزان دەكەین
خەڵك – بەهرۆز رەحیم

بەختیارعەبدولڕەحمان ، قایماقامی قەزای مەركەزی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باس لەوە دەكات، بە بەرنامە نرخی خۆراك‌و پێداویستیەكانی رۆژانەی خەڵك هەرزان دەكەین‌و دۆخێكی وەها دروست دەكەین كە كێبڕكێ‌ لە نێوان بازرگانەكاندا دروست بكەین، جەخت لەوەش دەكاتەوە، قۆرخكاری بازاڕ ناهێلێن.

خەڵك: لەماوەی ڕابردوودا داوایەكی حكومەتی هەرێمتان لەبارەی نرخی بەنزینەوە رەتكردەوە، بۆچی؟

بەختیار  عەبدولڕەحمان: وەك ئیدارەی پارێزگای سلێمانی ناچینە ژێر باری هیچ رێنماییەكەوە، كە بارگرانی لەسەر شانی خەڵك دروست بكات، حكومەتی هەرێم، داوای لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی كرد، كە باج بخاتە سەر هاوردە كردنی بەنزین، ئێمەش بیرمان كردەوە، ئەگەر باج لەسەر هاوردەكردنی بەنزین دابنێین راستەخۆ كاریگەری لەسەر نرخی بەنزین دروست دەكات، بۆیە پارێزگاری سلێمانی بە نوسراوی رەسمی ئەو داوایەی حكومەتی رەتكردەوەو نەچوینە ژێرباری گرانكردنی نرخی بەنزین.

خەڵك : ئێوە بەچی پێوەرو دەسەڵاتێك، وەك ئیدارەی پارێزگای سلێمانی ئەو داوایەی حكومەتی هەرێمتان ڕەتكردەوە؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: حكومەتی خۆجێی هەندێك دەسەڵاتی هەیە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر خەڵك، ئێمەش ئەو دەسەڵاتانە بەكار دەهێنین.

خەڵك: لە ئێستادا سەرەڕای نەبوونی موچەو خراپی دۆخی دارایی خەڵك، بەڵام پێداویستی خۆراك گۆڕانكاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، تاڕادەیەك نرخ گرانە، بەرنامەی ئێوە چیە؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: وەك هەنگاوی یەكەم ئێمە بەرنامەمان هەیە بەشێوەیەكی گشتی دەست بۆ كەیسی خۆراك بەرین، لەماوەی رابردوودا، كۆبوونەوەمان لەگەڵ خاڵە سنوریەكان كردووە، بۆ لابردنی تەواوەتی باج لەسەر  برنج‌و ڕۆن‌و ئاردو شەكرو نیسك‌و نۆك، تەنانەت بەرنامەمان هەیە كرێی پشكنینیش كەم بكەینەوە، بۆ ئەوەی نرخی ئەو خۆراكانە كەمببێتەوە، تەنانەت وامانكردووە، رۆتیناتیش نەهێڵدرێت بۆ ئەوەی بەخێرای پێداویستیەكان بگاتە، دەستی كڕیاران.

خەڵك: بڕیارەكە كەی جێبەجێ دەكرێت؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: هەندێك ڕێوشوێنی هونەری ماوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێت، بەنمونە ئەگەر تۆنێك خۆراك 10 هەزار دینار باج‌و گومرگی لەسەر بێت و باجەكە وەرنەگیرێت لە خاڵە سنورییەكان ئەوا راستەوخۆ نرخی ئەو پێداویستیانە لە بازاڕدا كەمدەبێتەوە.

خەڵك: هەنگاوەكانی دیكە بۆ كەكردنەوەی نرخ چیە؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین زەوی بدەینە خەڵك بۆ كردنەوەی هەرزان بازاڕ، ئەوەش هانی بازرگانان‌و فرۆشیاران دەدات نرخ كەمبكەنەوە، لە هەمان كاتدا، لە رێگەی چاودێری بازرگانیەوە چاودێری وردی بازاڕ دەكەین، وەك قایمقامیەت دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە، تا 2 ملیۆن سزای ئەو كەسانە بدەین كە تەجاوزی نرخ دەكەن، راستە ئێمە لێپێچینەوە دەكەین ، بەڵام لەگەڵ ئەویشدا كار ئاسانی بۆ هەموو بازرگان‌و فرۆشیارێك دەكەین كە نرخ كەمدەكەنەوە.
خەڵك: باس لەوە دەكرێت هاوردەكردنی خۆراك لە لایەن چەند كەسێكەوە قۆرخكراوەو رێگە بە بازرگانی دیكە نادرێت ، خۆراك هاوردە بكەن.

بەختیار عەبدولڕەحمان: لەگەڵ بازرگانان كۆبوینەتەوەو رێگەمان لە قۆرخكاری گرتووەو هەموو بازرگانێكمان ئازادكردووە، كە هاوردەی خۆراك بكەن.

خەڵك: نرخی كیلۆیەك گۆشتی مریشكی زیندوو لە بازاڕدا لە 2 هەزار كەمترە، بەڵام بە نمونە شیشێك گۆشتی مریشكی برژاو تا ئێستا 3 هەزار بۆ 4 هەزارە ، ئایا دەستكاری ئەو نرخانە ناكەن؟
بەختیار عەبدولڕەحمان: راستە، بەڵام ئەولەیەتی ئێستای ئێمە دابەزینی نرخی خۆراكی رۆژانەی خەڵكە لە ئایندەیەكی نزیكدا نرخی چێشتخانەو رێستۆرانتەكانیش دیاری دەكەین‌و دەبێت ئەوانیش كەمی بكەنەوە، هەچەندە خۆشبەختانە بەشێك لە خاوەنی چێشتخانەو رێستۆرانتەكان خۆیان هەستیان بەدۆخەكە كردووەو نرخیان كەمكردۆتەوە.


خەڵك : لەماوەی رابردوودا بڕیارتاندا نرخی گۆشتی ئاژەڵ كەمبكەنەوە، بەڵام لە هەندێك شوێن نرخەكە هەمان نرخی پێشووە، بۆچی گۆشتفرۆشەكان پابەند نەبوون بە نرخەكەوە؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: ئێمە بڕیاری دیاری كردنی نرخی گۆشتی سورمان دەرنەكرد، بەڵكو پێشنیاری ئەوەمان كرد، كە نرخەكە كەمبكرێتەوەو پشتیوانی ئەو گۆشتفرۆشانەمان كرد، كە نرخ كەم دەكەنەوە. لە ئێستادا هەر لەناو شاری سلێمانی گۆشتفرشەكان بەنرخی جیاجیا، گۆشت دەفرۆشن، خەڵك خۆی ئازادە بەكام نرخ دەیكڕێت، چونكە، جگە لە بەربەلێدەكەی ناو بازاڕی سلێمانی، لە شوێنەكانی دیكە، بە 10 – 13 هەزار دینار گۆشت دەفرۆشن.

 خەڵك : هۆكاری دابەزینی نرخی مریشك چیە؟

بەختیار عەبدولڕەحمان: لە ئێستادا رێگە نادرێت مریشك هەناردەی ناوەراست‌و خواروی عیراق بكرێت، ئەگەر رێگە بدەین نرخەكە گران دەبێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵكە.


PM:12:26:16/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 33016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com