بە پێشنیازێك حكومەت لە نیوەی پێشینەكان خۆش دەبێت
       
بە پێشنیازێك حكومەت لە نیوەی پێشینەكان خۆش دەبێت
 خەڵك - ئارام سەردار

پەرلەمانتارێكی پارتی ئاشكرای دەكات، كە بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچە لەلایەن حكومەت، بەمەرجی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم مانگانە موچە بداتە فەرمانبەران و مامۆستایان، دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) لەبارەی گەڕانەوەی هەرێم بۆ بەغدا دەڵێت:" بڕیار نەدراوە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا بپچڕێنین". 

خەڵك: حكومەت سەركەوتو دەبێ لەسەر بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچە؟

فرسەت سۆفی: مەسەلەی پاشەكەوتی موچە بڕیارێكی ناچاریە كە حكومەت لەم چەند رۆژە پەنای بۆدەبات و بڕیارەكەش بۆ چەند مانگێكە و بۆ كاتێكی دیاری كراوە، واتە تا باشبونی دۆخی دارایی و ئەوانەشی موچەیان كەم بێت كەمترین پارەیان پاشەكەوت دەكرێت، لە 75% پاشەكەوتكردنی موچە بۆ پلە باڵاكانە و ئەوانەی موچەیان بەرزە وەك وەزیر و پەرلەمانتار، و پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆش ناگرێتەوە و هەر كاتێكیش دۆخەكە چاك بوو فەرمانبەران بەتەواوەتی موچەكانیان وەردەگرن و بڕیارەكە پوچەڵ دەبێتەوە، ئەوەشی قەرزی لەسەر حكومەتە هەركاتێك پارەی تەواو لەبەردەست بێت ئەوكاتە حكومەت ئەو قەرزە دەداتەوە، بەڵام كاتێك حكومەت بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچە جێبەجێ دەكات بەم مەرجەیە دەبێ لەمەودوا هەموو مانگێك فەرمانبەران موچە وەربگرن و موچە دابەش بكرێ بۆیە بڕیارێكی لەم شێوەیەش دەدرێت.

خەڵك: حكومەت گوێی لەپرۆژە چاكسازیەكەتان گرت؟

فرسەت سۆفی:  حكومەتی هەرێم پێشوازیەكی باشی كرد، لەپرۆژەكەمان و بەشێكی زۆری ئەو 21 بڕیارەی دراوە لەناوەرۆكی پرۆژەكەی ئێمەدا هاتوە و ئێستاش حكومەت راوێژمان پێ دەكات لەچاكسازی كارەبا و قەرزەكانی حكومەت و گۆڕینەوەی پارە و چەندین خاڵی تر.

خەڵك: چارەنوسی پێشینەكان چی بەسەر دێت؟ تائێستا هاوڵاتیان لەدڵەراوێكێدان لەدانەوە و نەدانەوەی ئەو پێشینانە؟.

فرسەت سۆفی: زۆر بەجدی پێشنیازمان كردووە لەسەر پێشینەكان بۆ حكومەت  نزیكەی 35 ملیار دۆلار لەلای خەڵكە وەك سەرجەم پێشینەكان كە ئەگەر هەركەسێك بڕێك پارە بگەڕێنێتەوە لەم پێشینانە ئەوا حكومەت بەقەدەر هێنانەوەی پارەكە لێی خۆشبێت، بەنمونە ئەگەر كەسێك 1 ملیۆن بهێنێتەوە لەبەرامبەر ئەمەش حكومەت 1 ملیۆنی لێ خۆشبێت، لەهەمان كاتیشدا ئەوانەی فەرمانبەرن، ئەگەر لەموچە قەرزەكەیان خۆشببن، كە لەلایەن حكومەتە و بیخاتە شوێنی دانەوەی پێشینەكان ئەوا بەقەدەر موچەكەی دوو هێندەش حكومەت لەپێشینەكەی خۆشببێت، ئێستاش حكومەت دیراسەی ئەو پێشنیازەمان دەكات و ئومێدەوارین ببێت بەبڕیار.

خەڵك: هەموو هاوڵاتیان دەپرسن داهاتی نەوت دیار نییە و كەچی تەنها رێژەی فرۆشتنی نەوت دیارە؟

فرسەت سۆفی: ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان كردووە، پارەی نەوت بەیەك جار نایەتەوە دەستی حكومەت بەڵكو بەش بەش پارەكە دێت و لەگەڵ گەیشتنی پارەكەش دابەشكردنی موچە رادەگەیەنرێت، چونكە پارەی پێویست لەبانك نییە بۆ ئەوەی سەرجەم موچەكان بەسەر یەكەوە دابەش بكرێت، ئەگەر هەر بەهەدەردانێكیش هەیە، ئەوا دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و لیژنەی نەزاهە و داواكاری گشتی و پەرلەمان هەیە، دەتوانن بەدواداچون بكەن و بڵێن لەم شوێنە بەهەدەردان و ناشەفافی هەیە و پارە دزراوە، لەلایەن حكومەتیشەوە دەستەیەك دروست بووە، سەرجەم لایەنەكانی تێدایە، دەتوانن ژمارەكان بەراورد بكەن.

خەڵك: چونەوە بۆ بەغدا بڕیارێكی خۆكوژیە لەلایەن هەرێمی كوردستان؟

فرسەت سۆفی: گەڕانەوە بۆ بەغدا بەم مانایە نایەت، بەڵكو هەوڵێكە دەدرێت، چونكە ئێمە تائێستا هەرێمێكی فیدراڵین و بڕیاریش نەدراوە كە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا بپچڕێنین، بۆیە ئەمە هەوڵێكە ئەگەر لەم گفتوگۆ و مفاوەزاتانە گەیشتین، بەرێككەوتن باشە ئەگەرنا، ئەوا ئێمە سەرقاڵی ناوخۆی خۆمان دەبین، تاوەكو خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو قەیرانانەی كە رویان تێ كردوین، بەگوێرەی زانیاریەكانی منیش ئێستا هەولێر و بەغدا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كۆمیتەیەكی هاوبەش دروست بكەن، تاوەكو دانوستان لەگەڵ یەكتر بكەن، بەرای منیش پەیوەندی هەبێ باشترەوە لەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغدا بپچڕێنین، گریمان ئەگەر دەوڵەتیش بێت، باشترە وڵاتێكی باش و پەیوەندیەكی باشت هەبێ لەگەڵ عێراق، چونكە هیچ كەسێك لەشەڕ سەركەوتو نەبووە و سودیشیان نەبینیوە.

خەڵك: نوێنەرانی 10 وڵات داوای راگرتنی ریفراندۆم دەكەن لەحزبەكان، بۆچی ئێستا داوایەكی لەم شێوەیە دەكەن؟

فرسەت سۆفی: پێموایە هیچ میللەتێك و وڵاتێك كە دەوڵەتیان دروست كردووە یان مومارەسەی مافی چارەی خۆنوسین دەكەن لەسەر سینیەكی زێڕ دانەنراوە بۆیان بڵێن فەرموو ئەوە دەوڵەت، بەڵكو پێكهێنانی دەوڵەت قورسایی و بارگرانی و ماندوبوونی دەوێت، لەهەمان كاتدا پێویستە دوو شت لێك جیابكەینەوە، چونكە دەوڵەت و ئەنجامدانی ریفراندۆم دوو شتی لێكجیاوازن، هەرچەندە بەیەكەوەش گرێدراون، بەڵام مەرج نییە ئەمرۆ ریفراندۆم بكەی و دەوڵەت رابگەیەنی، بەڵام كاتێك ئەو ریفراندۆمە دەكەی بەشێوەیەكی یاسایی و نێودەوڵەتی هەركاتێك مافەكانت پێشێلكرا بەهەموو دونیا دەڵێی كە ئەوە مافم پێشێل دەكرێت و وەك چەكێك بۆ دروست كردنی دەوڵەت بەكاری دەهێنی، كۆسۆڤۆ لە 1992 ریفراندۆمی ئەنجامدا، بەڵام راگەیاندنی خۆی وەك دەوڵەت لە 2008 بوو.

خەڵك: هیچ دۆخێكی سیاسی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە پەرلەمان و حكومەت؟

فرسەت سۆفی: ئومێدەوارم ئەم دۆخە سیاسییە كۆتایی بێت و پەرلەمان كارا ببێتەوە و دەست بەكۆبونەوەكانی بكاتەوە، بۆ ئەوەی بەیەكەوە بین و كار بكەین، چونكە زۆر گرنگە پێكەوەبوون و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد.
 

AM:09:43:01/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 40422 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com