نەبوونی موچە بۆ هاوڵاتیان و بەفیڕۆدانی لەلایەن بەرپرسانەوە
       
نەبوونی موچە بۆ هاوڵاتیان و بەفیڕۆدانی لەلایەن بەرپرسانەوە
ستارە عارف

ئەگەر موچە بۆ توێژە جیاجیاكانی ئەم هەرێمی كوردستانە نیە، ئەی بۆچی بۆ سەفەر و گەشتی بەرپرسان هەیە؟ هەردو بارزانی سەفەری وڵاتان بە بودجە و پارەیەكی زۆرەوە دەكەن، داهاتی نەوتەكەیش لەدەستی ئەواندا دەمێنێتەوە، كە تا ئێستا سندوقی داهاتە نەوتیەكان دروستنەكراوە، كە بە پێی یاسای نەوت و گازی هەرێم رێگەی پێدراوە، چونكە نایانەوێت دروست ببێت، داهاتی نەوت و سەرچاوەكانی تریش تەنیا لەدەستی ئەو تاقمەی سەرەوەدا دەمێنێتەوە و بۆ هاوڵاتیان خەرج ناكرێت.

سەفەری توركیا و وڵاتانی وەك كۆنگرەكەی داڤۆس و چونەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا، كە رەتكرایەوە و پارتی بە هەزار شێوە پینەی كرد، بە فیڕۆدانی داهات و پارەی خەڵكە، لەكاتێكدا زۆرینەی توێژە گرنگەكانی كۆمەڵگە موچەیان وەرنەگرتوە و بازاڕ توشی هەڵاوسان و داكشانی هەڵاوسان بوە، ئەوانیش بێ كێشە و بێ هەستكردن بە كێشە و ناهەمواریەكانی خەڵك سەفەر دەكەن و پارەی میللەت بە فیِڕۆ دەدەن، دەبێت بپرسین بە ناو بەرپرسان پارەی ئەو هەمو سەفەر و گەشتەتان لەكوێ هێناوە، كە موچەی مانگانەی فەرمانبەرانتان پێ نادرێت؟.

كێشەكە تەنیا نەمانی پارە نیە لەبانكەكاندا، بە تەنیا پێكنەهێنانی حكومەت و پەسند نەكردنی بودجەی عیراق و كوردستان نیە، بەڵكو كێشەكە لەنێوان یەكێتی و پارتیدایە و رێككەوتنێكە بە سود و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی.

یەكێتی لەقەیرانی قورسدایە و تازە ئەگەری هەستانەوەی نیە، بۆیە لەهەل دەگەڕێت پارەی بانكەكان بماشێتەوە و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچێت، پارتیش بە هەمو هێزی كار بۆ شێواندنی ئاسایش و باری دەرونی و ئارامی خەڵك و شاری سلێمانی بە تایبەتی دەكان، وەك سزای ئەوەی سلێمانی لەمێژە پارتی رەتكردۆتەوە.

ئەم قەیرانەی ئێستای یەكێتی تێكەوتوە، خەونی پارتی بو، بەڵام ئەو خەونەی پارتی لەكاتێكدا هاتۆتە دی، كە هێزی تری وەك گۆڕان هەیە، كە تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنێكی كارا بوە، بۆیە ئێستا پارتی بواری دەست بەسەردا گرتنی رەوشەكەی بە تەواوی نیە و بۆی كۆنترۆڵ ناكرێت.

لەدوای هەڵبژاردنەكانی مانگی نۆی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، پارتی باش سەنگ و قورسایی خۆی بۆ دەركەوت، كە ئەوە تەنیا یەكێتی نەبو، شكستی هێنا، بەڵكو ئاستی مۆڕاڵی پارتیش زۆر خراپە و خۆی باش دەزانێت ئەو سی و هەشت كورسیەی نیوەیشی راستەقینە نیە، بەڵكو زۆرینەی كاری ساختە و گزیكارییە، كە زۆر بە چڕی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەستی پێكردبو.

لەم رەوشە قورسەی قەیراندا، كە ئەم دو حزبە ئافراندویانە، تەنیا هاوڵاتی دەبێتە قوربانی، بۆیە دەكرێت ئاستی ناڕەزاییەكان لەدژی دەسەڵات بەرز بكرێتەوە و بە هەمومان فشار بكەین، بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە و چالاك بكرێت.

چونكە ئەمە تەنیا سودی پارتی تێدایە، كە لەخۆیان زیاتر كەس ئاگاداری گرێبەستە نەوتیەكان و داهات و پەیوەندیە نهێنی و سیاسەتە ژێر بەژێرەكانیان نیە، كە هەموی دژی ماف و ژیانی هاوڵاتیانە و ئەوانیش لەو ئاوە لیخنەدا مەلە دەكەن.

ئەگەر ئەم رەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت ناڕەزایی هاوڵاتیان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورەتر سەربكێشێت، كە لەم سات و رەوشەدا لەبەرژەوەندی خەڵك و هەرێمدا نیە، بەڵكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكومەت گرنگە.

بۆیە دەكرێت بە ناو بەرپرسانی ئێستا زەمینە بۆ لەمە زیاتر ناڕەزایی و توڕەیی خەڵك ساز نەكەن و بە پیر داخوازیەكانی خەڵكەوە بێن.

پێدەچێت لەماوەی داهاتودا هەر ئەم قەیرانەی ناو یەكێتی و نەبونی پارە لەبانكەكان بكرێتە بیانو و پارتی و یەكێتی فشار لەهێزەكانی تریش بكەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت، چونكە بەرگەی شكستی زیاتر ناگرن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش تەنیا لەهەرێمی كوردستاندایە و هەمو عیراق ناگرێتەوە، كە بێگومان ئەمە زیاتر قوڵكردنەوەی قەیران و نەهامەتیەكانی هاوڵاتیان و درێژە دانە بە رەوشی نا ئاسایی و بە فیڕۆدانی داهاتی ئەم هەرێمە لەلایەن هەردو بارزانی و بنەماڵەوە.

لە فەیسبوكی نوسەرەوە وەرگیراوە.


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:07:51:20/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com