دانانی پێوەری میكانیكی ئاو پێویستە؟
       
دانانی پێوەری میكانیكی ئاو پێویستە؟
سەروەر قەرەداغی

ئاو سەچاوەی ژیانە. لە هەركوێیەك شوێنی نیشتەجێ‌ بون هەبێت ئاویش هەیە, لەهەرشوێنێك ئاو هەبێت ژیانیش هەیە. بۆیە پاراستن و بە فیڕۆ نەدانی ئەركی سەرشانی هەمو تاكێكە. 

بەڵام تاكەكانی كۆمەڵ بەردەوامن لە پیسكردنی سەرچاوە ئاوییەكان. ڕۆژانەش لەباشوری كوردستان بەهۆی نەبونی وشیاری و كەمتەرخەمی حكومەت زیاتر لە هەزاران لیتر ئاو لە بەلوعەی ماڵانەوە بەفیڕۆ دەدرێت. كە لەلایەن میراوەكانەوە ئاو بۆ ماڵان هەڵدەكرێت ڤیستیڤاڵی بەفیڕۆدانی ئاو دەست پێدەكات, ڕەنگە هەریەك لەئێمە ڕۆژانە لە كۆڵانەكانی شاردا بینەری دەیان ڤیستیڤاڵی بەفیڕۆدانی ئاو بوبین, بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە. 

بەفیڕۆدانی ئاو و نەبونی پێوەر. وە دابەشكردنی ئاو ئەم سیستەمەی ئێستا نادادپەروەری دروستكردوە. بۆ نمونە خێزانێك كەلە دە ئەندام پێكهاتوە و خاوەنی 200م شوێنی نیشتەجێ‌ بونە مانگانە بەپێی ڕوبەری زەوی تەنها(10,000)دە هەزار دیناریان بۆ دێتەوە, وە خێزانێكیش كەلە دوو ئەندام پێكهاتون و خاوەنی 200م شوێنی نیشتەجێ‌ بونن هەربە تەنها(10,000)دە هەزار دیناریان بۆ دێتەوە؟! بەڵام بەپێی ستانداری جیهانی دابەشكردنی ئاو بەپێی قەبارەی بەكارهێنانە, نەك بەپێی ڕوبەری زەوی و بەشێوەیەكی هەڕەمەكیانە! كەتەنانەت نەشزانرێت بەشداربویەك یان (هاوبەش)ێك چەنێك ئاو بەكاردەهێنێت؟.

هەروەك چۆن پێوەری كارەبا بۆ ماڵان دانراوە بە جیاوازییەوە! پێویستە پێوەری ئاویش بۆ ماڵان و شوێنەگشتیەكان دابنرێت بەبێ‌ جیاوازی؟ چونكە دانانی پێوەری میكانیكی,  ئاو بەپێی بەكارهێنانی مانگانەی(م3)دابەشدەكات و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی ئاوێكی زۆر دەگرێت و (هاوبەش) ناچاردەكات بەگوێرەی پێویست ئاو بەكاربهێنێت. ئەگەر هەموو هاوبەشەكانیش بون بەخاوەنی پێوەری میكانیكی ئەوكات حكومەت دەتوانێت ڕۆژانە ئاو دابەشبكات. ئیدی ڕەنگە هاوڵاتیان پێویستیان بەتەنكی ئاویش نەبێت. 

لەدوای كەمتەرخەمییەكی زۆر. حكومەت لەڕێگەی دوو كۆمپانیاوە لەمانگی هەشتی ساڵی 2015وە دەستیان بە بەستنی پێوەر كردووە و زیاتر لە (%40)یان تەواوكردووە. لە بەرامبەركڕین و بەستنی لە لایەن (هاوبەش)ەكان حكومەت وەك هاوكارییەك هەڵدەسێت بە قەرەبووكردنەوەیان بەبڕی(40,000)چل هەزار دینار ئەوەش بە داشكاندنی بڕی مانگانە بە(10,000)دە هەزاردینار لە پسوڵەی ئاو بۆ ماوەی چوارمانگ. 

دوای تەواوبون و دانانی پێوەر بۆ هەموو هاوبەشەكان. پێویستە حكومەت  كاربكا بۆ دانانی پێوەر لەگەڕەكەكان تا بتوانێ‌ ونبونی ئاو لە تۆڕەكاندا دیاری بكات و ڕێگە لەبەفیڕۆدانی بگرێت. ئەو كات لەڕێگەی پێوەری گەڕەكەكانیشەوە دەزانرێت, چەنێك ئاو دابەشكراوە بۆ هەر گەڕەكێك.


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
AM:10:40:18/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com