هەڵەبجــە، برینێــكی بـێ هەتــوان
       
هەڵەبجــە، برینێــكی بـێ هەتــوان
سەروەر حەمە ئەحمەد

ئەگەرچی هەڵەبجەی پێش كیمیاباران، لە هەموو كات‌و سات‌و ڕۆژێكدا شانۆی ڕووداو‌و چالاكییە سیاسیەكان بووە وەك هەر شارێكی دیكەی ئەم پارچەیەی كوردستان، بەڵام شازدەی سێی هەشتا‌و هەشت ڕۆژێكی لەیادنەكراوە لە بیر‌و زهنی هەڵەبجەیەكان‌و تەواوی هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان. لەو ڕێكەوتەدا‌و بە وتەی لیوا ڕوكن "وفیق سامەڕائی" بەڕێوەبەری پێشووی ئیستیخباراتی سەربازی گشتی عێراق لە پەرتوكەكەیدا بەناوی "حطام البوابة الشرقية وحقائق عن الزمن السي‌و في العراق" دەڵێت: (پەنجا فڕۆكەی هێزی ئاسمانی عێراقی كە هەر یەكەیان چوار بۆمبی كیمیاویان هەڵگرتبوو كە كێشی هەر یەكێكیان پێنچ سەد كیلۆ گرام بوو هەستان بە بۆردوومانكردنی شاری هەڵەبجەو دەورووبەری لە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی 16ـی ئازاری ساڵی 1988". ئیدی لەو ڕۆژەوە مەرگەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە‌و شەهیدبوونی پێنچ هەزار لە ژن‌و پیا‌و‌و منداڵ‌و گەنج‌و لاو‌و پیری ئەو شارە، بوون بە ڕەمزی مەزڵومیەت‌و ناسنامەی ستەمدیدەی كورد لە باشوری كوردستان.

ئەم ڕووداوە جەرگبڕ‌و بەناسۆرە‌و دەرەنجام‌و دەرهاویشتە خراپەكانی‌و پەڕاگەندەیی‌و ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە بۆ شوێنە جیاجیاكانی عێراق‌و ئێران‌و شوێنەكانی دیكە، دەیان‌و سەدان وێنەی تراژیدیایی‌و چیرۆكی پڕ كاریگەر‌و یادەوەری تاڵی لەبیرنەكراوی لێكەوتەوە.

بەڵام مەخابن پاش تێپەڕبوونی بیست‌و هەشت ساڵ بەسەر ئەم مەرگەساتەی خەڵكی ستەمدیدەی هەڵەبجە‌و كوردستان، هێز‌و پارتە سیاسیە حكومڕانەكانی ئەم هەرێمە نەك هەر نەیانتوانی زامەكانی ئەم كارەساتە ساڕێژ بكەن‌و پرۆسەی سیاسی بخەنە سەر سكەی دیموكراسی، تەنانەت نەیان توانی مۆدێلێكی باشی فەرمانڕەوای پێشكەش بكەن‌و نمونەیەكی جیاوازتر لە نمونەی حكومڕانی وڵاتانی ناوچەكە پیادەبكەن‌و ئاوڕێكی جدی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم كارەساتە بدەنەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لەم چركە ساتەشدا ترسیان هەیە لە توڕەی دڵی پڕ‌و گیرفانی بەتاڵی هاونیشتیمانی وڵاتی خۆیان بەگشتی‌و هەڵەبجەی زوڵم لێكراو بەتایبەتی، چونكە فەرمانڕەواكانی ئەم هەرێمە نەیانتوانی دڵنیای سیاسی‌و ئابوری‌و ژیانێكی ئازاد‌و ئاسودە‌و شایستە ببەخشن بە تاكی كوردی بەگشتی هەڵبجەیەكان بە تایبەتی تر. بۆیە دەبینین قەرەبووی دەسەڵاتی كوردی بۆ ئەم شارە‌و هاونیشتیمانیەكانی لە ئاستی پێویست‌و بەرچاودانیە‌و ئەم كارەساتە مەزن‌و گەورەیە كورتكراوەتەوە بۆ بۆنەیەكی ساڵانە.
 
وە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم برینە "مەرگەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە" بێ هەتووان مایەوە، بە جۆرێك كە ئیدارەی ڕۆنالد ریگان لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سیاسەتێكی لاموبالات‌و بێ لایەنی‌و بێدەنگی هەڵبژارد بەرامبەری، وە پێیان وابووە ئەم ڕووداوە كێشەی ناوخۆین‌و دەبێت لە ناوخۆو چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكرێن، وە هیچ جۆرە كاردانەوەیەكی توندی نەبوو بەرامبەر بە حكومەتی عێراقی، ئەمە سەرباری ئەوەی كە ئێران‌و سەربازی ئێرانی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی ئەو كارە نەك عێراق. وە لەگەڵ ئەوەشدا هیچ حكومەتێك لە وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی‌و هەرێمی‌و ڕۆژئاوایی ئیدانەی ئەم مەرگەساتەیان نەكردوو‌و سەركۆنەی حكومەتی عێراقیان نەكرد، وە هیچ هەوڵێكیشیان نەدا بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە (620) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كەلە ڕێكەوتی 26ـی ئابی 1988 دەریكردبوو، كە تایبەتمەندبوو بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزای دژی هەر دەوڵەتێك كە چەكی كۆمەڵكوژ‌و كیمیاوی بەكاربهێنێت دژی گەلی خۆی‌و گەلانی دیكە لە نێویشیاندا حكومەتی عێراقی كە تۆمەتباربوو بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دژی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دەبینین هەڵەبجە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و هەم لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتیش ئاوڕی پێویست‌و جدی لێنەدراوەتەوە‌و بە هەند‌و بایەخەوە لێی نەڕوانراوە كەلە ئاست گەورەی مەرگەساتەكەیدا بێت.
لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێم هەڵەبجە‌و مەرگەساتەكەی موڵكی هەمووانە هەروەك چۆن هەمووان بە ناسنامەی مەزڵومیەتی گەلی كوردی دەزانن، بۆیە گرنگە هەمووانیش لە خەمی ساڕێكردنی برینەكانیدابن‌و ئاوڕی جدی لێبدەنەوە تاكو بتوانرێت ئەم برینە بۆ هەمیشە بێ هەتووان نەمێنێتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:07:20:13/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com