ئایا ئەمەی روودەدات خەتای گۆڕانە؟
       
ئایا ئەمەی روودەدات خەتای گۆڕانە؟
هێمن محمود

هەرچەندە لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان ماوەی 5 مانگ دەبێت هیچ پۆستێكی حكومی و پەرلەمانی بەدەستەوە نیەو نەماوە (كە من هەرخۆم دژی ئەوەبووم پۆستی هەبێت و داوای پۆست بكا) بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان (بەتایبەت باڵە دەستڕۆیشتوەكانی یەكێتی و پارتی) برەو بە قەناعەتێكی وا بەخەڵك پەرە پێدەدەن كە ئەوەی هەیەو ئەوەی روویداوە لەقەیرانی داراییەوە بیگرە تا قەیرانە سیاسییەكان بەهۆی گۆڕان و سیاسەتی گۆڕان و تەنانەت خودی رێكخەری گشتی ئەو بزووتنەیەیە!!

دیارە ئەم بڵاوكردنەوەی ئەم بیرۆكەیەو بەبازاڕكردنی لەناو بەشێكی زۆری خەڵكدا برەوی هەیە و كڕیاری باشی لێ كۆبووەتەوە، چونكە كاریگەری قەیرانەكان بەتایبەتی (قەیرانی دارایی و بێ موچەیی) قورساییەكی زۆری خستۆتە سەر ژیانی خەڵك و بەشێكی زۆری ئەو خەڵكە ( كە ناهەقیشیان نییە) چاوەڕێین دۆخەكە بەهەر جۆرێك بێ باشبكرێ جا بەخەتاباركردنی گۆڕانیش تەواو ببێ ..!!

لەراستیدا تاكە خەتایەكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە بەبێ دیراسەیەكی ورد و بەحساباتە هەڵەو زانیارییە پڕ كەموكورتییەكانی هەندێك ژووری توێژینەوەی ناو بزووتنەوەكە و بە نەخوێندنەوەی واقیعی ئیداری و دارایی و سیاسیی هەردوو هەرێمەكە (سەوز و زەرد) بەشداری حكومەتێكی كرد كە ساڵانێكی درێژ دەیوت ئەم حكومەتە حكومەتی حزب و دەستەو گرووپە جیاجیاكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدارە!
لەوە بترازێ خەتاباركردنی گۆڕان بەدروستكردنی ئەم دۆخە نەك هەر درۆیەكی شاخدارە بەڵكو چەواشەكردنێكی كاتییەو هەر لەگەڵ یەكەم ساتی چاككردنی دۆخەكە دەپوكێتەوەو كەس بڕوای پێناكات..!

 با باسی ئەوە نەكەینەوە كە لەساڵی 2003ەوە تا 2014 بەغدا زیاتر لە 110 ملیار دۆلاری وەك بودجە رەوانەی هەرێم كردووە و داهاتێكی بێ شوماری تری ناوخۆ لەبەردەستدابووە، ئەمە جگە لە ئاودیكردنی هەزاران تەنكەرە نەوت..باشە ئەوانە چی لێهات..؟

بە كورتییەكەی ئەوەی پێی وایە ئەم دۆخە خەتای گۆڕانە هەقە یەك پرسیاری لێبكرێت و هیچی تر: باشە خۆ یەكێتی و پارتی لەساڵی 1992ەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەمە گریمان لە ساڵی 2014 دەسەڵاتیان دا بەگۆڕان ( كە ئەوەش دیاربوو وەزیرەكانی گۆڕان تەنها كارتۆنی بوون) باشە ئەگەر نوخبەی دەسەڵاتداری ئەو دوو حزبە لەماوەی 22 ساڵدا ئەوەنە ئەزمونێكی چاك و دەسەڵاتێكی دەوڵەمەندیان پێشكەشی خەڵك كردبێ ماقوڵە بەحوكمی چەند مانگێكی بزووتنەوەیەك هەڵبوەشێتەوەو بگاتە ئەم دۆخە..!! باشە ئەگەر دامەزارەوەیەكی سیاسی و وڵاتێكی مۆدێرن و سیستەمێكی فول دیموكراسییان پێشكەش كردبین، ماقوڵە بەحكومی چەند مانگێكی بزووتنەوەیەك ئەو هەموو گرفتە سیاسیە و چەقینە یاساییە لەسیستەمی سیاسی ئەم هەرێمەدا دروستببێ..!!  


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
AM:09:45:10/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com