ڕێككه‌وتن و ڕێكخه‌وتن
       
ڕێككه‌وتن و ڕێكخه‌وتن
كاروخ عوسمان

دوای ڕاپه‌ڕین ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا، شه‌ڕی توركیاو په‌كه‌كه‌، به‌ڵام توركیا ته‌نها به‌ ناردنی به‌ژدار بوو هێزوبازوش عاید به‌ حزبه‌ فیفتی به‌فیفتیه‌كانی هه‌رێم، په‌كه‌كه‌ له‌ شاره‌كان وه‌ده‌رنرا، چونكه‌ ڕازی به‌ سڕبوون نه‌بوو وه‌كو حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران، تاناوه‌ڕاستی ساڵی ٩٣ ڕاوه‌ په‌كه‌كه‌ بوو، له‌وێ به‌دواوه‌ ئینجا پارتی و یه‌كێتی كه‌وتنه‌ ڕاوی یه‌كترو مۆڵگه‌ی چه‌كداره‌كانیان دیاریكرد، ئه‌م شه‌ڕانه‌ش هیچی له‌سه‌ر فكرو بۆچوون، ئایدیاو ئایدیۆڵۆژیا، ڕق گرتن له‌خیانه‌تی یه‌كتر نه‌بوو، هه‌موو به‌ربه‌ركانێ چه‌كداریه‌كان ته‌نهاوبه‌ته‌نها له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حزبی بوو، به‌و پێیه‌ی گومرگی ئیبڕاهیم خه‌لیل كه‌ تاكه‌سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی داهاتی هه‌رێم بوو پارتی به‌ڕه‌هایی ده‌ستی به‌سه‌رداگرتبوو، پشكی یه‌كێتی لێ نه‌ده‌دا، بۆیه پڕشكی ئاگری شه‌ڕ هه‌موو كوردستانی داگرت.

دوای كوشت وكوشتار، هێنانی سوپای بێگانه‌و دوژمن بۆسه‌ریه‌كتری، خیانه‌ت و شكاندنی كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد بڕیاریاندا ڕێكبكه‌ون، ئه‌و بڕیاره‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ یه‌كێتی سه‌رچاوه‌ی داهاتی خۆی دیاریكرد به‌ دۆزینه‌وه‌ی نه‌فت له‌ كێڵگه‌كانی شیواشۆك-كۆیه‌ ئه‌گینا ڕاست نیه‌ كه‌ده‌ڵێن له‌پێناو ئاشتی و ئارامی گه‌ل هه‌رێم ڕككه‌وتین، چونكه‌ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ كه‌متر له‌نه‌هامه‌تیه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆیان به‌سه‌ر كورددا نه‌هێنا.

دوای هه‌شتا كۆبونه‌وه‌ی ڕه‌به‌ق دواجار له‌ ئه‌مریكا ده‌ستیان خسته‌ ده‌ستی یه‌ك و ڕێككه‌وتن، دواتریش له‌ پیرمام به‌ دوو وشه‌ ڕێككه‌تنیان ڕاگه‌یاند و خۆیان به‌ری كرد له‌و هه‌موو تاوانه‌ خه‌ڵكیان به‌تاوانبار دایه‌ قه‌ڵه‌م.

ئیتر خه‌ڵك به‌بێ ده‌نگی چاوپۆشی له‌هه‌موو شتێك كرد و دوای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ڕێك خه‌وتن.

لێنه‌پیچینه‌وه‌ی خه‌ڵك وایلێكردن له‌سه‌ر هه‌موو شتێ ڕێكبكه‌ون، دابه‌شكردنی زه‌وی هه‌رێم، داهات وسامان، پۆست و ده‌سته‌ڵات، سیاسه‌ت و سیسته‌م، دۆست ودوژمن، فام و نه‌فام ،مه‌عبه‌دو عیباده‌ت، ته‌نانه‌ت ژن و ئافره‌ت و خوێندنگاو قوتابخانه‌ش، ڕێككه‌وتنی ئه‌وان بووه‌ هۆكاری ڕێكخه‌وتنی میلله‌ت‌، خه‌وێكی هێنده‌ قوڵ كه‌ له‌ته‌په‌ ته‌پ و ڕه‌مبه‌ڕمبی لێدانی بیره‌ نه‌وتیش وه‌ئاگا نه‌هات، هێنده‌ قوڵ له‌ هاش وهوشی تانكه‌ره‌كانیش وه‌ئاگا نه‌هات، تا له‌ قوڕه‌ی سكی گیرفان خه‌به‌ری بۆوه‌، كه‌ به‌خه‌به‌رهات بینی گیرفانێكی به‌تاڵ، وڵاتێكی وێران، حكومه‌تێكی ناحه‌كیم، ده‌سته‌ڵاتێكی فاسد وفه‌سساد، نیشتمانێكی دابه‌شكراو كوكون كراو، جه‌سته‌یه‌كی به‌ده‌رزی ئاژن كراو، منداڵێكی به‌شمشێر ناوك بڕاو، كه‌خه‌به‌ری بۆوه‌ بینی لاشه‌یه‌كی بۆگه‌نی و عه‌قڵێكی چڕنوك تیژ له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ حوكم ده‌كات.
له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئه‌وان و ڕێكخه‌وتنه‌ی خه‌ڵك ئه‌و سیسته‌مه‌ سه‌قه‌ته‌ی ئێستا به‌رهه‌مهات، كه‌ تیماری برینه‌كانی سایه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتن وڕێكخه‌وتنه‌ به‌لای زۆرمانه‌وه‌ بووه‌ به‌مه‌حاڵ.

ڕاسته‌ ڕێككه‌وتن بۆ هه‌موو ده‌ردێك ده‌رمانه‌ به‌ڵام لێره‌ شه‌ڕو ڕێككه‌وتن هه‌مان كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌هامه‌تین.
چونكه‌ هه‌ر ڕێككوتینیشیان شه‌ڕێكه‌ به‌جۆرێكیتر له‌گه‌ڵ میلله‌ت، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئیدامه‌دان به‌ دزی، نادادی، گه‌نده‌ڵی و یاساشكێنی سه‌رده‌مانی شه‌ڕوئاشوبه‌.

من له‌یه‌ك شت ده‌ترسم، ئه‌ویش دوباره‌ ڕێكخه‌وتنی خه‌ڵكه‌، جێگای گه‌شبینیه‌ كه‌ ئێستا خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی داوای گۆڕان له‌سیسته‌می حوكمگێڕیدا ده‌كه‌ن نه‌ك ته‌نها موچه‌ی ڕۆژانی ڕێكخه‌وتن.

داوای سه‌روه‌ری یاساو گێڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت ده‌كه‌ن نه‌ك لێف و سه‌رینی ڕێكخه‌وتن.
خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها كێشه‌كه‌ موچه‌ بێت به‌یه‌ك ئیحازی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ خانه‌دانه‌كه‌ی ده‌سته‌ڵات دێته‌وه‌ سه‌رڕێچكه‌ی جارانی ڕێخه‌وتنی خه‌ڵك.
چونكه‌ موچه‌ی شتێك نیه‌ مانای خزمه‌ت بێت، به‌ڵكو خولاوێكی مانگانه‌یه‌و هه‌موو تاك و گروپێك كه‌ بێته‌ ده‌سته‌ڵات توانای دابینكردنی ده‌بێت.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چه‌سپاندنی حوكمی یاساو كاركردنی حه‌قیقیه‌ به‌بنه‌ما دیموكراسیه‌كان، ڕێزگرتنه‌ له‌ مافه‌ ئینسانیه‌كان، دامه‌زراوه‌كردنی ده‌زگا ئیداریه‌كان، ئه‌كتیڤكردنی دادگاو سه‌ربه‌خۆكردنیان، ڕزگاركردنی كۆمه‌ڵگا له‌بێدادی، قورتاركردنی ڕژێمی حوكم له‌هه‌ژمونی خێڵ و فكری پاوانخوازی، بۆ دابینكردنی سێبه‌رێكی جوان بۆ تێكڕاخه‌وتنی خه‌ڵك به‌ئارامی، هه‌روه‌ها بۆ تێكڕا به‌ئاگابوونی خه‌ڵك له‌ كۆ پرسی، بۆ بێ ترس ڕێكخه‌وتن و ئاگارداربوون له‌ڕێككه‌وتن، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌و حزبه‌ به‌جووت حوكمگێڕن ڕێككه‌وتن لێڵه‌و ڕێكخه‌وتنیش كابوس.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێكخه‌وتنێكیتر مه‌حاڵه‌، هه‌ندێك هه‌ن كه‌تائێستاش خه‌وتوون یان خه‌واڵون به‌ڵام به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌ئاگاو چاو تیژن، ڕه‌ش به‌ڕه‌ش و سپی به‌سپی ده‌بینن به‌ڵام حوكمی زبرو تیژی ئه‌و دووحزبه‌ له‌مپه‌ڕی به‌رده‌م به‌ده‌ركه‌وتنی به‌ئاگابوونن.

ئه‌م بابه‌ته 301 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
AM:08:46:15/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com