پارتی ترس
       
پارتی ترس
كاروخ عوسمان

پارتی دیموكڕاتی كوردستان ترسنۆكترین پارتی كوردی باشوری كوردستانە بەوپێیەی ڕێگە بە نەیارە مەدەنیەكانی نادات، ئەو پارتە هەر لە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشی ئەیلولەوە ترس و لەرزی لە بیرو دونیابینی جیاواز هەیە تا ئەمڕۆ، لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا بەهەموو شێوەیەك دژی هەر پارت و ڕێكخراوێك دەوەستایەوە كە دەیانویست چاڵاكی لە چوارچێوەی ئازادی نیشتمانی ئەنجام بدەن، بەوپەڕی بێ ویژدانیەوە كەوتە ڕاوەدونانی شیوعیەكان و دەیگرتن و دەیكوشتن بێسەروشوێنی دەكردن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاودەستبوونیان لەشەڕەكانی دژ بە سوپای عێراقی ئەو كاتە، بەتوندترین شێوە سزای یاوەرە كۆنەكانی دەدا بەبیانووی جەلالی بوون كە دەیانویست بەجۆرێكی مۆدێرن خەبات بكەن.

لە ئێستاشدا بەهان شێوەی سەردەمانی ئەیلول پارتی ڕازی بە فكری نوێ و ڕوخساری نوێ نیە، قبوڵی هیچ جۆرە پڕۆژەیەكی نیە كە لەدەرەوەی خواستە پاوانخوازیەكانی خۆی بێت، بەهیچ جۆرێكی دەزگا ئەمنی و ئابووریەكان تەسلیمی هیچ لایەنێكیتری كوردستان ناكات، دەزانێ‌ بە تەسلیم كردن دەستەڵاتە ڕەهاكەی بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت، چونكە پارتی لە بنەڕەتدا تەنها بە دوو شێوە خۆی ڕاگرتووە، ئەوانیش پارە و هێزی چەكداری میلیشیاییە، هیچ جۆرە بیرێكی مۆدێرن و چاكەكاری پێ نیە تا بتوانی جەماوەر بەلای خۆیدا كێش بكات، بۆیە لە دونیای دیموكڕاسی و كاركردن بەیاسا  جێگای ئەو لەنگ دەبێت.

پارتی دیموكڕاتی كوردستان لەبەر ترسە كاتێ باس لە دەستی دەرەكی پشت یاساخواز و هەڵگرانی پڕۆژەی چاكسازی دەكات، لە ترسانیەتی كە هەمیشە مەترسیە دەرەكیەكانی سەر دەستەڵاتی خۆماڵی كوردی ڕادەگەیەنێت، بۆ جوڵانەوەی چاكسازی و دادپەروەری بەو ڕاگەیاندنە بێ بنەمایە سست بكات، چونكە باش دەزانێ چاكسازی حەقیقی لەگۆڕنانی پڕۆژە چەوتەكانیەتی، بۆیە ترسنۆكترین حزبی كوردستانە.

پارتی بەناوی ئاسایشی نیشتمانی چاودێری وردی خستۆتە سەر مەدەنی خوازان، ڕۆژنامەوانان، چالاكانی مەدەنی، لەهەر جوڵەیەكی مەدەنی ژێر دەستەڵاتی خۆی و هاوپەیمانە كۆنەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) دەترسێ، جوڵاوەكانی ژێر دەستەڵاتی یەكێتی دەكوژێت و هەموو فكرو كارێكی جوڵانەوەی مەدەنیانەی ژێر حوكمی خۆی قەدەغە دەكات و بە كوفری دەزانێ، داواكردنی مافە زەوتكراوەكان بە خیانەتی مەزن و تێكدانی ئاسایشی وڵات دادەنێ، چونكە دەترسێ، ترسنۆكیەكەی گەیشتۆتە ڕاددەی لەرزین و تەزین، لەهەر بابەتێكی وروژاودا دەكەوێتە ئامادەباشی چەكداری، باس لە مەترسیەكانی سەر كوردستان دێنێتە ئاراوەو دەیان سیناریۆی ڕێكخراو دروست دەكات، دەنگۆی كودێتا بۆ سەر ئەزمونی حكومڕانی كوردستان بڵاودەكاتەوەو نەیارەكانی تۆمەتبار دەكات، گوایە ئەزمونی كوردستانی ژێر حوكمی ئەوان جێگەی شانازی هەمووانە.

پارتی لە ترسنۆكیەتی هەركاتێ كۆبوونەوە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیە كارتۆنیەكانی كوردستان دەكات كە خۆی بە ناڕاستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكات، گوایە ئەو پارت ولایەنانەش مافی بڕیاردانیان هەیە لەهەموو پرسەكانی كوردستان، زۆرجاریش پەنا دەباتەوە بەر هاوپەیمانە ستراتیجیەكەی جارانی (یەكێتی) و داوای هاوكاری لێدەكات. بەداخەوە یەكێتیش بۆخاتری پشكەكانی لە داهاتی دزراوی ئەم نیشتمانە پشتی دەگرێت و لە ڕەواندنەوەی گشت مەترسیەكانی سەری هاودەستی دەبێت، بۆیە پارتی دیموكڕاتی كوردستان وەك نادیموكڕاترین پارتی سیاسی و خاوەن چەكدار ترسنۆكترین پارتی مەیدانی سیاسی هەرێمی باشوری كوردستانە.


ئه‌م بابه‌ته 317 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:12:56:05/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com