یەكێتی ئاگادارە، یەكێتی بێ‌ ئاگایە!
       
یەكێتی ئاگادارە، یەكێتی بێ‌ ئاگایە!
ئەحمەد عەبدوڵا

ئاگاداربوون و نەبوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە مەلەفی نەوتی هەرێم ماوەیەكە بوەتە كەرەستەیەكی باشی راگەیاندنەكان و لێكدانەوە و شرۆڤەی جۆراجۆری بۆ دەكرێت، بەتایبەتی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی تەئكید لە بێ‌ ئاگای حزبەكەیان دەكەنەوە و بەشێكی دیكەیشیان خۆیان بە ئاگادار پێناسە دەكەن، كە لە بنەڕەتدا هەردوو حاڵەتەكە هیچ لە جەوهەری مەسەلەكە ناگۆڕێت.

یەكەم: یەكێتی ئەگەر ئاگادار نەبێت، وەك جێگرانی سكرتێری گشتی و بەشێكی تر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییان دەیڵێن، حاڵەتێكی نائاساییە بۆ نێوخۆی حزبەكەیان نەك بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە لەم حاڵەتەدا مانای تەنها بەشداری یەكێتی دەگەیەنێت لە حكومەت و شتێك بە ناوی شەراكەتەوە نیە، لەكاتێكدا بەپێی خەمڵاندنەكان 54% سامانی نەوت و گازی هەرێم لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیاندایە و خراپترین حاڵەتیش دەبێت بۆ حزبێكی گەورەی بەشدار لە حكومەت و خاوەن پێگەی سیاسی كە هاوپەیمانەكەی بەمەبەست هیچ یەكێك لە مەلەفە گرنگەكانی پیشاننەدابێت، ئەمە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هیچ موهیم نیە، چونكە ئاگاداریش بێت هەروەك ئاگاداری پارتی دەبێت.

دووەم: ئەگەر یەكێتی ئاگاداربێت، ئەم ئەگەرەیان زیاتر لە واقیعەوە نزیكە و لەلایەن بەشێكی تر لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەتەوە تەئكیدكراوەتەوە، لەم حاڵەتەیشدا هیچ زیادەیەك ناخاتەسەر هاوكێشەی نادیاری و ناشەفافی داهاتى نەوت، چونكە یەكێتی خۆی بەشێكە لەو پەردە ڕەشەی دراوە بەسەر داهاتی نەوتدا، ناكرێت رۆژانە كۆمپانیاكانی یەكێتی لە كێڵگەكانی چەمچەماڵ و گەرمیان و كەركوكەوە نەوت هەناردە دەكەن و لە چەند پاڵاوگەیەكدا بە پارەیەكی خەیاڵی بە خەڵكی دەفرۆشنەوە و حزبەكەیش بێ‌ ئاگابێت!.

یەكێتی ئەگەر ئاگاداری مەلەفی نەوتیش نەبێت، خۆ ئاگاداری مەلەفی هەڵلوشینی پارەی گومرگ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و داهاتەكانی دیكەی ناوخۆیە، نەك ئاگادارە خۆی دەیبات و خەرجییەكانیش لە حسابی حكومەتی هەرێمە.

لەبەرئەوە یەكێتی ئاگاداری مەلەفی نەوتیش بێت هەر وەك ئاگاداری و خاوەندارێتی سەرچاوەكانی دیكەیە و ئەسڵی بابەتەكە ناگۆڕێت، بۆیە پێشنیازم دەكەم میدیاكان هێندە خۆیان بە ئاگاداری و بێ‌ ئاگای ئەو حزبەوە سەرقاڵنەكەن، چونكە كرۆكی بابەتەكە لە ئەسڵدا یەكسانە بە سفر و هیچ كاریگەری لەسەر رەوشی داتەپیوی خەڵك نابێت، ئەوەندەی ململانێی نێو مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانە و دەیانەوێت لە رێگەی میدیاكانەوە بازاڕگەرمی بۆ پەیداكەن و بەشێك لە بەرپرسیارەتی خراپەكارییەكان بخەئەستۆی خەڵكی تر.


ئه‌م بابه‌ته 339 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:02:18:02/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com