گەشتوگوزار و راگەیاندن دەتوانن بەشێك لە قەیرانەكان چارەسەر بكەن
       
گەشتوگوزار و راگەیاندن دەتوانن بەشێك لە قەیرانەكان چارەسەر بكەن
نادر رۆستی

گەشتوگوزار و سەیران كردن، كە لە رووی ستراتیژ و داهات و خەرجی و ئەرك و پڕۆژە زۆر جیاوازن، بەڵام هاوڵاتیان و تەنانەت بەشێكی زۆری پەیامنێر و راگەیەندنەكانیش جیاوازی لە نێوانیان ناكەن، رەنگە لە وەرزی بەهار زۆرجار لە لایەن راگەیاندنەكان رووبەڕوی ئەم كێشەیە ببمەوە، بەڵام زۆر بەكورتی گەشتیاری ستراتیژیەتە و كەرتێكی ئابووری زۆر گرنگە بەڵام زۆر بە داخەوە كە لە كوردستان وەك پێویست گرنگی پێ نەدراوە تەنانەت راگەیەندنەكان لە رووی ئابووری گەشتیاری ‌ زۆر كەم تەرخەمن و كەمترین بەرنامەی شرۆڤەكاری ئابووری بۆ تەرخان كراوە و كەمترین كەسی شارەزا بۆچوونی ئابووریانەی خستۆتە بەردەستی حكومەت، ئەوەی كراوە زیاتر خۆی لە هەواڵ بینیوەتەوە( ئەمەشیان جێگای دەست خۆشیە).

بەشێكی زۆریش لە ناو دامەزراوەی حكومەت كەمترین زانیاریان لەسەر ئابووری كەرتی گەشتیاری هەیە. كادری راگەیەندنەكانیش كەمترین زانیاریان لە بارەی گرنگی ئابووری كەرتەكە هەیە بۆیە بەردەوام لە بەرنامەكان پرسیاری زۆر رۆتین و سادە دەكرێن و كەمترین گفتوگۆی جدی و شیكاری جدی دەكرێن و كەمترین پێشنیار بۆ چارەسەری پێشكەش ناكرێن. بۆیە كاتی ئەوەیە كە راشكاوانە بڵێم گەشتوگوزار بە دەست كۆمەڵێك كێشە گرفتارە كە تەنیا بە دەستەی گەشتگوزار چارە ناكرێن، بەڵام بە كاركردنی جدی و ریشەی دەكرێ گەشتوگوزار وەك كەرتێكی ئابووری ببێت بەبەشێك بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری هەرێم و ڕاگەیەندنەكانیش دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، لێرەوە بە سادەی ئاماژە بە چەند كێشەیەگ دەدەم:

- نەبوونی سەربەخۆ هەرێم و ناساندنی هەرێم وەك بەشێك لە عێراقی پڕ لە كێشە و نائارام.
- نەبوونی یاسای گەشتیاری هەرێم.
- لاوازی توانای مرۆی گەشتیاری هەرێم.
-كەمی هۆشیاری گشی هاوڵاتیان لە بارەی گرنگی ئابووری گەشتیاری.
- لاوازی كارگێری و ماركێتینگی كەرتی تایبەت
- هاوكاری نەكردنی بەشێك لە دامەزراوەكانی حكومەت بو دەستەی گەشتوگوزار.
- رێگری دابونەریتی كۆمەڵایەتی لە هەندێك چالاكی گەشتیاری.
- كەمی كادری راگەیەندكار تایبەت بە گەشتیاری لە كەناڵەكان و دەزگاكانی راگەیاندن كە ببێت بە دەسەڵاتی چوارەم بۆ گەشتیاری. 
- كێشەی دیكەش هەیە پێویست ناكات ئاماژەی بۆ بكەم.
لە كۆتای سوپاس بۆ پەیامنێران كە گرنگیان بە هەواڵی گەشتیاری داوە و زانیاریان بۆ هاوڵاتیان گواستۆتەوە.

چیمان دەست دەكەوێت لە بەهێزكردنی كەرتی گەشتیاری؟

- پارەی بیانی دێتە بازارەكان و جوڵەی بازاڕ و ئابوری دروست دەبێت.
- هەلی كاركردن زیاد دەبێت و فشاری بێكاری كەمدەبێتەوە .
- داهاتی گەشتیاری بۆ كەرتی تایبەت زیاد دەبێت.
- داهاتی حكومەت لە رێگای باج و رسومات دەتوانرێ زیاد بكرێ.
- وەبەرهێنانی گەشتیاری روو لە زیاد بوون دەكات.
- كێشە كۆڵایەتەكان كەمدەبنەوە و فشار لەسەر حكومەت كەم دەبێتەوە .


ئه‌م بابه‌ته 514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
AM:11:00:27/02/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com