هەست كردن بەمرۆڤایەتی پێویستی عەقڵێتی نیشتمانی
       
هەست كردن بەمرۆڤایەتی پێویستی عەقڵێتی نیشتمانی
موتەلیب سەعید
               
لەو شوێنەی بیركردنەوە وهەستكردن بەخۆبون هەیە لەوێدا هوشیاری وئاگایی و ویستی داكۆكی كردن لە بەهاو پرانسیپەكانی مرۆڤ بون بونی هەیە ,مرۆڤ كاتێك هەست دەكات مان وچارەنووس وكەرامەتی لە بارێكی مەترسیدار دا دەگوزەرێت ئیتر هیچ بەهاو ئومێدێك نامێنێتەوە لەژێر سایەی ئەو دۆخە ناهەموارە دا ملكەچ و گوێرایەڵی دەسەڵات دارێكی ستەمكار وتاكرەو بدات كەوازی بەهەست وهۆش ومرۆڤ بونیەوە بكرێ , لەوشوێنەی بێ دەنگی ومل كەچ بون هاوكارە بۆمانەوەی ستەم و داگیركردنی عەقڵییەتی مرۆڤە لاوازەكان لەوێدا زیندوو بون تەنها وەك جەستەیەكی نیوە گیان رۆڵی ئینسانێكی ڕامكراو ترسەنۆك وگوێلەمست دەبینێ لەناو دەسەڵات وحكومەتێكی نادادپەروەردا.

یەكێك لەكێشە گەورەكانی مرۆڤ بێ دەنگ بونیەتی لەسەر مافەبنەرەتی وسروشتیەكانی بێ دەنگی و پەرگیری و هاوڕا نە بوونی تێكرای خەڵكی ماف خوراو كارەساتێكی گەورە بە سەر كۆمەڵگە بێ دەنگەكە دا دێنێت بەئاستێك دەرئەنجامەكانی ئەو بێ دەنگییە بارودۆخێكی مەرگبارو كارەسات باری وای لێ دەكەوێتەوە كەبەزەمەنێكی دوور  و بەخشینی لافاوێك لەخوێن ئەوحكومەتە دیكتاتۆر ە لەعەرشی دەسەڵات  لادەبات ودەرفەت و كاتێكی زۆیشی دەوێ بۆ دروست بونی حكومەتێكی دیموكراسی.

سوقرات دەڵێت گەر توانای بیركردنەومان نەبوومانای وایە ئێمە شێتین  ,ئەگەر نەشمان ویست بیر بكەینەوە ئەوا كەسێكی دەمارگیرو بیر تەسكین , گەرنەشمان وێرا بیر بكەینەوە ئەوابەندەیەكی بێ دەسەڵاتین ,زۆرن ئەوانەی توانای بیركردنەوەیان نیە تەنها چاویان لەدەستی زۆردارانە قوتێك یا برێك پارەیان بدەنی وەك ئەوەی سەرۆك  بەرهەمهێنەری ئەو داهات وسامانە نیشتمانە بێت كەلە بنەرەتدا داهاتی نیشتمان  موڵكی هەموو تاكێكە وكەسیش بەتەنها خاوەنی نیە ,كەسانێك ناخوازن بیربكەنەوە ئەو مرۆڤانەن كەوەك ئاژەڵێكی ماڵكراو لەپاشماوە ی كاسەی بەرپرسەكانیان دەخۆن و بیریان لای مفتە خۆری وگوێرایەڵی ئاغاكانیانە .

جورئەت نەكردن لەبیركردنەوە وبەگژاچونەوەی قۆرخكاری ونایەكسانی  دۆزەخێك بۆ بێ دەسەڵاتان وكەسانی ترسەنۆك بەرپادەكات كە ناوێرن بیرلەو رێگاو میكانیزمانە بكەنەوە كە كۆتایی بە زوڵم وچەوسانەوەیی چینایەتی دێنێت.

ڤۆڵتێر دەڵێت نیشتمانی ئازاد بە بێ هاونیشتمانی ئازاد بوونی نیە ,ئازادی هەوڵ وتێكۆشانی مرۆڤانێكە كەلەرابووردودا ئازارو نەهامەتیەكی زۆریان چەشتووە و نرخیان بۆ ئەم ئازادیە داوە كەخۆیان لەپێناویدا كردۆتە قوربانی,ئاسایش وسەقامگیری  زەروریە تێكی هەموو سەردەمێكە ئەمێستا مرۆڤانێك ئەم ئاسایشە دەپارێزن جوامێرترین توێژی ئەم كۆمەڵگەیەن  ئەم ئاسایشە سەقامگیرە ئامادەگی شەونخوونی پێشمەرگە گیانبازەكانی كوردە لەسەرسنورەكانی كوردستان  وەلێ مەخابن  كەسانێكی قۆرخكارو نەخوێندەوار سەرلەبەری سەروەت و سامان و سەرچاوە مرۆییەكانی كوردستانیان لەبەریەك هەڵوەشاندوە بەناوی حكومەت ڕابەرایەتیكردنی خەڵكی كوردستان ژیان وگیان وچارنووس و قوتی توێژی فەرمانبەران خستۆتە مەترسیەوە ,ئەم ئەقڵییەت وسیاسەتەی كار لەسەر هەڵینجاندنی كانیاوەكانی كوردستان دەكات هەرجارەو بەپاساوێك داهاتەكان لای خەڵك ناروون دەكات خەڵكی كەم دەرامەت لەماف و پێداویستیە بنەرەتیەكانی بێ بەری دەكات  بەچەندین كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی وخێزانی  هاوڵاتیان سەرقاڵ دەكا دواجار دەست بردن بۆ مووچەو قوتی فەرمانبەران هەوڵ وخەم وئەرك ومافەكانیان نادیدە دەكات  ئەمە كێشەیەكی فرەرەهەندی سیاسی وئابووری ,نیشتمانیە كەهاوڵاتی تیا بۆتە سووتەمەنی لەناوململانێی حیزبیەكان.

لە فەلسەفەی حوكمدارێتی و فەمانرەوایەتی وڵاتە پێشكەوتووە كانی دونیا بەتایبەت  وڵاتانی ئەوروپا لەبەراییەوە تا ئەم سەردەمە چەندین قۆناغ و وێستگەی سەخت ودژواریان بریوە تێكۆشاون لەپێناو بەدیهێنانی  بەختەوەری وئاسوودەیی فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان ئەم هەوڵ و هەنگاوانە هەست كردنیان بووە بەمرۆڤایەتی هەرلەوپێناوەشدا دەیان هەزار قوربانیان داوە تابەم ئاستە پێشكەوتن خوازە گەیشتوون بیری پێشكەوتن خوازی لەهەستكردن بە مرۆڤایەتی وبیری هاوڵاتیبون ە وە سەرچاوە دەگرێت  واتا تائەوكاتەی دەسەڵاتدارو حوكمرانی ئەم هەرێمە بەهاو پێگەو رێز بۆ هانیشتمانیەكانی دانەنێ ئەستەمە بێیت  باس لەریفراندۆم وسەربەخۆیی وڵات بكەیت، چونكە ئازادی مرۆڤ پەیوەستە بەئازادی  نیشتمان  تامرۆڤ كوێلەو ملكەچی عەقڵییەتی تاكڕەوە حیزبیكان بێ ئەوا ئەم سەربەخۆییە لەدەروەی مافی مرۆڤ  وهاوڵاتیبون ئەزمونێكی پر كێشەو كەم وكورییە لەبەرئەوەی لەم واقیعەدا تاك  وەك بونەوەرێكی كۆمەڵایەتی تورهەڵدراوەتە ناو دەرەوەی كۆمەڵگە, بۆیە ئەگەر سەركردەو بەرپرسانی حیزبی ئەم هەرێمە  ئیرادە و ویستی چاكسازی و گۆرانكاری نەڕەخسێنن لەپێناو دیموكراسیی و چەسپاندنی داد پەروەری ,لەپێناو خزمەتكردن بەئینسان هەول نەدەن  دوورنیە دووچاری تێكشكان وپەرت بون نەبنەوە ,وەك هیگل دەڵێت هەست كردن بەمرۆڤایەتی یەكێكە لەگرنگترین ئەو هۆكارانەی پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێت بۆ قوربانیدان لەپێناو كەسانی تر ئێمەش پێویستمان بە عەقڵییەت وكۆرایەكی نیشتمانی وهاوڵاتیبون هەیە بو َتێكوشان لەپێناو بەدیهێنانی سیستمێكی دیمۆكراسی نەك عەقڵییەتیكی دابەشكراوی حیزبی بۆ دژایەتی كردنی یەكتر .


ئه‌م بابه‌ته 346 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:03:13:13/03/2016
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com