لە بارەی نرخی مریشكەوە بڕیار درا
       
لە بارەی نرخی مریشكەوە بڕیار درا

دیمانە- هۆشیار عەلی
دوای تەواو بوونی مانگی ئاب، نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و هەرزان دەبێت، لە چاوپێكەوتنێكی (تۆڕی میدیایی خەڵك) دا، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی چەندین زانیاری ئاشكرا دەكات لە بارەی نرخی مریشك و بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ.

خەڵك: هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشك بۆچی دەگەڕێتەوە ؟
سۆران غەفور: نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكاندا بەرزبووەوە بەهۆی ئەوەی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە بەرە و ناوچەكانی خواروی عێراق هەناردە دەكرا، ئەوەش وای كرد ئەو نرخە بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، كێڵگەكانی ئێمەش بەرگەی زۆر گەرما ناگرن، ئەگەر بەهۆی گەرماوە بەشێك لە جوچكەكان بمرن، ئەوەی لێدەكەوێتەوە، ساڵانە لە مانگی تەمووز و ئاب ئەو كێشەیەمان بۆ دروست دەبێت.

خەڵك: چ ڕێگە چارەیەكتان هەیە بۆ ڕێگرتن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی  مریشك؟
سۆران غەفور: ئێمە بەردەوام لە ڕێگەی لیژنەكانمان لە ناو بازاڕ و شوێنەكان بە دواداچوون دەكەین تا بزانین ئەو نرخەی ڕۆژانە دیاری دەكرێت دوكان و مریشك فرۆشەكان پێوەی پابەند دەبن یان نا، ئەمڕۆ نرخەكەشی بەردەوام بە شێوەی لەسەر خۆ لە دابەزیندایە، بڕیار دراوە مریشكی بەستووی زۆر هاوردە بكرێت.

خەڵك: بۆ دابەزینی نرخی مریشكی زیندوو، مریشكی بەستوو هاوردە دەكەن؟
سۆران غەفور: بەڵێ‌، بە تایبەتی بۆ مانگی ئاب، لیژنەی باڵای بەروبوومی پەلەوەر بۆ ئەم مانگە بڕیاری داوە ڕێژەی هاوردەی مریشك زیاد بكات لە چاو مانگەكانی تر، بۆ ئەم مانگەش بڕی 1000 تۆن مریشكی بەستوو هاوردەی سلێمانی دەكرێت تا ببێتە ڕێگر لە بەردەم بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو، ببێتە ڕكابەرێكیش بەرامبەر بە مریشكی زیندوو.

خەڵك: ئەگەر ئەو ڕێژەیە كەمبوو، زیاتر هاوردە دەكەن ؟
سۆران غەفور: بەڵێ‌، ئەگەر بزانین كەمە، لەو بڕەی كە دانراوە زیاتر هاوردە دەكەین.

خەڵك: مانگەكانی ڕابردوو ڕێژەی هاوردەی مریشك چەند بووە ؟
سۆران غەفور: مانگەكانی تر بڕی مریشكی بەستووی هاوردەكراو بۆ سلێمانی لە نێوان 500 بۆ 800 تۆن بووە، بەڵام ئەوكات نرخی مریشكی زیندوو هەرزان بوو، بەو شێوەیە گران نەبوو.

خەڵك: هیچ پلان هەیە بۆ دابەزینی نرخی مریشكی زیندوو؟
سۆران غەفور: بەڵێ‌، ئێستا بەشێوەی لەسەر خۆ لە دابەزیندایە، هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە لە دوای مانگی ئاب، مریشكی زیندوو بەشێوەی بەرچاو هەرزان دەبێت.

خەڵك: دەڵێن مریشك هەناردەی ناوچەكانی خواروی عێراق دەكرێت، ڕاستە ؟
سۆران غەفور: بەڵێ‌، بەڵام لە دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە بازاڕەكانی خۆمان، لایەنی پەیوەندیدار و بازگەكانمان ئاگادار كردووەتەوە كە ڕێگە نەدەن بە هەناردەی مریشكی زیندوو بۆ ئەو ناوچانە و مریشك بچێتە دەرەوەی هەرێم.

خەڵك: پلان و بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ چی لێ‌ هات كە دەیوت 6 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ ئەوەی مریشك بە فرێشی بدرێتە هاوڵاتیان ؟
سۆران غەفور: ئەو بڕیارە لە بواری جێبەجێ‌ كردندایە، بەڵام دەبێت نرخی مریشك هەرزان بێت، چونكە حكومەت بە 2 هەزار و 500 دینار لە كێڵگەكانی وەردەگرێت، ئێستا كە نرخەكەی بەرزە بۆ ئەوەی خاوەن كێڵگەكان زەرەر نەكەن جارێك ئیشی لەسەر ناكرێت.

خەڵك: ئەگەر ئەو بڕیارە دەستكرا بە جێبەجێ‌ كردنی، نرخی مریشك لە چەند جێگیر دەبێت ؟
سۆران غەفور: بە جێبەجێ‌ كردنی ئەو بڕیارە، نرخی مریشك بە فرێشی لە بازاڕەكاندا بە 3 هەزار و 500 دینار جێگیر دەبێت بۆ یەك كیلۆ.

خەڵك: سەردانی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بەخێوكردنی ئەو مریشك و چۆنیەتی گەورەكردنی بن ؟
سۆران غەفور: ئێستا نەخێر، چونكە پێشتر لیژنەمان هەبوو بە ناوی لیژنەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بەڵام ئێستا ئەو لیژنەیە نەماوە.

خەڵك: ئەو مریشكەی كە هاوردە دەكرێت، پشكنینی بۆ دەكرێت ؟
سۆران غەفور: بەڵێ‌، لەسەر سنورەكانەوە پشكنینی بۆ دەكرێت، هەر كاتێكیش گومان هەبوو لە هەر جۆرە مریشكێك لە بازاڕ، ئاگاداری دەكەینەوە تا جارێكی تر پشكنینی بۆ بكرێتەوە، ئەگەر لە پشكنین دەرنەچوو، لە ناو دەبرێت.

خەڵك: ئەو مریشكەی هاوردە دەكرێت هی چ وڵاتێكە؟
سۆران غەفور: لە توركیاوە هاوردە دەكرێت، لە وڵاتی ئێرانیش بەهۆی ئەوەی ئەنفلۆنزا هەیە، هاوردەكردنی قەدەغەیە.


AM:11:25:13/08/2015

ئه‌م بابه‌ته 1962 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Copyright 2014. xelk.org. All Rights Reserved.
Created by:kurdsky.com