وەڵامی پەیامەكەی بارزانی دەدرێتەوە

وەڵامی پەیامەكەی بارزانی دەدرێتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

پاش چەند سەعاتێك لە بڵاوبوونەوەی  پەیامەكەی مەسعود بارزانی كە بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاویكردەوە، چەندین كاردانەوەو بۆچوونی بە دوای خۆیدا هێناو بۆچوون‌و كاردانەواكان تا دێت زیاتریش دەبن.

بەیانی ئەمرۆ بە بۆنەی جەژنی نەورۆزە، مەسعود بارزانی بە ناوی سەرۆكی هەرێمەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو تیایدا لایەنەكانی تۆمەتباركرد، كە نەیانتوانیوە، كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلا بكەنەوە.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسێوێتی:" مەسعود بارزانی بۆ یادی نەورۆز پەیامێكی پڕ تەشەنوج و ناهاوسەنگ و نا شایستەی پێشكەش كرد، لە ناوەرۆكیا باس لەوە دەكات كە حیزبەكان بڕیاری كۆتاییان لە پۆستەكەی نەداوە كەچی لە دامێنی پەیامەكەیا وەك سەرۆك هەرێم واژۆی كردوە".

دەشڵێت:"بارزانی دەیتوانی لانیكەم پەیامێكی كورتی بێ تۆمەت و بێ هەناسەی بەرتەسكی حیزبی بۆ یادێكی نەتەوەیی مەزن پێشكەش بكات ، بەڵام خۆی وەك پاڵەوانی خەونی بەدیهێنانی ئامانجەكانی كورد دەناسێنێت و كۆمەڵگەی كوردیش دابەش دەكات بۆچەند ئاستێك كە چۆن و چەند باوەریان بە سەربەخۆیی هەیە؟!
 هۆشیار عەبدەڵا ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیامێك بوو كۆمەڵگە لەیادێكی نەتەوەیی گرنگدا دابەش دەكات ، موراعاتی جۆشوخرۆشی نەتەوەیی دور لە دەمارگیری حیزبی نەكرابوو ،وەك سەرۆكی پارتی هاوشێوەی هەموو جارێك پەیامی ئاراستە كرد .

هاوكات نوسەرو رۆژنامەنوس كەمال چۆمانی لەبارەی پەیامەكەی بارزانییەوە دەڵێت:" بە ناوی سەرۆكی هەرێمەوە قسەدەكات و هەموان تاوانبار دەكات بە تێكچونی بارودۆخی سیاسیی هەرێم، بەڵام باس لە پۆستەكەی خۆی ناكات كە بوەتە هۆی دروستبونی ئەو قەیرانە سیاسییە.

ناو براو راشیگەیاندووە، باسی دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمان و حكومەتێكی نوێ دەكات، بەڵام باس لەوە ناكات كە ئەگەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم نەبوایە حكومەت و سەرۆكایەتیی پارلەمان بەردەوامییان دەبو. كەواتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رەگی كێشەكان، ئینجا باس لە مەسەلەی سەرۆكایەتیی پارلەمان و حكومەتێكی نوێ بكرێت.

هەر سەبارەت بە پەیامەكەی بارزانی، سامان ساڵح، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێت:" پرسی سەربەخۆیی، یەكێكە لەو پرسانەی كەسەرۆكی هەرێم ئاماژەی پێكردووە،هەروەك دووبەرەی دەستنیشانكردووە بۆ سەربەخۆیی ئەوانیش: بەرەی "لایەنگرو" بەرەی "دوودڵ و دژ"ی سەربەخۆییە!، بارزانی بەرەی "دوودڵ" بەتێكدەری ئاسایشی خەڵكی كوردستان ناودەبات!.

ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەم دابەشبونە زیانی گەورە لەبەرەی ناوخۆیی خەڵكی كوردستان دەدات بەتایبەت كەزەمینەی ئەم دابەشبوونە لەكوردستان بوون هەیەو هێزی هەرێمیی-ش دنەی دەدەن".

-هەواڵی پەیوەندیدار

مه‌سعود بارزانى داواى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌كات



ئه‌م بابه‌ته 1151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:08:20/03/2016