دەربارەی گۆرانییە کوردییە<br>بە تورکی کراوەکان

دەربارەی گۆرانییە کوردییە
بە تورکی کراوەکان

خەڵک- بەکر شوانی

ئەزموونی داگیرکەران و داگیرکراوان لە سەدەکانی ڕابردوودا سەلماندوویەتی کە باشترین کێڵگە و بەپیتترین زەوی بۆ چاندنی تۆوی ئاسیملاسیۆن بواری کولتوور و ھونەرە. چەندین وڵاتی کۆڵۆنیالی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا لە وڵاتە داگیرکراوەکانی ژێر دەستیاندا سەرەتا دەستیان خستووەتە زمانەوە و ویستوویانە زمانەکانی خۆیان بکەن بە سەردەست. ئەمڕۆ ئەگەر سەیری ژیاننامەی ھەندێك لەو نووسەرە "فەرەنسی"یانە بکەین کە بە ڕێزەوە ناویان دەھێنین، ڕووبەڕووی دەستەواژەی سەمەرەی وەك "نووسەرانی فەرەنسیی بەڕەچەڵەك جەزایەری" دەبینەوە. لە تورکیا کە چەندین ساڵ تەنانەت نووسینی ئەو جۆرە ژیاننامەیش قەدەخە بوو، ئەو بەتاڵانبردنە کولتوورییە بەشێوەیەکی چڕتر و وردتر ئەنجام دراوە. لەو دۆخانەدا گەلانی داگیرکراو دەست لەوە ھەڵدەگرن بە زمانەکانی خۆیان بئاخڤن و گۆرانی بڵێن و شیعر بنووسن. لەبری ئەوە بە زمانی داگیر دەست بە نووسین و ئاخاوتن دەکەن و بەو جۆرە ئەگەر داگیرکاری بە کردەوەش کۆتایی پێ بێت، ئەوا داگیرکردنی کولتوور ساڵانێکی زۆر درێژە دەخایەنێت.

کوردیش کە یەکێك لە گەلە دێرینەکانی میزۆپۆتامیایە، لە نیشتیمانی خۆیدا ڕووبەڕووی داگیرکاریی کردەیی و کولتووری بووەتەوە. کاتێك بۆمان دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆر شاعیر و موزیکوان و ھەڵکەوتووانی بوارەکانی تری عوسمانی و عەرەب و فارس بەڕەچەڵەك کوردن، ئەوسا ڕەھەندەکانی بەتاڵانبردنی کولتووری کوردیمان زیاتر بۆ ڕوونتر دەبێتەوە. 

کاراکتەرەکانی ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا پێیان وابوو پێویستە لە پێناوی بنیاتنانی تورکیادا ھەموو شتێك بۆ تورکی وەربگێڕدرێت و دەیانگوت تەنیا بەو شێوەیە یەکێتی و یەکسانی بەدی دێت. ساڵی ١٩٢٦ بە سەرپەرشتی یوسف زیا بەگی بەڕێوەبەری (دارولئەلحان) گەڕان بۆ سەرجەم ناوچەکانی تورکیا رێك دەخرێت و ئامانج لەو گەڕانانە کۆکردنەوەی ھەموو گۆرانییەکانی وڵات و وەرگێڕانیانە بۆ زمانی فەرمیی دەوڵەت. لای خوارەوە نموونەی چەند گۆرانییەکی کوردی خراوەتە ڕوو کە لە کوردییەوە وەرگیردراون و بە ھیچ شێوەیەك ئاماژە بۆ سەرچاوەکانیان نەکراوە، واتە کراون بە ماڵی کولتووری تورکی. لە یەکەم گەڕان بە ناوچەکانی ئەدەنە و ئورفادا لە ساڵی ١٩٢٦دا ٢٥٠ گۆرانی کۆ کرانەوە و تۆمار کران. لە گەڕانی دووەمدا کە ساڵی ١٩٣٨ لەلایەن وەزارەتی پەوروەردەی میللییەوە ڕێك خرا و دوو مانگی خایەند و ئامەد و ناوچەکانی دەوروبەری گرتەوە، ٤٩١ گۆرانی و لاوکی کوردی کۆ کرانەوە و خرانە سەر زمانی تورکی. ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧٦یش دوو گەڕانی تریش لە باکوری کوردستان و تورکیا ڕێک خران و لە یەکەمیاندا ١٧٨٨ و لە دووەمیاندا ٣٠٠ گۆرانی و بەیتی میللی کۆ کرایەوە. 

کۆکردنەوەی گۆرانییە میللی و فۆلکلۆرییەکان لەلایەن بەرپرسان و شارەزایانی تورکەوە کارێکی پێویست و جوانە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوان ھەموو دەقی گۆرانییە کوردییەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی تورکی و خستوویانەتە سەر میراتی کولتووری تورکی. ئەوەی بە کوردی ماوەتەوە، تەنیا ئاوازەکانە. گۆرانیبێژانی وەك جەلال گویزەل سەس، موقیم تاھیر، کەل حەمزە و جەمیل جانکورت لەو ھونەرمەندانەن کە یەکەمجار گۆرانی کوردیی بە تورکیکراویان چڕیوە. دواتریش گۆرانیبێژان مەحمود گویزەل گوێز، قازانجی بەدیع، بیرەجیکلی سەسیگویزەل، ئیبراھیم تاتلیسەس، بورھان چاچان و عیزەت ئاڵتنمەشە بە ھەمان ڕێبازدا ڕۆیشتوون.

چەند نموونەیەکی گۆرانییە کوردییە بە تورکیکراوەکان:
1. سروودی (ئەی نیشتیمان)ی حەسەن زیرەك کە لە کۆتایی ساڵانی چلی سەدەی ڕابردوودا دایناوە و چڕیوێتی، کراوە بە سروودێکی تورکی بە ناوی (ئانکارانن تاشنە باک) و لە ساڵانی حەفتادا بە دەنگی ڕوحی سوو تۆمار کراوە:

حەسەن زیرەک: ئەی نیشتیمان
https://youtu.be/058LEPNppjw

ڕوحی سوو: ئانکارانن تاشنە باک
https://youtu.be/r2LgU9C4hVc

2. گۆرانی (نەسرین ئەوڕۆ بەھارە)ی حەسەن زیرەک کراوە بە (ئاغڵامە یار ئاغڵامە ئانەم) و یەکەمجار لەلایەن گۆرانیبێژی میللیی دیاربەکر جەلال گویزەلسەسەوە بە تورکی گوتراوە:
حەسەن زیرەک: نەسرین ئەوڕۆ بەھارە
https://youtu.be/vMaBjnVYgqU

جەلال گویزەلسەس: ئاغڵامە یار ئاغڵامە ئانەم
https://youtu.be/rfOFafzwAr0

3. گۆرانی (چیا ب بەرف و دومانە – پیشمەرگە)ی شڤان پەروەر کراوە بە (زورناجی ئیبۆ دایی) و بە دەنگی ئیبراھیم تاتلیسەس تۆمار کراوە:

شڤان پەروەر: چیا ب بەرف و دومانە – پیشمەرگە
https://youtu.be/ZRFS7kLb4hg

ئیبراھیم تاتلیسەس: زوڕناجی ئیبۆ دایی
https://youtu.be/ElH0vdMpnS4

4. گۆرانی (ئەز کەڤۆکم)ی حەسەن جزیری کراوە بە (ھەلە یار) و بە دەنگی جەلال گویزەلسەس تۆمار کراوە:
حەسەن جزیری: ئەز کەڤۆکم
https://youtu.be/dtcsZRnmSkI

جەلال گویزەلسەس: ھەلە یار
https://youtu.be/L1J9eIra4lA

5. گۆرانی (ڕابە جۆتیار)ی تەحسین تەھا کراوە بە (بەیاز گویل قرمزی گویل) و لەلایەن محەمەد ئوێزبەکەوە تۆمار کراوە:
تەحسین تەھا: ڕابە جۆتیار
https://youtu.be/NONUoI0V3oE

محەمەد ئوێزبەک: بەیاز گویل قرمزی گویل
https://youtu.be/R4NeNJMakjE


ئه‌م بابه‌ته 1320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:22:10/02/2016