"پێویستبوو بارزانی لە سەرۆكی حكومەت بپرسێتەوە"

"پێویستبوو بارزانی لە سەرۆكی حكومەت بپرسێتەوە"


خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دۆخی هەرێم بەم شێوەیە زۆر بەردەوام نابێت و لەدەستی هەموو لایەكمان دەردەچێت.

 مەڕوان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەدیمانەیەكی لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك)دا ڕاشیگەیاند، پارتی زۆرینەی قەیرانەكانی هەرێمی دروست كردووە، بۆیە پێویست بوو مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی  و حزبی یەكەم لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت كە لەحزبەكەی خۆیەتی كردبا.

خەڵك: لەبەرژەوەندی چ لایەنێكدایە، كە دۆخی هەرێم بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟
مەروان گەڵاڵی: هەركەسێك خوێندنەوەی راستی هەبێت لای رونە كە ئەم قەیرانانەی لەهەرێم هەن، زۆر ناخایانێ‌ و بەبڕوای من لەكۆنترۆڵی هەموو لایەك دەردەچێ‌، چونكە خەڵك سەبری هەبووە لەرابردوو كە داهات نەبووە و لەنێوان بەرپرسان و خەڵكی ئاسایی ژیان وەك یەك تێپەڕیوە، بەڵام ئەمڕۆ خەڵك دەبینێ‌ زەوی و ئاسمان جیاوازە دۆخی ئێستا، مانەوەی ئەم دۆخەش بەم شێوەیەی ئێستا لەبەرژەوەندی چەند كەسێكدایە لەناو حزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت ئەوانەی دەستيان بەسەر موقەدەرات و سامانی سروشتی ئەم میللەتەدا گرتووە، بۆیە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێ‌ پێم وایە دۆخەكە لەخەڵك و لەوانەش تێك دەچێ‌، كە دەستیان بەسەر سامانی سروشتیدا گرتووە.

خەڵك: دەبینین پەرلەمان پەكی كەوتووە، بەڵام بۆچی تائێستا سەرۆكی هەرێم وەك باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكار بێ‌ دەنگە لەئاستی قەیرانی دارایی و مافی فەرمانبەران كە پێنچ مانگە موچە نەدراوە؟
مەڕوان گەڵاڵی: بەداخەوە یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی سەرۆكی هەرێم پێش 20ی ئاب كە تا ئەو كاتە سەرۆكی هەرێم بووە، ئەركی ئەو بووە، كە بەدواداچوون بكات بۆ ئەم كێشانە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە و نەیتوانیوە ئەو كێشانە چارەسەر بكات، بەتایبەت ئەمڕۆش كە قەیرانەكە قوڵتر بۆتەوە بێ‌ دەنگی مەسعود بارزانی كە سەرۆكی گەورەترین حزبە و حزبەكەی سەرۆكی حكومەت و زۆرینەی وەزارەتەكانی لەدەستە، پێویست بوو وەك بەرپرسی یەكەم وەك سەرۆكی پارتی بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتی كردبا، چونكە لەحزبەكەی خۆیەتی، لێپرسینەوەی لەگەڵ كردبا و روونكردنەوەی پێویستیان بۆ خەڵك هەبووایە، بەڵام بەداخەوە برادەرانی پارتی ئەو قەیرانانەیان دروست كردووە، بەتایبەت لەرێگری كردن لەسەرۆكی پەرلەمان بەبیانووی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە دۆخەكە زۆر خراپە و بەپلەی یەكەم پارتی بەرپرسیارە و لەرووی یاسایی و سیاسی و مێژوویشەوە بەسەر پارتیدا دەشكێتەوە.

خەڵك: دوای پەكخستنی پەرلەمان، حكومەتی هەرێم تاچەند شەرعیەتی ماوە؟
مەڕوان گەڵاڵی: پەرلەمان بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت دەكات، چۆن متمانە بەخشراوە بەو حكومەتە بەهەمان شێوە پەرلەمان دەتوانێ‌ متمانەیان لێ‌ وەربگرێتەوە، بەڵام لەكوردستان ئەوەی گوێی پێنەدرێ‌ مەسەلەی شەرعیەت بوونە پەیوەست نەبوونە بەو یاسایانەی كە خۆمان دەرمان كردووە، چونكە لەهیچ یاسایەك نەهاتووە لەكوردستان رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان بكەی، حكومەتی هەرێمیش لەرووی یاساییەوە شەرعیەتی بەدەستەوەیە، بەڵام لەڕووی ئەرك و فەرمانەكانی كە پێشتر بەڵێنی دابوو فەشەلی هێناوە، نەیتوانیوە بەڵێنەكانی جێبەجێ‌ بكات كە بەخەڵكی داوە و لەوانەش هەموومان لەسەر زاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنەكانمان لەبەركرد، كەوا قەیرانی موچە نامێنێ‌ و كێشەی كارەبا چارەسەر دەكرێ‌ و هاوڵاتیان بەشیان دەبێ‌ لەداهاتی نەوت، بەڵام نەك ئەوانە نەكراون، بەڵكو موچە كە مافی خەڵكە نادرێ‌ و هاوڵاتیان ناتوانن قوتویەك شیربكڕن بۆ منداڵە ساواكەیان كە منداڵ نازانێ‌ قەیران و هەبوون و نەبوون چیە، بۆیە بەدرێژایی مێژوو هیچ قۆناغێك وەها سەخت نەبووە كە ئەمرۆ بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە.

خەڵك: لەكۆتایی ساڵی 2015دا بەشێك لەبەرپرسانی حكومەت و پەرلەمانتاران رایانگەیاند، 30 رۆژ جارێك موچە دەدرێ‌، بەڵام بەڵێنەكە جێبەجێ‌ نەبووە و بڕیاریشە نیوموچە بدرێ‌؟ لەم سۆنگەیەوە پێتان وایە متمانە لەنێوان خەڵك و حكومەت نەماوە؟
مەڕوان گەڵاڵی: بڕوام وایە ئەوەی ناوی متمانەیە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەت نەماوە و هاوڵاتیان لەوپەری بێ‌ متمانەییدان لەبەرامبەر بەرپرسانی حكومەت، كە هۆكارەكەشی بەهۆی ئەو لێدوانە جیاوازانەوەیە كە بەرپرسان داویانە و لەگەڵ ناروونی و ناشەفافی لەداهاتی هەرێمدا هەیە و داهاتەكەش لەدەستێكی ئەمیندا نییە، لەسەرەتای ساڵیشدا لەبەرنامەیەكدا بینیمان بەرپرسانی پارێزگاكانی هەرێم گفتوگۆیان دەكرد، كەوا بەرپرسی پارێزگای دهۆك رایگەیاندبوو كە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بەشی پێداویستی پارێزگاكە بەهەموو چین و توێژەكان دەكات بەهەمان شێوە پارێزگای سلێمانیش، كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە هەولێر و هەڵەبجەیە، بۆیە كەواتە بەیەك خاڵی سنوری پێداویستی یەك پارێزگا پڕبكرێتەوە، من پرسیار لەحكومەت دەكەم ئایا داهاتی فڕۆكەخانەكان و خاڵەسنورییەكان و داهاتی ناوخۆ و نەوت چ مەنتیقە نەتوانێ‌ موچەی یەك مانگ دابین نەكرێ‌.

خەڵك: پێتان وایە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بگەڕێنەوە سەر چ خاڵێك بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە؟
مەڕوان گەڵاڵی: بەبڕوای من دۆخەكە پێویستی بەراستگۆیی دەكات و راستییەكان بەخەڵك بگوترێ‌ و موجامەلەی سیاسی یەكتر نەكەین و پەنجە لەسەر برینەكان دابندرێ‌، لەهەرێم هیچ كێشەیەكی سیاسیمان نەبوو تەنها لەپەرلەمان دەستمان بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم برد دونیای لەسەر كاولكرا، بۆیە دەبێ‌ لایەنی یەكەم  بەرپرسیار لەم دۆخە بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێ‌ كە قەیرانەكانی زەقتر كردۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵك ملكەچی دۆخەكە بكات.

خەڵك: گەڕانەوە بۆ بەغدا لەئێستادا گونجاوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم نەتوانێ‌ موچە دابین بكات؟
مەڕوان گەڵاڵی: تەسلیم بونەوە لەم قۆناغە بەبەغدا مردنێكی دیكەیە، چونكە نەوت لەوپەڕی دابەزینی نرخدایە و بەغداش ئامادەنییە بەم بڕە نەوتە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، هەروەها حكومەتی بەغداش حكومەتێكی تائیفییە ئەو عەقڵییەتەی نییە كە سەرجەم چین و توێژەكان بپارێزێت، تەنانەت دوو حزبی شیعەن دژایەتی یەكتر دەكەن، ئامادە نین سازش بۆ یەكتر بكەن، چ جای ئەوەی بۆ میللەتێكی مەزڵومی وەك ئێمە بیكەن، بۆیە ئەوەی ئێمە پێویستی بەراستگۆیی لەگەڵ خودا و دەستپاكی و دەست نەبردن بۆ قوتی خەڵك هەیە، باشترین چارەسەرە لەجێگەی ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، ئێمە گەلێكی موسڵمانین، بەڵام بەراستی لەگەڵ موسڵمانێتی خۆشمان راست ناكەین، هەرێمی كوردستان بەرەكەتێكی زۆری تێدایە، ئەگەر دەستێكی ئەمین هەبێ‌ بەرەكەتەكە بەدادپەروەرانە دابەش بكات و راستگۆیانە تۆبەیەكی نەسوح بكەین و ئیدارەیەكی باش بكەین، باشتر دەتوانین بەشی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین.

ئه‌م بابه‌ته 39068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:08:43:19/01/2016