جیهانی ڕۆمان <br>هاشم ئەحمەدزادە

جیهانی ڕۆمان
هاشم ئەحمەدزادە

خەڵک

جیهانی ڕۆمان، کتێبێکی ڕەخنەیی نووسەر و ڕەخنەگر، هاشم ئەحمەدزادەیە کە ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

زۆربەی وتارەکانی ئەم کتێبە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕۆمان هەیە. هەر بۆیە ناوی کتێبەکەش بووەتە جیهانی ڕۆمان. بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم چەمکە و ئەوەیکە مەبەست لە جیهانی ڕۆمان چییە، یەکەم وتارم لەسەر ئەم باسەیە و هەوڵم داوە چەمکی جیهانی ڕۆمان و پێوەندیی ئەم جیهانە لەگەڵ جیهانی واقیع شی بکەمەوە. لە چوار وتاری تری کتێبەکەدا باسی پێوەندیی ڕۆمان لەگەل دیالۆگ، تانە، ئازار و پێکەنین کراوە. ئەم وتارانە لە هەمان کاتدا چوار ڕۆمانی سێ نووسەری کورد بەسەر دەکەنەوە و لە ڕوانگەی تیۆریگەلی جیاوازەوە هەوڵی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیان بۆ دەدرێت. مەبەستی سەرەکی لەم کارە، لەڕاستیدا بریتییە لە دەکارهێنانی چەمکە تیۆریکەکان بۆ خوێندنەوەی بە کردەوەی دەقگەلی کوردی و کۆتاییهێنان بە پەسندان یاخود دژایەتیکردنی نووسەرێک بە بێ هیچ بنەمایەکی هزری و تیۆریک. 

وتارێکی تری ئەم کتێبە باس لە دیاردەی وەرگێڕان و دەوری فەرهەنگسازانەی ئەم دیاردەیە لە بەستێنێکی مێژووییدا دەکات. بێ هیچ شکێک لەنێوان وەرگێڕان و ڕۆماننووسیی کوردیدا پێوەندییەک هەیە. ئەم پێوەندییە دەتوانێت بابەتێکی گرنگی لێکۆڵینەوە بێت و هەوڵ بدرێت توێژینەوەیەکی بەربڵاو لەسەر ئەو ڕۆمانانەی وەرگێڕدراونەتەوە سەر زمانی کوردی، بکرێت و لەنێوان ڕۆمانە کوردییەکان و ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکاندا هەبوونی هەر چەشنە پێوەندییەکی مومکین دەستنیشان بکرێت.

 
بوارێکی تر کە گرێدراوی مۆدێرنیتەیە و پێش سەرهەڵدانی ڕۆمان، لە ڕیزی نەریتی نووسینی مرۆڤ زیاد بووە، وتارە. لە وتاری "مۆدێرنیتە و وتار"دا هەوڵ دراوە تیشک بخرێتە سەر ئەم پێوەندییە و لە هەمان کاتدا ئاوڕێکی لەسەر وتارنووسیی کوردی داوەتەوە.

دواهەمین بابەتی ئەم کتێبە هەوپەیڤینێکی دوور و درێژە کە گۆڤارێکی تایبەت بە ئەدەب و ڕەخنە بە زاراوەی کرمانجی لەگەڵ نووسەر سازی کردووە و لە یەکەم ژمارەی ئەم گۆڤارە لە دیاربەکر چاپ کراوە.

ئه‌م بابه‌ته 1675 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:55:14/02/2015