حزبەكان مێژوویەك لەچاندنی تۆوی دووبەرەكی

حزبەكان مێژوویەك لەچاندنی تۆوی دووبەرەكی


   خەڵك- ئامەد حەسەن
 
  بە گوتەی چاودێران شاڵاوی چاندنی تۆوی دووبەرەكی و رق و كینە و سوككردنی یەكتری و تۆمەتبەخشینەوە لەلایەن حزبەكانەوە لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا بەردەوامی هەبووە، ئەمەش كاریگەری هەبووە لە سەر پەرەدان بەم دیاردەیە و گواستنەوەی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە، ئەمەش وای كردووە، كە گەلی كورد بە هیچ یەكێك لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی نەگات.
 
  بڵاوكردنەوەی رق و كینە
كاراكتەری سەرەكی بڵاوكردنەوەی ئەم تۆوی دووبەرەكی و رق و كینەیەش، سەركردەی یەكەمی پارتە سیاسییەكانی كوردستان و كادر و لایەنگر و رۆشنبیر و میدیاكارەكانیانن.
 
هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشەكانی كوردستانەوە، بە رای زۆرینەی چاودێران لە سەر دەسەڵات و پارە ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سەركردە سیاسی و سەربازییەكان و دواجار گەیشتووەتە حاڵی ئینشیقاق و راگەیاندنی شەڕ و لەوێشەوە بۆ تێوەگلاندنی جەماوەر بە گشتی.
 
لەئینشیقاقەوە بۆ سوككردنی یەكتری
زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە مێژووی دروستبوونیاندا چەند جارێك دووجاری ئینشیقاق بوون، لە دوای ئەمەش هەرچی سوكایەتی‌و بێڕیزیكردنە بە یەكتری دەیكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964 دووچاری ئینشیقاق بوو، كاتیَ برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی وەك باڵی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا بارزانی سەرۆكی پارتی جیابوونەوە.

شەڕی میدیایی ئەم دوو لایەنە لەو كاتەوە دەستیپێكردووە و تاكو ئێستا بەجۆرێك لە جۆرەكان بەردەوامە، چەندین دەستەواژە و دروشمی دژبەیەكیان داهێناوە و لەگەڵ توندبوونی ململانێكانیاندا دووبارەی دەكەنەوە، بەڵام ئێمە لێرەدا ئاماژە بەو دەستەواژانە ناكەین.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مێژووی دروستبوونیەوە دووچاری چەندین ئینشیقاق بووە، كە كاریگەرترینیان جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و باڵی ریفۆم بوون، كە دواتر بزوتنەوەی گۆڕانیان راگەیاند.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دوو چاری ئینشیقاق بووە و ئێستا دوو حزبن.
كۆمەڵە بە هەمانشێوەی دیموكرات ئەوانیش بوونە دوو باڵ.

حزبی زەحەتكێشانی كوردستان ئینشیقاقی تێكەوت و دواتر سكرتێری حزبەكە دوورخرایەوە و ئەویش حزبی ئایندەی دروست كرد.

بە هەمان شێوە دوای یەكگرتنی بزوتنەوەی ئیسلامی و بزوتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی و راگەیاندنی بزوتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی، لە ساڵی 2001 لێكهەڵوەشانەوە و جگە لە مانەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بە بچوكی، كۆمەڵی ئیسلامی و چەند گروپێكی دیكەی توندڕەوی دیكەی لێ دروست بوو. 

هاوشێوەی ئەم حزبانە، حزبەكانی دیكەش بەردەوام خەڵكیان لێ جیابووەتەوە و تووشی ئینشیقاق بوون، لە وێنەی پارتی كرێكارانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان‌و حزبی سۆسیالیست.

ئەگەری ئینشیقاقی نوێ
پرسی ئینشیقاق لە نێو حزبە سیاسییەكاندا و باڵباڵێن، هێشتاش هەر گەرمە و زۆرجار باس لەرودانی ئینشیقاقی نوێ لە نێو چەند حزبێكدا دەكرێت.

لەوانە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە باڵی دەستڕۆیشتوو و جێگرەكانی تێدایە.
بە پێی میدیاكان پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تێدایە.
هەروەك لە ناو یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و شیوعیش خەڵكی ناڕازی بوونیان هەیە و مەترسی ئینشیقاقیان لێ دەكرێ.

دەسەڵات  و پارە
وەك چاودێران دەڵێن، ئینشیقاق ئەگەر لە سەر فكر و بۆچوون و ئاڕاستە و میكانیزمی كاری سیاسی بێت، ئەوا كارێكی ئاسایی دەبێت، رەنگە لایەنی ئەرێنیشی هەبێت، بەڵام زۆرینەیان لەسەر دەسەڵات و دارایی بووە.

بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە، هیچ كام لە جیابوونەوە و ئینشیقاقانە، بە ئاسایی بەسەر كۆمەڵگادا رێینەكردووە، بەڵكو وێڕای راهێنانی خەڵكی ئاسایی بە دژایەتی و سووككردنی یەكتری، لە هەمانكدا هەندێ جار گەیاندوویانەتە شەڕی براكوژیش.

جیا لەدژایەتیكردنی باڵە جیابۆوەكان، دژایەتیكردنی حزبەكانی دیكەش لە نێوان خۆیاندا بە نمونەی پارتی و پەكەكە، پارتی و گۆڕان، یەكێتی و ئیسلامییەكان، كۆمەڵە و دیموكراتی رۆژهەڵات لە رابردوو و ئێستاشدا گەیشتووەتە حاڵێك هەموو سنورەكانی بەزاندووە و قوڵبووەتەوە بۆ نێو خەڵكی ئاسایی، كە زۆر جار لە كەسوكاری یەكتری‌و ئەندامانی خانەوادەیەك لە ماڵێكدا بەهۆی سوكایەتیكردن بە حزبەكانیان پەلاماری یەكتریان داوە.

بە رای پسۆڕانی سیاسی، ململانێ و ركابەری نێوان حزبەكان كارێكی ئاساییە بۆ دەرخستنی بەرنامەی یەكتری بۆ جەماوەر، بەڵام كاتێ نائاساییە، سەركردە و كادران و میدیای ئەم حزبانە هەموو سنورەكان ببەزێنن لە سوكایەتیكردن بە یەكتری و تۆمەتبەخشینەوە، تەنانەت بگاتە حاڵی راكێشانی دەستی بێگانە و دوژمن بۆ سەر یەكتری و هەڵبەستنی تۆمەتی "جاش"ی وڵاتانی دەرودراوسێ‌.

بە رای چاودێران، ئەم حزبانە لە پێناو شكاندنی ملی بەرامبەرەكانیاندا ئامادەی هەموو كردەوەیەكن، تەنانەت، كە میللەت و خاك و نیشتمانیش بخەنە مەترسییەوە و هەندێ جاریش ئەمەیان كردووە، بە نمونەی رووداوەكانی ئابی 1996.

دوو ئاڕاستەی جەماوەری
ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن لە كوردستان خەریكە، كۆمەڵگا بۆ دوو ئاڕاستە دابەش دەكات، ئاراستەیەك كە لەگەڵ حزبە و بەم شێوەیە راهێندراوە، ئامادەیە هەموو شتێك بۆ مانەوەی حزبەكەی و سەركردەكەی بكات، تەنانەت ملی براكەی خۆشی بپەڕێنێت، چاك‌و خراپی حزبەكەی بەباش و چاك‌و خراپی بەرامبەرەكەی بە خراپ دابنێ.

لە بەرامبەردا ئاڕاستەیەكی دیكە لە كۆمەڵگادا هەیە، كە ئێستا لە زیادبووندایە، لە سیاسەت و كاری حزبە سیاسییەكان بێزار بووە و ئامادە نییە، تەنانەت گوێشیان بۆ بگرن، چونكە پێیانوایە، هەموو قسەكانیان دووبارە و ناڕاستن، بەشێكیشیان تۆمەتبەخشینەوە و سووككردنی یەكترییە.

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە لە سەر پرسی رۆژئاوای كوردستان تادێت شاڵاوی تۆمەتبەخشینەوە و سووككردن زیاتر دەبێت.
هەروەها هێرشكردنە سەر یەكتری لە لایەن پارتی و گۆڕانەوە لە پەرەسەندندایە، لە میدیاكانەوە، لە كۆبوونەوە حزبی و جەماوەرییەكاندا ئەم حزبانە هێرشی توند دەكەنە سەر یەكتری، تەنانەت لە چوارەمین دیداری سلێمانی لە هەفتەی رابردوو بە بەرچاوی چەندین میوانی بێگانەوە سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت هێرشیان كردە سەر یەكتری.

هەر بەبەرچاوی ئەم بێگانانەوە نوێنەرانی پارتی خەریكبوو پەلاماری سەرۆكی پەرلەمان بدەن و هێزی ئەمنی برایە نێو هۆڵی دانیشتنەكانەوە.

چاودێرانی رەوشەكە، خوێندنەوەیان وایە، كە بەم شێوازی سیاسەتەی حزبەكان، ئایندەیەكی رۆشن بۆ گەلی كوردستان لە ئارادانییە، لەگەڵ ئەوەشی لە رووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە هەلێكی گەورە بۆ كورد هەڵكەوتووە.

وەك شارەزایانی مێژوویش باسی دەكەن، كورد لە رابردوویشدا هەر بەم هۆیەوە چەندین هەلی دیكەی لە دەست داوە ، تا حاڵی بەم رۆژە گەیشتووە.


ئه‌م بابه‌ته 1308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:27:23/03/2016