بارزانی كاتی دەستبەرداربوونی لە سەرۆكایەتی راگەیاند

بارزانی كاتی دەستبەرداربوونی لە سەرۆكایەتی راگەیاند


خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵا

مەسعود بارزانی رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و دوای راگەیاندنی دەوڵەتیش دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت بۆ كەسێكی تر.

بارزانی، كە بەپێی یاسا ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لە 19 ئابی رابردووەوە تەواوبووە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆنیتەر باسی لەوەكردووە، پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ریفراندۆم دەكەن و پرسی سەربەخۆی یەكلای دەكەنەوە و ئەوەیش گەورەترین ئامانجی ئەوە و دواتر دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.

بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵەكان لەگەڵ بەغداد بێ‌ ئەنجام بوون و ئێستا هەرێمی كوردستان كار بۆ سەربەخۆی دەكات.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەكەدا كە چۆن توركیا و ئێران و بەغداد رازیدەكەن بۆ سەربەخۆی بارزانی ئەوەی خستوەتەڕوو، كە پێشتر توركیا دژی فیدراڵی هەرێم بووە و ئێستا گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتیدا هاتووە، هەروەها باسی لەوەكردووە، لەگەڵ ئێرانیش گفتوگۆ دەكەن.

مەسعود بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بە پرسی پەرلەمان و هاوپەیمانێتی یەكێتی و پارتی كردووە و وتویەتی:"پەرلەمان چالاكدەكەینەوە و دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرین و لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانین و بەردەوام دەبین، بەڵام گۆڕان سیاسەتی وێرانكاری هەبووە و ئەوەیش هۆكاری دورخستەوەیان بووە".

سەبارەت بە ناشەفافی مەلەفی نەوتیش رۆژنامەكە، پرسیاری لە بارزانی كردووە و ئەویش وتویەتی:" بە دڵنیاییەوە كەموكورتی هەیە، بەڵام من ئاگادارنیم و لە ئەنجومەنی وەزیران بپرسن".

هەروەها لە بارزانی پرسراوە، كە یەكێتی بەنیازە لەگەڵ توركیا قسەبكات سەبارەت بە پرسی گاز، بارزانی وتویەتی:" گاز موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، نەك حزبە سیاسیەكان و باسكردنی ئەو پرسەیش لەگەڵ وڵاتاندا كاری حكومەتی هەرێمە، نەك یەكێتی".


ئه‌م بابه‌ته 2780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:27:23/03/2016