یەكگرتوو داوایەكی پارتی رەت دەكاتەوە

یەكگرتوو داوایەكی پارتی رەت دەكاتەوە


خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داواكارییەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا رەت دەكاتەوە.

لە كۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 19-3-2016ی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەسەر داوای د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدرا، كۆمیتەیەكی 11 كەسی لە سەرجەم لایەنەكان بۆ بەدواداچوونی چاكسازی و گۆڕانكاری لە حكومەتی حەیدەر عەبادی دروستكرا.

د.موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە (خەڵك)ی راگەیاند، ئێمە پێمان باشە هەر كەسێك بەشداری لەو كۆبونەوانەدا دەكات بەرێكەوتنی پێنج لایەنە سیاسییەكە بێت.

ناوبراو وتیشی :" ئێمە نوێنەرایەتی پارتی ناكەین، بەڵكو حزبێكی سەربەخۆین و نوێنەرایەتی خەڵكی خۆمان و هەموو حزبە سیاسیەكان دەكەین".

د.موسەنا ئەمین وتیشی :"فراكسیۆنی پارتی نوێنەرەكەی خۆیان بەخشییە ئێمە و ئێمەش سوپاسمان كردن و پێمان راگەیاندن، پێویستە لەگەڵ لایەنەكانیتر كۆببینەوە، چونكە ئێمە نوێنەری ئەوانیشین".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، شانازی پێوە دەكەین، ببینە نوێنەر، بەڵام دەبێت فراكسیۆنەكان روانینێكی رونیان هەبێـت و ئێمە رابسپێرن بۆ ئەو مەبەستە.

د.موسەنا ئەمین رونیشیكردەوە، داواكەی پارتیمان رەت كردووەتەوە و بڕوامان وایە، بەو شێوەیە نابێت، كە ئەوان داوای دەكەن و پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان راوێژ بكەین و بڕیار بدەین كێ بێت لەجیاتی هەمومان نوێنەر بێت.
سەبارەت بە بەهانەكانی پارتی بۆ پێدانی نوێنەرایەتیەكە، سەرۆكی فراكسییۆنی یەكگرتوو وتی :"بە هیچ شێوەیەك لەبەر خاتری ئێمەنییە، ئێمە چیمان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی".

وتیشی :"خۆیان نەیانویست بەشداری بكەن، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی سێهەم حزب گۆڕانە، بدرێتە ئەوان، بەڵام پارتی و گۆڕانیش نێوانیان باش نییە، ئەوكات پارتی پێشنیاری بۆ ئێمە كردووە".

ئاشكراشیكرد، ئەو نوێنەرایەتییە لە پارتی وەرناگرن، بەڵكو لە فراكسیۆنەكانی وەردەگرین.
كۆمیتە 11 كەسییەكە، ئەركیان بەدواداچوونە بۆ جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی چاكسازی و گۆڕانكاریی لە كابینەی حەیدەری عەبادی.

پێشتر خەسرۆ گۆران سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، كە نوێنەرایەتییەكەی خۆیان لە كۆمیتەكە دەدەنە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.


ئه‌م بابه‌ته 39882 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:08:41:23/03/2016