دوایین زانیاری لە بارەی تەقینەوەكانی برۆكسێلەوە

دوایین زانیاری لە بارەی تەقینەوەكانی برۆكسێلەوە


خەڵك-دڵشاد حەمە

میدیاكانی ئەوروپا زانیاری نوێیان لەبارەی تەقینەوەكانی شاری برۆكسێل بڵاوكردەوە و ئاماری كۆتایی قوربانیانی ئەو تەقینەوانەیان راگەیاند.

ئەمڕۆ سێ‌ تەقینەوە، شاری برۆكسێلی پایتەختی بەلجیكایان هەژاند، كە بە پایتەختی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا دادەنرێت، دوو تەقینەوە لە فرۆكەخانەی زاڤێنتیم و تەقینەوەیەكیش لە وێستگەی میترۆی مالبێك روویاندا، دوو لە تەقینەوەكان خۆكوژی بوون و خۆكوژەكانیش بۆمبی تی ئێن تیی تێكەڵ بە بزماریان لەخۆ بەستبوو، كە ئەو شێوازە تەقینەوەیە زۆرتر لە لایەن قاعیدەوە لە ئەفغانستان ئەنجام دراوە.

بە پێی زانیارییەكان، هەر سێ‌ ئەنجامدەری تەقینەوەكان ویستوویانە لە فرۆكەخانەی زاڤێنتیم خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام یەكێكیان نەیتوانیوە بگات بە تێرمیناڵی فرۆكەخانەكە و رووی لە وێستگەی میترۆی مالبیك كردووە و پشتێنە بۆمبرێژكراوەكەی لەوێ‌ تەقاندۆتەوە و خۆی ونكردووە، تا ئێستاش پۆلیس بە دوایدا دەگەڕێت و دەستگیر نەكراوە.

دواتریش پۆلیسی بەلجیكا، بۆمبێكی چێنراویان لە هەمان جۆر لەگەڵ ئاڵایەكی داعش و چەكێكی كڵاشینكۆف لە فرۆكەخانەكە دۆزیوەتەوە، دوو تەقینەوەی ئەو فرۆكەخانەیەش لەو وێستگەیە ئەنجامدراوە، كە گەشتێكی ئەمریكای لەسەر بووە.

دوا ئاماری قوربانییەكانیش لە فرۆكەخانەی زاڤێنتیم، (15) كوژراو و (78) بریندارن، تەقینەوەی میترۆی مالبیكیش (25) كوژراو و (108) برینداری لێكەوتۆتەوە.

راستەخۆ داوی تەقینەوەكان، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو كارە راگەیاند


ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:29:22/03/2016