پێكهاتەكانی موسڵ داوای پێشمەرگە دەكەن

پێكهاتەكانی موسڵ داوای پێشمەرگە دەكەن


خەڵك ــ بەهمەن محەمەد

پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دانیشتوانی موسڵ سێ‌ ملیۆن بێت ئەوا ملیۆنێكی كوردە، دەشڵێت: "مەسیحی و شەبەك متمانەی تەواویان بە كورد هەیە، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بەشداری شەڕی موسڵ بكات".

موحسین سەعدون ؛ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتی: "١٦ یەكەی ئیداری كورد لە موسڵە، بەر لەوەی پێشمەرگە بەشداری ئەو جەنگە بكات پێویستە ڕێككەوتنی تەواوی لەگەڵ هێزەكانی دیكەی بەشدار هەبێ، رێككەوتن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و پێكهاتەكان و عێراق و ئەمریكا زۆر گرینگە".

سەعدون، ئاماژەی بە ویستی مەسیحی و شەبەك كرد لە بەشداری پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەكانیان و هەروەها بەشداریان لە چوارچێوەی پێشمەرگە بۆ شەڕی گرتنەوەی مووسڵ، چونكە مەسیحی و شەبەك متمانەی تەواویان تەنها بە پێشمەرگە هەیە.

موحسین سەعدون ئاماژەشی بەوەداوە، ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی مووسڵ ٣ ملیۆن كەس بێ، ئەوا یەك ملیۆن كەس كوردن، جا ئەمەش گرینگە، كە پێشمەرگە بۆ پاراستنی كورد و كوردستانیان بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵ بكات.


ئه‌م بابه‌ته 575 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:00:22/03/2016