سەدر نیازپاكی خۆی بەرامبەر عەبادی نیشان دەدات

سەدر نیازپاكی خۆی بەرامبەر عەبادی نیشان دەدات


خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەگەڵ لیژنەی دەستنیشانكردنی وەزیرانی تەكنۆكرات كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ناوەكانیان ڕادەستی عەبادی دەكەن وەك نیشاندانی پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

ئەمڕۆ سێ شەممە، موقتەدا سەدر ؛ڕێبەری ڕەوتی سەدر؛ لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربەخۆی دەستنیشانكردنی كاندیدانی تەكنۆكرات بۆ كابینەی نوێی وەزاری عێراق كۆبۆوە و ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانی سەرۆك وەزیران دەكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی نەك هەوڵدان بۆ پەكخستنی پڕۆسەكە وەك ئەوەی هەندێك لایەن بانگەشەی بۆ دەكەن.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشدا، بەمزوانە ناوی كاندیدانی ڕەوتەكەیان ڕادەستی حەیدەر عەبادی ؛سەرۆك وەزیران؛ دەكەن تا بەرزی بكاتەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش ڕای خۆیان بڵێن و پەسەندی بكەن یان ڕەتی بكەنەوە.

ئەم كۆبونەوەیەی سەدر لەكاتێكدایە بەشێك لە نەیارانی تۆمەتباریان دەكرد بە ئەنجامدانی كودەتا لەڕێگەی ناڕەزایی جەماوەری و هەوڵدان بۆ پەكخستنی چاكسازییەكان، چونكە موقتەدا سەدر ڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات.


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:16:22/03/2016