وەستا ڕەسوڵ: فەرماندەكانی پێشمەرگە پڕوپاگەندە دەكەن

وەستا ڕەسوڵ: فەرماندەكانی پێشمەرگە پڕوپاگەندە دەكەن


خەڵك ــ بەهمەن محەمەد

بەرپرسی میحوەری باشوری كەركوك خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی داعش لەبەرەكانی جەنگ بە پڕوپاگەندە وەسف دەكات، دەشڵێت: "هێزی پێشمەرگە بەرپرسیارە لە ئازادكردنەوەی گوندی بەشیر".

وەستا ڕەسوڵ ؛بەرپرسی میحوەری باشوری كەركوكی هێزی پێشمەرگە؛ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تائێستا هیچ داعشێك لەسنوری كەركوكەوە خۆی ڕادەستی هێزی پێشمەرگە نەكردووە، ئەوەشی كە لەباریەوە دەوترێت تەنها پڕوپاگەندەی فەرماندەكانی پێشمەرگەیە.

وتیشی: "ڕۆژانە ژن و منداڵ و خەڵكی عەشایەری سنورەكە خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە دەكەن، پێدەچێت ئەو پیاوانەی، كە لەگەڵیاندایە وەك داعش ئەژماریان بكەن".

فەرماندەكەی هێزی پێشمەرگە وتیشی: "داعش تائێستاش جموجوڵی ماوە تەنانەت لەڕۆژی نەورۆزدا هێرشیان كردووە، بەڵام هێرشەكەیان تێكشكێنراوە".

لەبارەی ئازادكردنی گوندی بەشیریشەوە وەستا ڕەسوڵ وتی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادكردنی بەشیر بە ئەركی خۆی دەزانێت، كە تائێستاش ئازادمان نەكردووە پەیوەندی بە تاكتیكی سەربازییەوە هەیە".

ئاشكراشی كرد، سوپای ئەمریكا بەردەوامە لە هاوكاری كردنی هێزی پێشمەرگە و هەروەها بەردەوامیشە لە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لە 10ی حوزەیرانی 2014، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر چەند شار ‌و شارۆچكەیەكی عیراق ‌و سەرەتا شاری موسڵ-یان كۆنتڕۆڵ كرد ‌و دواتریش تكریت ‌و سەڵاحەدین ‌و چەند شار ‌و شارۆچكەیەكی دیكەی عیراق-یان كۆنتڕۆڵ كرد‌و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە سوپای عیراق هەرەسبهێنێت‌و هێزەكانی پێشمەرگەش ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات.


ئه‌م بابه‌ته 752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:12:22/03/2016