عێراق كیمیابارانكردنی تازە دەكاتە كەیسێكی نێودەوڵەتی

عێراق كیمیابارانكردنی تازە دەكاتە كەیسێكی نێودەوڵەتی


خەڵك – بەشی هەواڵ

عێراق هەوڵەكانی بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی كەیسی كیمیابارانكردنی ناحیەی تازە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەستپێكرد و داوای پشتیوانی لە رێكخراوە جیهانییەكان دەكات.

ئەحمەد جەمال ؛وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق؛ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، عێراق بە ڕەسمی داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات كیمیابارانكردنی ناحیەی تازە وەك جینۆساید بناسێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بە ڕەسمی داوا ئاڕاستەی كۆمكاری عەرەبی و لەسەر ئاستی جیهانیش داوا ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن، تا دان بەوەدا بنێن، كە داعش چەكی قەدەغەكراوی لە عێراق بەكارهێناوە و پێویستە بەدوای سەرچاوەی ئەو چەكانەدا بگەڕێن و دان بە جینۆسایدی هاوڵاتیانی مەدەنیشدا بنێن.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ناحیەی تازەی لە باشوری كەركوك موشەكبارانكرد و بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش لەرێگای ئەو موشەكانەوە گازی خەردەلی بەسەر ناحیەكەدا باراندووە و ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی.


ئه‌م بابه‌ته 474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:44:22/03/2016