ئەمشەو پەخشى كەناڵی ئاسمانی "پەیام" دەستپێدەكاتەوە

ئەمشەو پەخشى كەناڵی ئاسمانی "پەیام" دەستپێدەكاتەوە


خەڵك- ئومێد حسێن

بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، كەناڵی ئاسمانی پەیام دوای زیاتر لە 5 مانگ لە وەستانی، دەست بە پەخشی بەرنامەكانی بكاتەوە و بەڕێوەبەری گشتی كەناڵەكەش، چەند وردەكاریەك ئاشكرا دەكات و (خەڵك) ناوی یەكەم بێژەری پەخشی هەواڵەكانی كاتژمێر 8 ئاشكرا دەكات.

فاروق عەلی ؛ بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی ئاسمانی پەیام؛ لە لێدوانێكی پێشتریدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پەخشمان دەستپێدەكات و كەناڵێكی هەواڵی سیاسی دەبێت.

وتیشی: "كەناڵی پەیام لە چوارچێوەی تۆڕێكی میدیایی كۆمەڵ خۆی دەبینێتەوە، كە پێكدێت لە كەناڵی ئاسمانی پەیام و ڕادیۆیەكی سەرتاسەری و دیجیتاڵ میدیایەك، جگە لەوەی پەیام لە كەناڵە ناوخۆیەكان پەخشمان بە سیستەمی HD دەبێت، هەرچەندە هەموو ئیشوكارەكانمان بە سیستەمی ئێجدی دەكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە ناتوانین پەخش بكەین، بۆیە لەدوای قەیران ڕەنگە بتوانین بیكەینەHD".

ڕاشیگەیاند، وەك سەرەتا لە پێشكەشكردنی هەواڵەكان هیچ بێژەرێكی ئافرەتێكمان نابێت، بەڵام لە بەرنامەكاندا ئافرەت هەیە وەك پێشكەشكار.

لای خۆشیەوە، دانا محمەد ؛بێژەری هەواڵی سیاسی لە كەناڵی پەیام؛ ئاشكرای كرد، كە "كەم كەم نزیك دەبینەوە لە كۆتایی هاتنی چاوەڕوانییەكانی ئێوەی بینەری خۆشەویست".

دەشڵێت: "لە دەستپێكی قۆناغی نوێی كەناڵی ئاسمانیی پەیام، پشت بەخوا ئەمشەو كاتژمێر 8 لە گەشتی بەرفراوانی هەواڵەكاندا لە خزمەتاندا دەبم، هیوادارم میوانێكی ڕوح سوكی ماڵەكانتان بم".

كەناڵی‌ ئاسمانیی‌ پەیام لە ڕۆژی‌ (1-10-2015)دا پەخشی‌ خۆی‌ ڕاگرت بە مەبەستی‌ گۆڕینی‌ سیستەمی‌ كاركردن و كاری‌ باشتر و بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ و دوای‌ زیاتر لە پێنج مانگ لە ڕاگرتنی‌ پەخشەكەی‌، پەخشی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ دەستپێبكاتەوە.




ئه‌م بابه‌ته 658 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:56:22/03/2016