عیراق دوو بژاردە دەخاتە بەردەم هەرێمی كوردستان

عیراق دوو بژاردە دەخاتە بەردەم هەرێمی كوردستان


خەڵك- ئومێد حسێن

وەزیری نەوتی عیراق هۆكاری وەستاندنی هەناردەی نەوتی كەركوك لەڕێگەی بۆری نەتبەری كوردستانەوە ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە هەناردەی نەوت دەستپێناكەنەوە تا نەگەنە ڕێككەوتن.

عادل عەبدولمەهدی ؛وەزیری نەوتی عیراق؛ ڕایگەیاندووە، كە حكومەتی ناوەندی عیراق بڕیاریداوە بە وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتیەكانی ژێڕ كۆنتڕۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكور لەڕێگەی بۆری نەتبەری كوردستانەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كە هەناردەی نەوت لەڕێگەی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەسەر دەریای ناوەڕاست دەستپێناكەنەوە تا لەگەڵ حكومەتی هەرێم نەگەنە ڕێككەوتن.

كۆمپانیای نەوتی باكور لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكەوە ڕۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی هەرێمی كوردستان دەكات تا لەڕێگەی بۆری نەتبەری كوردستانەوە بینێرێتە بەرندەری جەیهانی توركیا.

عادل عەبدولمەهدی وتوشیەتی، كە پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت خوازیارن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەنە ڕێككەوتنێكی دارایی و بۆ ئەمەش دوو بژاردەی دیاری كردووە، كە بەوتەی ناوبراو "یان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنی پێشووی نێوان بەغدا و هەولێر یان دەبێت ڕێككەوتنێكی دیكە ئەنجام بدرێت لەنێوان هەردوولادا".

لە ماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری حكومەتی عیراق، كۆمپانیای نەوتی باكور هەناردەكردنی نەوتی كەركوكی لەڕێگەی بۆری نەتبەری كوردستانەوە ڕاگرت.

ئەم وتانەی وەزیری نەوتی عیراق لەكاتَكدایە، كە نێچیرڤان بارزانی ؛سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ لە دیداری سلێمانی، كە هەفتەی ڕابردوو ئەنجام درا وتی: "ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ بەغدا ئەنجاممان داون شكستیان هێنا، بۆیە خوازیارین ڕێككەوتنی نوێ‌ ئەنجام بدەین".


ئه‌م بابه‌ته 3615 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:31:22/03/2016