خۆكوژێكی بەریتانی خۆی بە سوپای عێراقدا تەقاندەوە

خۆكوژێكی بەریتانی خۆی بە سوپای عێراقدا تەقاندەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

لە پەلامارێكی خۆكوژیدا لە پارێزگای ئەنبار نزیكەی 30 سەربازی عێراقی كوژران و داعشیش بەرپرسیارەتی پەلامارەكەی گرتەئەستۆ و رایگەیاند، چەكدارێكیان كارەكەی كردووە.

داعش لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی رایگەیاند، ئەو كەسەی كارەكەی ئەنجامداوە ناوی (ئەبو موسا بەریتانی) بووە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە.
بەپێی زانیارییەكانی داعش خۆكوژەكە، كاروانێكی سەربازی هێزە هاوبەشەكانی عێراقی كردوەتە ئامانج كە لە سەربازگەی عەین ئەلئەسەدەوە بەرەو ناوچەی كبیسە چوون بۆ شەڕی داعش.

تەقینەوەكە، لەكاتێكدا بووە، كە داعش چوار ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراوی دیكەی لە ئەنبار بە هێزە عێراقییەكاندا تەقاندۆتەوە و دوای ئەو پەلامارانەیش هێرشی هێزە سەربازییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی هیت و كبیسە و ناوچەكانی دیكەی خۆرئاوای عێراق بەشێوەیەكی كاتی راگیران.


ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:11:22/03/2016