چۆن ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین؟

چۆن ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین؟



خەڵك-دڵشاد حەمە

لە ئێستادا ئۆتۆمبێل وەك پێداویستییەكی سەرەكی لێهاتووە بۆ هەموو كەسێك، لەگەڵ ئەو سوودەی هەیەتی، پێویستی بە گرنگی پێدان و چاودێری بەردەوام هەیە تا بتوانین لە كاتی پێویستدا پشتی پێ‌ ببەستین، لێرەدا چەند خاڵێكی پێویست دەخەینە روو تا ئاگامان لە دۆخی ئۆتۆمبێلەكەمان بێت.

سەرەتا پێویستە خشتەیەكی كاتی بۆ چەند كارێكی رۆتینی ئۆتۆمبێلەكانمان دابنێین، باشترین خشتەش مانگانەیە، یان پاش رۆشتنی (5) هەزار كیلۆمەتر، گومان لەوەشدا نییە تا ئۆتۆمبێلەكە كۆنتر بێت، پێویستی بە چاككردنەوە و گرنگی پێدانی زیاتر دەبێت.

1- گۆڕینی رۆن: هەركات هەستت كرد رەنگی رۆنی بزوێنەرەكەت رەش بووە یان لینجی نەماوە، یا بۆنی سووتاوی لێدێت، بە خێرایی بیگۆڕە، بەڵام ئەگەر كەم بوو ئەوا بەبڕی پێویست رۆنی تێ‌ بكە، باشترین كاتیش بۆ پشكنینی رۆن، بەیانیانە پێش كاركردن بۆ ئۆتۆمبێلەكەت.

2- پێویستە ئاگاداری رۆنەكانی دیكەی وەك، رۆن ئیستۆپ، هایدرۆلیك، پاوەر، یان سیوەیل بین، كەمێك شارەزایی بەسە بۆ زانینی ئاستی پێویست و باشی ئەو جۆرە رۆنانە، پشتگوێ‌ خستنیان زیانی گەورەتری بەدواوە دێت.

3- ئەبێت بەردەوام ئاگاداری ئاوی رادێتەر بین كەم نەبێت، باشتر وایە ئاوی تایبەتی رادێتەری بۆ بكڕین لەگەڵ كەمێك ئەنتی فرێز بۆ وەرزی زستان، ئاوی فڵچەكانیش باشتر وایە دڵۆپێنراو بێت، ئەو ئاوەی لە سپلیتی ئاسایی ماڵانەوە دەردەچێت، باشترین جۆری ئاوە بۆ ئاوی فڵچەكان، ئەوتوانین سێ‌ یەكی دەبەی ئاوی فڵچەكانیش بكەین بە شلەیەكی پاككەرەوەی وەك موعجیزەی شوشە سڕین. ئەگەر توانیت چێكی ئاوی باترییەكەشت بكە، ئاوی ئاسایی بەكاربێنە ئەگەر ئاوەكەی كەمی كردبوو.

4- دەبێت هەر دوو یان سێ‌ رۆژ جارێك بۆنیتی ئۆتۆمبێلەكەت هەڵبدەیتەوە و چێكی وایەر و سوندە و پلاك و كەتاوت و فیوزەكان بكەیت (ئەوەی لێی دەزانیت)، ئەگەر هەستت بە سوتان یان ئاگر یان رەشبوونەوەی وایەر و تەقینی سۆندە و جاینە و هەر شتێكی تر كرد، بە خێرایی چاكی بكەرەوە.

5- گرنگی بە فلتەری هەوای بزوێنەرەكە بدە و زوو زوو پاكی بكەرەوە، ئەكرێت بە پاك نەكردنەوەی ئەو فلتەرە زیان بە بزوێنەرەكەت بگات، جگە لەوەی بڕێكی زیاتر بەنزین كاردەكات و هێزیشی لە كەمی دەدات، بە هەمان شێوە، فلتەری تەبریدیش دەبێت پاك بكرێتەوە، زۆرینەی ئۆتۆمبێلەكانیش فاتەری تەبریدیان لە پشتی سندوقی داشبۆردەكەدایە، یان لە ژێری ئەو سندوقەدایە.

6- دەبێت بەردەوام ئاگات لە لایتی ئۆتۆمبێلەكەت بێت، گڵۆپی لایتەكان هەرزانترین پارچەی ئۆتۆمبێلن و هەر كات سوتان، بیانگۆڕە و پشت گوێی مەخە، بە هەمان شێوە ماسیحەی جامی پێشەوە، ئەگەر ستۆك بووە بیگۆڕە.

7- گرنگترین خاڵیش ئەوەیە، بەردەوام تەماشای شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەكەت بكە، ئەگەر هەستت بە لێچوونی رۆن یا هایدرۆلیك یان ئاو كرد، هۆكارەكەی بدۆزەرەوە و چارەی بكە، چونكە هەر بزوێنەرێك رۆن یان ئاوی لێ‌ بچێت، مانی ئەوەیە پێویستی بە چاك كردنەوەیە.

8- گرنگترین خاڵی سەلامەتیش، ئاگادار بوونە لە دۆخی تایەكان، دەبێت رۆژانە یا ئەوپەڕی دوو رۆژ جارێك تەماشایەكی تایەكانت بكەیت، كەمی یان زیادی هەوا یا شل بوونەوەی برغوكان، مەترسی بۆ سەر سەلامەتیت دروست دەكات، پەستانی هەوای پێویستیش بۆ تایەی زۆرینەی ئۆتۆمبێلە بچوكەكان (30 تا 35) پاوەن هەوایە.


ئه‌م بابه‌ته 939 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:28:21/03/2016