تەنها لە عێراقدا.. ژەمێك نانخواردن بە (100) ملیۆن دینار

تەنها لە عێراقدا.. ژەمێك نانخواردن بە (100) ملیۆن دینار


خەڵك-دڵشاد حەمە

لە كاتێكدا عێراق بە قەیرانێكی دارایی قووڵدا تێپەڕ دەبێت، خەرجكردنی بڕە پارەی خەیاڵی بۆ وەزیر و بەرپرسانی حكومی درێژەی هەیە.

ماڵپەڕی (كتابات)، چەند زانیارییەكی لە بارەی قەبارەی گەندەڵییەكانی نێو حكومەتی عێراق بڵاوكردۆتەوە، لە راپۆرتەكەدا تەنها ناوی هۆشیار زێباری هاتووە، بەڵام چەند زانیارییەكی دیكەی لەسەر گەندەڵی تیا بڵاوكراوەتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە: حكومەتی عێراق ساڵانە بڕی (188 ملیۆن) دینار بۆ كرێ‌ خانووی هۆشیار زێباری لە بەغداد خەرج دەكات، لە كاتێكدا بە پێی رێنماییەكان نابێت هیچ بەرپرسێكی حكومی ساڵانە لە (36 ملیۆن) دینار زیاتری بۆ كرێ‌ خانوو، بۆ خەرج بكرێت.

ئەمە جگە لەوەی خەرجی كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی زێباری، ساڵانە (100 ملیۆن) دینار لەسەر ماڵی گشتی دەكەوێت، هەروەها نەسریەی نوسینگەكەشی بریتییە لە لە (25 ملیۆن) دیناری مانگانە.

كۆی گشتی نەسریەی نوسینگەی بەرپرسە حكومییەكان، ساڵانە زیاد لە (2 ترلیۆن) دینارە، ئەمە لە كاتێكدا وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، پارەی كڕینی دەرمانیان بۆ خەرج ناكرێت.

چەند مانگی پێشوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ژمارەی پاسەوانی وەزیرەكانی بۆ (8) پاسەوان كەمكردەوە، بەڵام بە پێی راپۆرتەكە، هۆشیار زێباری (528) پاسەوانی تایبەتیی هەیە.

راپۆرتەكەی (كتابات)، باس لە چەند گەندەڵییەكی دیكە دەكات بە بێ‌ ناوهێنانی كەس، دەڵێت: 

- وەزیرێك لەسەر نەسریەی وەزارەتەكەی، (30 هەزار) دۆلاری لە نۆژەنكردنەوەی حەمامی ماڵەكەیدا خەرج كردووە.

- وەزیرێكی دیكەی حكومەتەكەی عەبادی، چەند مانگێك پێش ئێستا، (ملیارێك و 400 ملیۆن) دیناری لە نۆژەن كردنەوەی خانووەكەیدا خەرج كردووە.

- ژەمە نانخواردنێكی یەكێك لە پارێزگاكانی باشور، (64 ملیۆن) دینار لەسەر حكومەت كەوتووە، هەروەها تێچووی داوەتی نانخواردنی سەرۆكی زانكۆی موستەنسیریە، كە بۆ چەند میوانێكی خۆی ئەنجامی داوە، گەشتووە بە (100 ملیۆن) دینار.

ئەم داتایانە لە كاتێكدایە، بە پێی ئاماری دەزگا تایبەتمەندەكان، لە پاش ساڵی (2003)ـەوە تا ئێستا، نزیكی (500 ملیار) دۆلار لە داهاتی عێراق لە ژێر دەستی بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا ون بووە.


ئه‌م بابه‌ته 1282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:18:21/03/2016