نرخی نەوت جارێكی دیكە بەرزبووەوە

نرخی نەوت جارێكی دیكە بەرزبووەوە


خەڵك- ئومێد حسێن

ئەمڕۆ چوار شەممە جارێكی دیكە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبووەوە ئەوەش بەهۆی‌ ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیارە لە قەتەر ئەنجام بدرێت بۆ هەڵپەساردنی‌ ئاستی‌ بەرهەمهێنانی‌ نەوت پێشبینی‌ نزمبوونەوەی‌ بەرهەمی‌ نەوتی‌ ئەمریكا، بەلام لێكۆڵەرەوان هۆشداری دەدەن لەبارەی ئەوەی، كە هەڵپەساردنی بەرهەمی نەوت و دابەزینی نرخەكەی نابێتە هۆی كۆتایی هێنان بەو خستنەڕووەی لەجیهاندا هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، كە ئاژانسی‌ (ڕۆیتەرز) بڵاویكردەوە، نرخی‌ گرێبەستە دواخراوەكانی‌ نەوتی‌ خاوی‌ ئەمریكا گەیشتووەتە 36  دۆلار و 64 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك، كە 30 سەنت زیاترە لە نرخی‌ پێشووی‌.

ئاشكراشی كردووە، نرخی‌ نەوتی‌ برنت 11 سەنت بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 38 دۆلار و 85 سەنت  بۆ هەر بەرمیلێك.

جەختیشی كردۆتەوە، كە دوای ئەوەی ڕۆژی دوو شەممە نرخی نەوت دابەزی، جارێكی دیكە نرخی نەوت ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات.

ئاژانسیەكە لەزاری‌ چەند سەرچاوەیەكەوە لە رێكخراوی‌ وڵاتانی‌ هەناردەكەری‌ نەوت (ئۆپیك) ڕایگەیاندووە، كۆبوونەوەی‌ بەرهەمهێنەران بە سەرۆكایەتی‌ سعودیە و ڕوسیا بۆ تاووتوێكردنی‌ هەڵپەساردنی‌ بەرهەمهێنانی‌ نەوت، بڕیارە لە 17ی‌ نیسانی‌ داهاتوو بەڕێوەدەچێت ئەگەر هاتوو ئێران-یش بەشداری‌ تێدا نەكات.



ئه‌م بابه‌ته 2232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:41:16/03/2016