حزبەكان میرنشینەكان لەكوردستان زیندوو دەكەنەوە

حزبەكان میرنشینەكان لەكوردستان زیندوو دەكەنەوە


خەڵك- ئامەد حەسەن
سەعدمەلاعەبدوڵڵا گوڵپی

تادێت ئاستەنگكردنی هاتن و چوون لە نێوان شارەكان و پارچەكانی كوردستاندا كە دەسەڵاتدارەكانی حزبی كوردین، زیاتر دەبن، بەرای شرۆڤەكارانیش هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستبوونی حزب و فرەئیدارەیی و نەمانی رۆڵی حكومەتی یەكگرتوو و هەروەك گەڕاندنەوەی حكومی میرنشینەكان.

رۆژئاوای كوردستان- پەیەدە
ناوچە رزگاربووەكانی باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دابەشی هەژموونی حزبەكان بوون و هەر حزبە و لە ناوچەی خۆی حكومی رەها دەكات بێ رەچاوكردنی لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوەی رەچاو دەكرێت، بەرژەوەندی حزبییە.
رۆژئاوای كوردستان، كە چەند ساڵێكە دەسەڵاتێكی كوردی بەڕێوەی دەبات، هاوشێوەی سەرەتاكانی دروستبوونی دەسەڵاتی كوردی باشوری كوردستان لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دووچاری ململانێی حزبی بووە.

چەند جارێك پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی نێو ئەنجومەنی كوردی سوریا ئەنەكەسە، كە لە پارتییەوە نزیكن دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا، كە پەیەدەی نزیك لە پەكەكە حكومڕانە تێیدا، تۆمەتبار دەكەن بە ئاستەنگكردنی هاتن و چوون.

ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان پەیەدە باڵادەستە و بە گوتەی حزبەكانی نزیك لە پارتی بواری چالاكی سیاسی و سەربازییان پێنادرێت و حكومی تاكڕەوی لەوێ هەیە.

بە ئاشكراش دەسەڵاتدارانی كانتۆنی كۆبانێ و جەزیرە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەت كەناڵی رووداویان قەدەغەكردووە و رێگە بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا نادەن، كە ئەم هێزە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە راهێنانیان پێكراوە و سەر بەحزبەكانی نێو ئەنەكەسەن.

باشوری كوردستان
لە باشوری كوردستان لە دوای جەنگی نێوخۆیی ساڵی 1994ەوە دابەشی چەند ناوچەیەكی حزبی بووە و ئێستاش سەرلەنوێ نەك هەژمونگەری حزبەكان بەسەر ناوچەكانی كوردستان كاڵنەبۆتەوە، بەڵكو زیاتریش بووە.

ناوچەی پارتی
بەشێك لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە بن هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستاندان، ئەم حزبە، ئەم ناوچانە بە بەقەڵەمڕەوی خۆی دادەنێت و بەهەموو شێوەیەك ئامادەی بەرگری لێكردن و دەستبەردارنەبوونیەتی.

ناوچەكانی پەكەكە
هەرچی بەشێك لە ناوچەكانی ئەم دوو پارێزگایە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكانی سنوری باكوری كوردستان ‌و رۆژهەڵاتی كوردستان‌و چیای قەندیل كە بە ناوچەی پاراستنی میدیا دەناسرێن ، لە بن دەستی پەكەكەدان و حكومەتی هەرێم یان پارتی و یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكیان نییە بەسەر ئەو ناوچانەدا.
چەندین جار ئاستەنگی هاتن و چوون لە نێوان ناوچەی پاراستنی میدیا و ناوچەكانی دیكەی بن دەستی پارتی و یەكێتیدا دروست بووە.
دەسەڵاتدارانی ناوچەی پاراستنی میدیا رێگە بە كاری میدیایی كەناڵەكانی نیزك لە پارتی بەتایبەت تەلەفزیۆنی رووداو نادەن، پێیانوایە، ئەو كەناڵە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی توركیا كاردەكات لە دژی پەكەكە و كوردەكانی باكور و رۆژئاوای كوردستان.

ناوچەی یەكێتی و هاوبەشەكانی
ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە ناوچەی هەژموونی یەكێتی دادەندرێن، هەرچەند لە ئێستادا هاوبەشی وەك گۆڕان و ئیسلامییەكانی بۆ دروست بووە و بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی سەنتەری شارەكە بە جێ هەژموونی گۆڕان دادەندرێت بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنەكان، بەڵام لەرووی ئیداری و سەربازی و ئەمنیەوە یەكێتی تێیدا باڵادەستە.
هەروەك بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای هەڵەبجە بە جێ هەژموونی حزبە ئیسلامییەكان دادەندرێن لە رووی پێگەی جەماوەرییەوە.

لەسەر ئەم ناوچەگەرێتییە لەتیف نێروەیی وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە (خەڵك)ی راگەیاند، خۆزگە دەخوازم مانگانە لێپرسراوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێیان بكەوێتە دەڤەری بادینان بۆ ئەوەی موعاناتی كادیرانی ئێمە لەوێ بزانن.

لەم ماوەیەشدا سەرۆ قادر بەرپرسی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی پارتی هەڕِەشەی دووبارەكردنەوەی 31ی ئابێكی دیكەی لە سلێمانی كردبوو.

گەڕاندنەوەی پارێزگاری سلێمانی
دوێنێ وەفدێك بەسەرۆكایەتی ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لەشاری سلێمانییەوە بەڕێكەوتن بۆ ڕۆژئاوای كوردستان‌، بەپێی وتەی ئەندامێكی وەفدەكەی پارێزگای سلێمانی، هێزە ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وتویانە، بەهیچ شێوەیەك ناتوانن تێپەڕن، چونكە ئەمە بڕیاری مەسعود بارزانییە و ڕازی نییە، ئەم وەفدە بپەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیوێتی، چیتر پێویست ناكات دوژمن سنور بكێشێت، ئـەوەتا خۆمان هەرێمێكی  4 پارێزگایمان پڕكردووە لە دیوارو خەندەق و سنور بەناوی سەرۆكەوە.

رێكەوت زەكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راشیدەگەیێنێت، ڕیگریكردن لە د.ئـاسۆ فەرەیدون تەنیا ڕێگری نییە لە پارێزگارێك، بەڵكو ڕێگریە لە یەكێتی، چونكە بەڕێزیان وەك نوێنەری یەكێتی بەشداری لە ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژئـاوای كوردستان دەكرد.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئـەوەی ڕوویدا شۆك نەبوو بۆ ئێمە، چونكە كارێكی دووبارەی لێوەشاوەبوو، دەبوو لە ئاستی باڵادا هاندان هەبوایە بۆ بەشداری و پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئـاوا، بەڵام بینیمان لە ئاستی باڵادا ڕێگری هەیە.

هەرلەنێوانی رۆژئاواو باشوور چەندین جاری دیكە ئاستەنگی هاتن و چوون لە هەردوو بەرەوە كراوە.

رێگرییەكانی ناوچەی سەوز و زەرد
لە ماوەی رابردوو رێگری لە هەر یەكە لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بازگەی دێڵگە، رێگری لە گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ شاری هەولێر لە بازگەی دێگەڵە، رێگری لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەولێر لە بازگەی پردێ كراوە.

هەروەها رۆژنامەنووسەكانی هەردوو كەناڵی ئێن ئارتی و كەی ئێن ئێن لە هەولێر و دهۆك دەركران و لە بازگەی دێگەڵە فڕێدران.
پێشتر بارەگای رێكخراو و میدیاكانی نزیك لە پەكەكە لە هەمان ناوچە داخران و دەركران، لەوانە ئاژانسی دیجلە.
لە كاتی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011 خوێندكارانی ناوچەی سەوز لە زانكۆی سەڵاحەدین دەركران و بەرەو ناوچەكانی خۆیان رەوانە كرانەوە و خوێندن بە فەرمانی حزبی راگیرا بەبێ ئاگاداری وەزارەتی خوێندنی باڵا.
لە 8ی ئاداریشدا رێگری كرا لە چوونی ژنانی پەكەكە بۆ شاری هەولێر بۆ مەراسیمی رۆژی ژنان.
ئەمە جیا لەوەی هاوڵاتیان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مامەڵەی نەشیاوی بازگەكانی دێگەڵە و پردێ و سماقوڵی لەگەڵیان لەكاتی هاتن و چوندا، بەتایبەت چوونی هاوڵاتیانی ناوچەی سەوز بۆ ناوچەی زەرد، بەتایبەتتریش لە كاتی گەرمبوونی شەڕ و گرژی نێوان حزبەكاندا.

نوێكردنەوەی میرنشینەكان
بەرای بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی، دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە، دەمانگەیەنێتە ئەوەی كە حزب لە كوردستان باڵادەستە و كۆتوبەندی حكومەتی كردووە، لە هەر كاتێك پێویست بكات، حزب بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.

شرۆڤەكارانی سیاسی زیندووترین نمونەش بە دەركردنی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم دەهێننەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەبێ پشتن بەستن بە هیچ یاسا و دەستوورێك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.

بەگوتەی شرۆڤەكاران، دوای 25 ساڵ لە حكومڕانی كوردی هێشتا بڕیارە هەستیارەكان لای حزبەكانە و بەرژەوەندی حزبی لەسەروو هەموو شتێكی دیكەوە، حكومەت تەنها كاری راییكردنی كاروباری ئاسایی هاوڵاتیانە.

بەرای شرۆڤەكاران ئەم رەوشەی ئێستا هاوشێوەی میرنیشینەكانی كوردە لە رابردوودا، كە بەشێك لەوان بەردەوام دژایەتی یەكتریان كردووە و هێندەی لەهەوڵی پاراستنی ناوچەكانی بندەستی خۆیان دابوون، هێندە لە هەوڵی پێكهێنانی قەوارەیەكی گەورە و یەكگرتوودا نەبوون بۆ كورد، كە دواجار هەموویان شكستیان خواردووە.

پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی بێگانە
حزبەكان لە نێوخۆیاندا یەكتری تۆمەتبار دەكەن، بەبوونی پەیوەندی تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێ‌ و پاراستنی بەرژەوەندی بێگانە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، پەكەكە و پەیەدە و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ تۆمەتبار دەكات بە لایەنگری و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی ناوەندی عێراق و شیعەمەزهەبەكان.

لە بەرامبەردا ئەم پێنج حزبە پارتی و هەندێك جاریش ناڕاستەوخۆ یەكگرتووی ئیسلامیش تۆمەتبار دەكەن بە لایەنگری توركیا و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەم وڵاتە و وڵاتانی سوننەمەزهەبی دیكەی ناوچەكە.



ئه‌م بابه‌ته 2559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:00:16/03/2016