ڕۆژی جیهانی كاتژمێری زەوی

ڕۆژی جیهانی كاتژمێری زەوی


 چالاكی كاتژمێری زەوی چالاكییەكی جیهانیە و بەبەشداری زیاتر لە 150 وڵات ئەنجامدەدرێت لەكۆتا شەمەی مانگی3 لەكاتژمێر 8:30PM بەمەبەستی دروستكردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان مرۆڤ و ژینگەكەی لەجیهاندا, بۆئەوەی ببێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی تاكەكانی كۆمەڵگا و پاراستنی زەوی.

مەبەست لەئەنجامدانی چالاكی كاتژمێری زەوی لەبەر زۆر بوونی ئەو كێشە ژینگەییانەیە كە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەوڵاتەكەماندا, بەهۆی كەمی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لەكۆمەڵگەكەمان, بۆنمونە زۆربەكارهێنانی كارەبا و زۆر بوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان لەشارەكاندا, زۆر بوونی پاشەڕۆ ڕەقەكان و بڵاوبوونەوەیان, زۆر بوونی ژاوەژاو و پیسبوونی هەوای شارەكان, پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە سەرەراِی بوونی هەموو ئەم كێشانە، نەبوونی هۆشیاری بەرزیش لە لایەكی دیكە.

چالاكی كاتژمێری زەوی بۆ ساڵی پێنجەمە ئەنجامدەدرێت، لەدەربەندیخانیش بۆ ساڵی سێیەم بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان N.O.K ئەنجام دەدرێت, بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لەكوردستان و بەتایبەت لەدەربەندیخان دەربارەی پاراستنی هەسارەكەمان وەبۆ بەكۆمەڵ پێكهێنانی ژینگەیەكی تەندروستی سەوز بۆ هەموو پێكهاتە زیندووەكانی سەر زەوەی.

چالاكی كاتژمێری زەوی كۆكردنەوەی كۆمەڵگەی جیهانە بۆ پیشاندانی ئەوەی كە بیرۆكەییەكی سادە دەتواندرێت بەدەست بهێندرێت وەچۆن جوڵانەوەیەكی تاكە كەسی دەبێتە جێی سەرسوڕمان.

كاتژمێری زەوی تەنها ڕوناكی كوژاندنەوە نیە بۆ ئەو یەك كاتژمێرە, بەڵكو یەكێكە لەجوڵەكان كەجیهان دەگۆڕێت. 

دەبێت ئێمە هەمیشە هەوڵ بدەین چالاكی ئەو یەك كاتژمێرەمان بگۆڕین بەچالاكی هەموو كاتژمێرێكمان.
ئایا بۆ دەبێـت بەشداری بكەین؟؟
چونكە پێویستە داهاتوومان بگۆڕین بەشێوازێك كەبەردەوامی هەبێت ئێمە ناتوانین كەبەردەوام بین لەسەر بەكارهێنانی 1,5 لە سامانە سروشتیەكانی سەر زەوی بەبێ ئەوەی بیر لە زەرەرەكانی بكەینەوە بۆ سەر ژینگە كەمان, لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە داهاتوویەكی بەردەوام بۆ خۆمان دابین بكەین.

ئەم گۆڕانە پێویستی بەتۆیە, پێویستی بە هەموو تاكێكە، پرۆژەی كاتژمێری زەوی هێزی تاك و بازرگانی و حكومەت و ڕێكخراوەكان پیشان دەدات وە دەیسەلمێنێت كە دەتوانین یەك دەست بین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژە.

چۆن دەتوانین ئەو پرۆژە بەرێوە ببەین؟
كاتێك منداڵین هەمیشە هەوڵ دەدەین بگەینە پۆلێكی بەرزتر, كاتێك سەرۆكین هەوڵ دەدەین وڵاتەكەمان بگۆڕین و بەرەوپێشی بەرین. كاتژمێری زەویش هەنگاوێكە كەپیشانی بدەین كەئێمە گرنگی دەدەین بەگەیشتن بە هەسارەیەكی تەندورست و پاكژ, ئەمەش گرنگە چونكە ژیانی ئێمە لەسەر ئەم هەسارەیەیەو دەبێت گرنگی بەو شوێنە بدەین كەتیایدا دەژین چونكە ژیان پڕماناترین ڕێگای مرۆڤە.

دەتوانیت هەندێ بەڵێنی بچوك بدەیت وەك ڕواندنی درەخت, گۆڕینی گڵۆپەكانمان بۆ گڵۆپی LED, دەست بەردان لە بەكارهێنانی كیسەی پلاستیكی, وەبەكارهێنانی كەمترین ڕێژەی ئاو لەكاتی خۆشتندا, ئەمانە دەبنە هۆی كەم كردنەوەی ڕێژەی دوان ئۆكسیدی كاربۆن, لەم ڕێگەیەوە دەتوانین یارمەتی ژینگەكەمان بدەین.

ئەم كەمپینە دەبێتە هۆی گۆڕانكاریەك لەجیهاندا وە دەرئەنجامێكی دیاری دەبێت. بۆنموونە وڵاتی سنگفوور هانی هاوڵاتیانی دەدات بۆ كەمكردنەوەی ئێركۆندیشنەكانیان بەیەك پلە كەئەمەش پاشەكەوتی وزە دەكات. وەهەروەها وڵاتی ۆگاندا بەهاوڵاتیانی ڕادەگەیەنێت كەهەمیشە لەهەوڵی درەخت ناشتندا بن...هتد.

دەكرێت بزانین كاریگەری گەورەی ئەم چالاكیە لەجیهاندا چیە؟؟
- كاری كردۆتە سەر پەرلەمانی ڕوسیا بۆ ئەوەی زیاتر هۆشیاری بخەنە سەر ئاوی زەریاكان لەپیس بوون بەنەوت.
- هاوكاری دوو پرۆژەی گەورەی دووبارە دروست كردنەوەی دارستان لە ئەفریقا.
- ئیلهامی داوەتە بەر لەزیاتر لە 26شار لەوڵاتی ئەندەنوسیا بۆ بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی" بۆ كۆكردنەوەی چالاكی لەنێوان نەتەوەكاندا" وەهەروەها ناساندنی كاتژمێری زەوی وەك گەورە ترین جووڵەی ژینگەیی وڵاتەكە.
كاریگەری چالاكی كاتژمێری زەوی لەكوردستان:
- بەشداری كردنی كوردستان لەچالاكی كاتژمێری زەوی نیشاندانی ئاستی بەرزی بەرپرسیارێتی ژینگەییە لەكوردستان بۆ گەلانی جیهان، وەدانانی ناوی كوردستانە لەگەڵ ناوی وڵاتانی بەشدار.

ڕێكخراوی سروشتی كوردستان 


ئه‌م بابه‌ته 2866 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:59:16/03/2016