" كیمیاباران ساڵیادی كارەساتێكی لەبیرنەكراو"

" كیمیاباران ساڵیادی كارەساتێكی لەبیرنەكراو"


خەڵك- ئامەد حەسەن

ئەمڕۆ 16ی ئاداری 2016 ساڵیادی 28 ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەیە لە لایەن فڕۆكەكانی ڕژێمی پێشوی عێراقەوە.

كیمیابارانكردنی هەڵەبجە
لە(16/3/1988) لە كۆتایی شەڕی خوێناوی عێراق و ئێراندا، كاتێ سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە كوردییەكان هاتنە نێو شاری هەڵەبجەوە، ترسناكترین كارەسات لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویدا، كە لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا ئەنجامدرابێت. ئەو شارە بەفەرمانی عەلی حەسەن مەجید یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەو كاتی سوپای عێراق بەچەند فڕۆكەیەكی سەربازی لە كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ ئەنجامدرا.

بەوهۆیەوە نزیكەی (5000) هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج شەهیدبون، نزیكەی(10000) كەس بریندار و (70000)ی تریش ئاوارە بوون. ژینگەی هەڵەبجەو ناوچەكەش بەهۆی كاریگەری كیمیابارانەكە پیس بوو، دواتر بەدوای خۆیدا چەندین كاریگەری بۆ رۆڵەكانی داهاتووی جێهێشت لەوانە نەخۆشی نەزۆكی و كوێربوون و جەستەیی و دەروونی و دابڕان لە خێزان و شیرازەی خێزانە رزگاربووەكانیشی شێواند.

پارێزگای هەڵەبجە
رۆژی ١٣ ئاداری ٢٠١٤ لەلایەن ‌‌‌حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمیی شاری هەڵەبجە كرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان.

هەڵەبجە، ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەكێك لە شارە گەورە و گرنگەكانی كوردستانی باشوور دەژمێردرێت. دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی ٤٦ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی ٣٥-٣٦ پلەی باكوور و ٨٣ كم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە. 

ڕووبەرەكەی ١٥٩٩ كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %٣٩,٩ ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێك دەهێنا. تێكڕای باران بارین لەساڵدا ٥٥٠ ملیمەترە، واتە بە ناوچەی مسۆگەری باران ناودەبرێ. لە باكووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاكانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوە. بەدرێژایی ٧٥ كیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. دەشتی شارەزوور كە بە یەكێك لە دەشتە بەپیت و ناودارەكانی جیھان دەناسرێت، بەشێكی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێكھێناوە. دەشتی شارەزوور بە ڕۆژئاوای شاری ھەڵەبجە دەست پێ دەكات و لە ڕۆژھەڵاتی ناحیەی سورداش كۆتایی دێت، درێژییەكەی نزیكەی ١٠٠كم دەبێت. ئەم دەشتە بژێوی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكەی پێكھێناوە.

پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بازرگانی و جوگرافی ھەیە لەگەڵ شارەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان، وەكو شارەكانی نەوسوود، پاوە، باینگان، مەریوان. شوێنەوارە بەناوبەنگەكانی ناوشاری ھەڵەبجە و دەوروبەری: باخی میر، قەیسەری حامید بەگ، مزگەوتی پاشا، مزگەوتی جامعە، مەرقەدی پیر محەمەد، كارێزی حاجی ناجی، ئاشتی مەحمودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشك، كانی شێخ، گوڵان، كانی حەمەو غان، كانی سۆفی خدر، كۆڵە بۆز، مۆردانە، كانی نواڵە، كانی زارا.

 مێژووی ھەڵەبجە
بە پێی سەرچاوە مێژووییەكانھەڵەبجەی ئێستا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانیەكاندا دروستكراوە، یەكڕابوونێك لەوەدا ھەیە كە ھەڵەبجە دوای ساڵی (١٧٠٠) ز دروستكراوە. عەشیرەتی جاف دروستكەر و بنیاتنەری ھەڵەبجەن. وردە وردە ئەم شوێنەی ھەڵەبجە بە ھۆی ناوداری شوێنەكەیەوە كە دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا، زیاتر ئاوەدان بۆتەوە و تەنیا (خێلەكانی جاف)ی تێدابووە كە زیاتر لە (١٢) ھەزار خێزان دەبن، ناوەندی ئاوەدانی شارەزوور بووە، پاشان خەڵكی تر ھاتوون و پاڵیان داوە بە ھۆزەكانی جافەوە و زیاتر ئاوەدان بۆتەوە.

عەشیرەتی جاف لە ناوچەی جوانڕۆ سەریان بۆ كەس دانەنەواندووە، پاشان میرێكی ئەردەڵان تەماع دەكاتە ئاو و زەوی و زارە بەپیتەكانی ناوچەكە و دەیەوێ بە تۆپزی بۆ ژێر ڕكێفی خۆیان بخات، ئەوانیش ملی بۆ كەچ ناكەن و لە ئەنجامدا جەنگێك دەقەومێت و دوو سەرۆك خێلی جاف دەكوژرێن و ئەوەی دەمێنێتەوە پاش ماوەیەك ڕووەو شارەزوور ڕوو لە میرنشینی بابانەكان دەنێن و لە ناوچەی (بانی خێڵانی) دەربەندیخان نیشتەجێ دەبن، ئەو كاتە ژمارەی جافە ھەڵھاتووەكان سەد ڕەشماڵێكە و داوا لە میرنشینی بابان دەكەن كە مافی نیشتەجێ بوون و گەرمیان و كوێستانیان بدەنێ , ئەوانیش ڕێیان پێ دەدەن. بەھۆی چەند بارودۆخێكی نالەبارەوە، وەك چەسپاندنی ھێڵەكانی سەرسنور بە شێوەیەكی قایمتر وای لە ئێلی جاف كرد بە شوێن ڕێگا چارەیەكی تردا بگەڕێن و بڕیاریان دا واز لە كۆچەرایەتی بھێنن و نیشتەجێ بن. لە ھەموو ڕویەكیشەوە گوزەران لە ھەڵەبجەدا گونجاو بوو، بۆیە بڕیاریان دا دەست بە دروستكردنی شاری ھەڵەبجە بكەن. 

ژمارەیەكی زۆر سەرچاوە و مێژوونوس لەوەدا یەكدەگرنەوە كە بە ھەزاران ساڵ پێش زایین بوونی ژیان و قەڵەمڕەوی بچوك و گەورە، كوردی و بێگانە، لەم ناوچەیەدا ھەبوون، وەك (ئاشوریەكان، بیشداییەكان، میدییەكان، ھەخامەییەكان، ئەسكەندەر لە سەدەی چواری پێش زایین، ئەشكانی، ساسانیەكان، ھاتنی ئیسلام (٢١ ی ك. ٦٤٣ ز)، روادییەكان، سلجوقییەكان، ئەتابەكەكان، ئەییوبی، مەغۆلی، جەلائیری مەڕەسپی، تەیموری لەنگ (١٤٠٠ ز)، ئەردەڵان و سەفەوییەكان، بابانەكان، عوسمانی، ئینگلیز، شێخ مەحمود، حكومەتی عێراق، حكومەتی كوردی (حكومەتی ھەرێمی كوردستان).

لە ساڵەكانی كۆچی جولەكە بۆ عێراق و ئێران و كوردستان، ناوچەی شارەزوور و ھەڵەبجە چەندین خێزانی جولەكە ڕووی تێدەكەن و نیشتەجێ دەبن و لە پاڵ خێڵەكانی جاف دا پەنا دەدرێن، كاروباری بازرگانی دەكەن لەو سنورەدا، بەمەش زیاتر دەبێت بە مەركەزێكی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ لەو سنورەدا.

ھەڵەبجە بازاڕێكی بازرگانی گەرمی ھەبوو شارۆچكەیەكی كورد نشینی قەرەباڵغ بوو، ژمارەی دانیشتوانی ٦٠ ھەزار كەس زیاتر بوو.

ناوچەكانی ھاوسنووری ھەریەك لەوڵاتانی ئێران و توركیا ھاوشێوەی ناوچەی ھەڵەبجەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ كام لەو ناوچانە ھاوشێوەی ھەڵەبجە نین‌و لە بواری ئەدەب‌و ھونەردا وەك ئەو خزمەتیان بە نەتەوەی كورد نەكردووە.

ڕیش سپیان‌و پیاوە دێرینەكانی شار ھەندێكیان دەڵێن، یەكەم خانوو لەھەڵەبجەدا بەگەكانی (شیوەكەڵ) دروستیان كردووەو پاشان نەوەكانیان لەوێدا نیشتەجێ دەبن، كە ئەمانیش (حەمە چاوەش) و ھەرسێ كوڕەكەی (پیرۆت‌و سڵێمان‌و عەبدوڵڵا) ئەمانیش لەگەڵ خۆیاندا بنەماڵەیەكی تر دێنن، كە ئەمانە بوون، (حەمە پیرۆت) موختاری تورك بووە، (ئەحمەدی پیرۆت) و (سڵێمان) یش ئەم منداڵانەی ھەبووە (حاجی محەمەد)، (قادر)، (حاجی فەرەج)، (ئەمین) و (عەبدوڵڵا) ش كە ئەم منداڵانەی ھەبووە (ئەوڕەحمان، ئەحمەد، مەحمود، سەعید، ئەمین، حەمە ساڵح) بەپێ‌ی ئەم بۆچوونە یەكەم بنەماڵەیەك ھەڵەبجەی دروستكردبێ ئەم ماڵانە بوون كە ئێستا لەناو خەڵكی شار بە (١٣) سیانزە ماڵە ناسراون.

ھەڵەبجە جاران دوو قەیسەری گەورەی ھەبوو (قەیسەری پاشا‌و قەیسەری حامید بەگ) كە لە ساڵی ١٩٣٤ دروستكراوە، بینا‌و سەرا‌و پۆلیسخانەی ھەڵەبجە ساڵی ١٩٣٠ دروستكراوە، یەكەم قوتابخانە ساڵی ١٩٢٥ و ساڵی ١٩٢٩ بوو بەخاوەنی نەخۆشخانە، ساڵی ١٩٤٠ ئامێری كارەبای ھەڵەبجە كەوتە گەڕ. لەساڵی ١٩٢٩ پرۆژەی ڕەسمی ئاوی ھەڵەبجە تەواو بوو، لەساڵی ١٩٢٤ تەلەگراف خانە دامەزاوە، لەناو شاری ھەڵەبجە تەنھا یەك ئۆتۆمبێل ھەبووە پێیان وتووە (لۆریەكەی عەزە) ئەم لۆرییە بە دوو ڕۆژ ئەمسەر‌و ئەوسەری دەكرد لە ھەڵەبجەوە بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٥٠.

ناوی ھەڵەبجە
دەوترێ، كابرایەك لەو شوێنەدا لەكۆنەوە بێچوە (ھەڵۆ)یەكی گرتووە بەو شێوەیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە) پاشان بووە بە ھەڵەبجە.
ھەندێكی دیكە دەڵێن، ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە بەھۆی باغ‌و بێستان‌و ئاو شیناییەوە پێیان وتووە (عەجەب جا) لە زمانی فارسیەوە وەرگیراوە، پاشان گۆڕاوە بە (ھەڵەبجە)، واتە جێیەكی سەڕسوھێنەر.

ھەندێكی دیكە دەڵێن، كابرایەك پێش ھەموو كەس ھاتووە‌و ئاوەدانی كردۆتەوە‌و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەكردن لەزمانی كوردیدا بوو بە (ھەڵۆجا) یان (ھەڵەبجە).

دەشڵێن،  ئەو ناوچەیە باغ‌و بێستانی ھەبووە‌و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە، بەھۆی گۆڕانكاری لەزمانی كوردیدا بووە بە (ھەڵەبجە).
ئەمەش هەیە، لە ساڵەكانی ١٦٠٠ تا ١٦١٥ ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدان كردۆتەوە ھەربەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە) پاشان بووە بە (ھەڵەبجە).

بەوتەی هەندێكی دیكە، كاتێك خەڵكی ناوچەی كرماشان لەڕێگەی بازرگانیەوە ڕۆیشتوون بەرەو (حەڵەب) ی سوریا بینیویانە كەوا ئاو ھەوای ئەو ناوچەیە لەھی ناوچەی ھەڵەبجە دەچێت، ئەوان ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە (حەڵەبی پچوك).

بەڵام ھەندێكی تر پێیان وایە كە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان) ەوە ھاتووە، كە میرێكی دەوڵەتی سەلجوقیەكان بووە، لەكاتی سەردانیدا بۆ كوردستان، بە ھەڵەبجەدا گوزەری كردوە‌و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا)، واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان)، مامۆستا جەمال بابان ئەم ڕایەی پەسەند كردووە.

هونەرمەند و ئەدیب و زانا و كەسایەتییەكان
مەولانا خالیدی نەقشبەندی، شێخ موحەممەد عوسمان سیراجەدینی یەكەم، شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی، مەولەوی، عەبدوڵڵا گۆران، شێخ نەجمەدین نەقشبەندی، شێخ حسامەدین نەقشبەندی، شێخ عەلادین نەقشبەندی، ئەحمەد موختار جاف، تاھیر بەگی جاف، مەلا عەبدولكەریم مودەریس، شێخ موحەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم، مەلا حەسەن قازی، شێخ حەمە ئەمین كاردۆخی، حلمی عەلی شەریف، ساڵح ھەژار، مەلا مستەفای زەڵمی، شێخ ئەمین نەقشبەندی، حەمە ئەمین ھەورامی، عوسمان ھەورامی، مەحمود یاروەیسی، عادیلە خانم، بابا ڕەسوڵی عەبابەیلێ، شێخ مستەفای موفتی، نامیق، ساڵح ھەژار، ع. ع. شەونم، ئەژی گۆران، جەفایی،‌ كاردۆخی،‌ عەزیزی فتاح،‌ مامۆستا ھیوا و حیلمی.

جوگرافیای هەڵەبجە
ھەڵەبجە بە دووری ٧٥ كم كەوتووەتە خواروی ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە و تا كاتی كیمیابارانەكە ژمارەی دانیشتوانی پتر لە ٧٠٠٠٠ كەس دەبوو ٧٢٦ م لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ڕووبەری خاكەكەی ١٥٣٢كم ئاو و ھەوای مام ناوەندییە، تەنیا چلەی زستانی ساردە و چلەی ھاوینی گەرمە و ڕۆژەكانی تری ساڵ كەش و ھەوای خۆش و لە باری ھەیە و ناوچەیەكی باراناوییە لە ساڵدا (٧٥٠)ملم بارانی لێ دەبارێت. لە چلەی زستاندا چەند جارێك بەفری لێ دەبارێت، بەڵام ئەوەندە نامێنێتەوە كە خەڵك ھەراسان بكات.

بەپێی ھەندێك شوێنەواری كۆن وا دەردەكەوێت كە ھەڵەبجە لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی ژیان بووە، بەڵام چەندین جار وێران كراوە دوا جار لە دەور و بەری ساڵی ١٦٥٠ دا ئاوەدان كراوەتەوە و ووردە وودە گەشەی كردووە و بووە بە شار. بەھۆی ئەو ئاو و ھەوا خۆش و لە بارەیەوە جگە لە خەڵكەكەی خۆی خەڵكی تریش لە ناوچە و مەڵبەندەكانی ترەوە بۆی ھاتوون و تێیدا گیرساونەتەوە، بۆیە چەندین بنەماڵەی   تێدابوو كە لە كۆنەوە دانیشتوی (قەرەاغی، پێنجوێنی، مەریوانی، بانەیی، سلێمانەیی، سنەیی، جوانڕۆیی، پاوەیی، كامیارانی، بەرزنجی) بوون. لە ساڵی ١٨٨٩دا لەگەڵ (كوەیت) دا پێكەوە دەكرێنە قەزا.

دانیشتووان
ژیانی خەڵكی ناوشاری ھەڵەبجە: دانیشتوانی ھەڵەبجە زیاتر بە كاروباری دوكانداری، بازرگانی، كشتوكاڵی، كارمەندی حكومەت، ئاژەڵداری، ئیشوكاری سەرپێی و ھاتوچۆی مەرز‌و سنورەكانی ئێران، ڕاوە ماسی بەسەر دەبەن. ھەردوو ئایینی ئیسلام، كاكەیی ئاینی سەرجەم دانیشتوانەكەی پێكھێناوە. بەپێی ئامارێك كەلە ژمارە ٢٧ ڕۆژنامەی پێشكەوتن بڵاو كراوەتەوە، سەرجەمی خەڵكی ھەڵەبجە ٦٥٠٩ كەس بووە بەم جۆرە بە سەر ڕەگەزە جیاوازەكانی شارەكەدا دابەشبووە، ٢٢٤٩/پیاو، ٢١٠٣ /ژن، ١٠٥١/كچ، ١١٠٦/كوڕ سەرجەمی خەڵكی شارەكەی پێكھێناوە. 

بەپێی سەرژمێری فەرمانگەی ئامار لە ساڵی ١٩٧٧ كە چوار گەڕەكی سەرەكی (بامۆك، پاشا، سەرای، پیر محەمەد) سەرجەمی ژمارەی دانیشتوانەكەی (٢٢٤١١) كەس بوو، ژمارەی ئەو خێزانانەی كە خەڵكی ئەو چوار گەڕەكەیان پێكھێناوە، (٣٨٥٠) خێزان بووە، واتە دانیشتوانی شارەكە ٣٧% ی سەرجەم دانیشتوانی سنوری ئیداری پارێزگاكەی پێكھێناوە. ژمارەی خانوبەرە دروستكراوە ئەھلی‌و دەوڵەتیەكان (٣٦٢٨) و لەڕووی خزمەتگوزاریە گشتیەكانەوە (١٧) خوێندنگاو (٢) نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی تیابووە، بەڵام لە ئاماری ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم دانیشتوانی سنووری ئیداری پارێزگاكە (١١٥٢٩٩) كەس بووە،ئەمەش ١٢، ١١%ی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی پێكھێناوە، واتە لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٨٨ ڕێژەی زۆربوون‌و گەشەكردنی دانیشتوان ٣، ٣% بووە. بەپێ‌ی ھەمان ئامار لەو ساڵەدا ژمارەی خانوبەرە دروستكراوە ئەھلی‌و دەوڵەتیەكانی ناو شار(٦٠٠٨) یەكە بووە، لەو ژمارەیە (٥٥٠٦) خانووە، لەڕووی خزمەتگوزاری گشتیشەوە (٦١) خوێندنگاو (٢) نەخۆشخانەو (١) بنكەی تەندروستی تێدا بووە.

دواى ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌يه‌كى فه‌رمى له‌ لايه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك چواره‌م پارێزگا ناسێنرا، په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌ پايته‌ختى ئاشتى ناساند، دواتريش پارێزگارێكى بۆ دانرا به‌پێى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان يه‌كێتى و گۆران بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى پارێزگاى سلێمانى و ئێستا عه‌بدوڵا نه‌ورۆڵى، له‌ سه‌ر گۆران پارێزگارى ئه‌و شاره‌يه‌.


ئه‌م بابه‌ته 2559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:42:16/03/2016